ھۆرە (بە کرماشانی: ھوورە) شێوازێک لە مۆسیقای کوردیە کە بێ ئامێر دەخوێندرێت.
ھۆرە تایبەت بە ناوچەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان (ناوچەکانی کرماشان و ئیلام)ە. بە بێژەری ھۆرە، «ھۆرەچڕ» یان «ھۆرەبێژ» و بەو شێوازە مۆسیقایییە «ھۆرەچڕین» دەڵێن. ھوورە زۆر بە شێوازەکانی چڕێنی دیکە لە مۆسیقای کوردی وەکوو موور، بالوورە و سیاوچەمانە نزیکە.
ھەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە وشەی ھۆرە ڕەنگە لە ئەھۆراوە گرتبێتەوە و بۆیە ئەگەری ئەوەیان پێش خستووە کە ڕەنگە ھۆرە یەکێکە لە ئاوازە کۆنەکانی سەردەمی زەردەشت بوبێت. ھاشیم سەلیمی توێژەری چاندی کوردی تەنانەت ئەو باوەرەی پێش خستووە کە تەمەنی ھۆرە بە سەردەمی ئایینی میترا دەگەیێت و لە سەرەتاوە وەکوو لاساییکردنەوەیەک لە دەنگە سرووشتییەکان بۆ پەرەستینی سرووشت خولقێندراوە. بەڵام بەھەن کازمی توێژەری مۆسیقا لە توێژینەوەی خۆی سەبارەت بە مۆسیقای کوردیدا بەم ئاکامە گەیشتووە کە گەرچە کاریگەریی مۆسیقای بەر لە ئیسلام لە مۆسیقای کوردیی ناوچەی کرماشان دیارە، بەڵام ئەو میلۆدیانە کە ئێستاکە لە مۆسیقای کوردی باون لانیزۆر بە سێ یان چوار سەدەی ڕابردوو دەگەیێن و ناتوانین بە شێوەیەکی تەواو ھی سەردەمی بەر لە ئیسلامیان بزانین. کازمی دەڵێت لە توێژینەوەیەک کە لەسەر مۆسیقای زەردەشتییەکن کردووە کاریگەرییەک لە وەھا مۆسیقایەک لەنێویدا نەبینیوە و بۆیە دەڵێت یەکسان زانینی ھۆرە لەگەڵ مۆسیقای زەردەشتی و ئەھۆراخوانی ھەر بەتەنیا ئاوات و مەیلی ئەو نووسەرانە بۆ گەیشتن بە ڕیشەیەکی کۆن و دڵخوازی خۆیان پێشان دەدات و نیشاندەری ڕاستییەکەی مۆسیقای ھۆرە نییە. بەڵام ھاوکات دەڵێت ھۆرە وەکوو ھەندێک شێوازی دیکەی مۆسیقای کوردی وەکوو موور، گۆرانی، بەیت و ... و ھەندێک ئامێر وەکوو سوڕنا پاشماوەی مۆسیقای سەردەمی کۆن بە ئەژمار دێت و کۆن بوونی ئەو شێوازە مۆسیقاییە ڕەت ناکاتەوە.
ھەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بە بەزم یان مەقامی ھۆرە کردووە کە بریتین لە: دوو دەنگی، پاوەمووری، بانبنەیی، ئەرکەوازیچڕ، سەحەری، سەرسواریچڕ.
بەھەن کازمی توێژەری مۆسیقا ئاماژە بە ٢٢ بەزمی ھۆرە دەکات کە لە لایەن ئیبراھیم حوسێنیەوە کۆکرابوون و لەلای چڕێندراوە: گوڵ وە خاک، گلوەدەرە، باندەسانی، شاحوسێنی، سەحەری، جلەوشایی، تەرز مەجنوونی، باریە، دووباڵا، غەریوی (خەریوی)، بانبنیچڕ، پاوەمووری، سەرکێویچڕ، سارووخانی، نەکیسا، باربەد، مەجنوونی، بەیچڕ، لاچڕ، ئەرکەوازیچڕ، موورچڕ.
مامۆستاکانی گەورەی ئاوازی ھۆرە کەسانێگ وەکوو سەید قوڵی کشاوەرز، عەلینەزەر مەنووچێھری، داراخان، ئیبراھیم حوسێنی، ئەولعەزیز حەیدەری، نەسوور ڕەزایی، عەلی کەرەمینەژاد، ئێڵخان ئەرکەوازی، عەبدەسەمەد عەبدیپوور، بەسات ئووزمانەن، ئیکرام مامەدبەگی.
بەھەن کازمی توێژەری مۆسیقا دەڵێت ھۆرە زۆرتر شێوەی خوێندنەوەی چیرۆکەکانی دڵداری یان دەستانی و حیماسە بووە و ئاماژە بەوە دەکات کە دەستانەکانێک وەکوو ڕووسەم و زۆراو، شەڕی نادرشا لەگەڵ کۆپاڵ پاشای تورک و شەڕەکانی دژ بە عوسمانییەکان بە شێوەی ھۆرە دەخوێندراونەتەوە. بەڵام ھاوکات ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ناوچەی ئیلام ھۆرە زۆرتر بۆ وەسفی خەم و پەژارەکانی بێژەرەکە بە کار ھاتووە. لە ناوچەی سونقور و کولیایی ھۆرە بە شێوەیەلی خەمینانە بۆ خەمی غەریبی یان دوور کەوتن لە دڵدار دەچڕێتەوە. ھۆرە ھەروەھا لە کاتی کار کردن و پالەکردنی کشتوکاڵیش دەچڕێتەوە و جۆرێک مۆسیقای کاریش بە ئەژمار دێت.
