حاجی هاشمی نانەوازادەگان،گۆرانیبێژ و شاعیرێکی غەریب و عاشقێکی دڵسووتاو بوو.
له ساڵی ١٩٢٨دا له شاری مەهاباد له دایک بووه.
حاجی هاشمی نانەوازادەگان | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٢٨ |
مەرگ | ١٩٩٤ |
نەتەوە | کورد |
پیشە | شاعیر، گۆرانیبێژ |
ئایین | ئیسلام ، سوننی |
سایەی میرزا ساڵحی باوکی زۆر لە سەر نەمایەوە و هەر زوو قورسایی ژیان و جەور و جەفای زەمانەی کەوتە سەر شان. بەڵام سەرەڕای گشت ئەمانە، دڵێکی ناسک و پڕ لە ئەوین و جوانیی هەبوو کە وەک کانیاوێک عیشق و خۆشەویستی لێ هەڵدەقوڵی.
لە کاتێکدا کە مێرمنداڵێک پتر نەبوو، گیرۆدەی عیشقی ئامۆزایەکی خۆی بوو. غیرەتی پیاوانە و تەوژمی ئەوینی ئاگراوی وای لێکرد بە ئاشکرا بەردەرکی ماڵی خۆشەویستەکەی بگرێ و داوای دۆتمام بکا. بەڵام لەبەر بێکەسی و هەژاری و دەستەنگی، بە تەوس و تانە هەموو جار دەریاندەکرد و بە گەمە لێیان دەڕوانی. ئەو بە بیری تازە پێگەیشتوو و ساوای خۆی، شەو دادەنیشت و لەگەڵ شۆڵەی لەرزۆکی شەم دەدوا. وتەکانی شێعر بوون، شێعرەکانی دەخستنە نێو قالبی ئاوازێکی حەزین