ھۆرەی خەریویچڕ بەزمێک لە ھۆرەیە کە کەسانێک کە لە غەریبیدان دەیچڕینەوە و شیعرەکانی بریتی لە وەسفی غەریبییە و شێوازی چڕینیش بەھۆی ناوەڕۆکە خەمبارانەکەی لە شێوازەکان و بەزمەکانی دیکە ھێواشترە و بە ھێورییەوە دەچڕێندرێت.
ھۆرە مۆسیقایەک لەبنەمای فۆنێمە کە ڕیتم لەتێدا ئازادە و لە شیعری بڕگەیی لە نێویدا کەڵک وەردەگیرێتەوە، بەڵام ھەندێک جار شێوازی شیعری بڕگەییش جێبەجێ ناکرێت و تەنانەت ھەندێک جار بەجیاتی شیعر، ڕستە یان پەخشانێکی زۆر کورت دەچڕێندرێتەوە. چڕینی ھۆرە لە ناخی گەروو بەشێوەیەکی دابڕدابڕ و پڕ لە وردەکارییەکانی دەنگ جێبەجێ دەکرێت. تایبەتمەندیی دیکەی ئەوەیە لە بێ ئامێر دەچڕێندرێتەوە. نیعمەت زەحمەتکیش توێژەری چاندی کوردی دەڵێت ھۆرە لەگەڵ ئامێری تەموورە دەچڕێندرێت و ئەو تانیا ئامێرێکە کە دەتوانێت ھاوڕێی چڕێنی ھۆرە ببێتەوە.
بەھەن کازمی توێژەری مۆسیقا دەڵێت لاسایی کردن لە دەنگی باڵندەکان کاریگەریی لەسەر شێوازی چڕینی ھۆرە بووە. ئەو ئاماژە دەکات کە لە ھۆرەیەک کە لە ناوچەی شێروان و چەرداوڵ لە پارێزگای ئیلام زەبت کردوویەتی، بێژەرەکە لەژێر کاریگەریی سرووشتی ژینگەی خۆی لاسایی لە دەنگی شاقەشاقی کەو کردووە و گوێگرانیش بۆ وەسف کردنی شێوازی چڕینی بێژەرە وتوویانە وەکوو کەو دەچڕێتەوە.
شێوازێک لە چڕینەوەی ھۆرە ھەیە کە دوو بێژەر بە نەوبە شیعرەکان دەچڕێنەوە و دوودەنگیی پێ دەڵێن.
ھەندێک لە ھۆرەچڕەکان خاوەنی شێوازی تایبەت بەخۆیانن کە بە ناوی خۆیان دەناسرێتەوە. بەسبار شێوازی چڕینی عەلینەزەر مەنووچێھری بە عەلینەزەرچڕ یان شێوازی ئیبراھیم حوسێنی بە برەیچڕ ناسراوە.
ھۆرە تایبەت بە کوردەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و ھەروەھا ناوچەکانیی خانەقین، مەنەلی، گەرمیان و دەڤەری ڕۆباری سیروان لە باشووری کوردستانە. لە پارێزگای کرماشان ھۆرە لە شار و گوندەکانی ناوچەکانی ئارووناوا، سەرپیەڵ، قەسر شیرین، سۆمار، گیەڵان، کرن، گاوارە و داڵاھوو باوە. لە پارێزگای ئیلام ھۆرە لە شای ئیلام، ناوچەی ئەیوان و شیروان و چەرداوڵ و ھەروەھا ناوچەکانی خزڵ و ئەرکەوازی دەچڕێندرێتەوە.
چەومەس، ئەبروو مەس، مەسانی مل مەس
دڵ وەلیت بنەم، دووس ئەڕام فرەس
ھەر لە گوڵِ سوو تا وە نسمِ شەو
من لە فکرِ لەیل، لەیل لە فکرِ خەو
نەکاغەز دیرِم، نە قەڵەم دەوات
عەرزەی دڵەکەم بنویسم وە لات
ئەر توای بگری دەستت قوڵفِ کاوە
چەترەکەت لە بان گووناکەت لاوە
ساتی سەبر کە، وەماڵەو نەچوو
گیانم وە قوربان بەرزی بالآت بوو
ترویسکەی ئاگر، سیاماڵِ نوو
گڕگڕ مەگڕی لە دامانِ کوو
داوِد بڕمنی چوار دیوار لە بیخ
سیاماڵ خوەشە، تەمەننای سەرچیخ
لە پەنج دەریەکە زوڵف مەکەی شانە
من کردگە وە سەنگ قاپی دەرانە
لە دو دەریەکە سەر بارە وەدەر
خوەت ھەر ئاغا بە و منیچ وە نەوکەر
پیری پیرم کرد، لە گەل مامەوە
خوەشی ڕووزگاران، یەک یەک دامەوە
پیری پیرم کرد، نەمەندەن باوم
ئەسرین سەر کردگە لە ھەردک چاوم
ئەی وەیانەمان، دووس وەیانەمان
لەی غەریبی یە، خەم سزانەمان
من غەریبیکم، دویر لە میلکانم
ھەر شەو یە خەمی بووتە میوانم
خەم خورد و خەم خاو، خەم بی وەبەرگم
خەم بی وە نەشتەر داپاچی جەرگم
یە ئەڕا منیگە ڕێوارێگم، ڕێم کەفتە زەیۊە
یە مەگەر غەریو دە پەڕ ئیلامیش نەیۊە
بەنەی مسەڵمان سڵامەگەی دین پاک
یە لاشەی غەریوە بسپارن وە خاک
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ھۆرە, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.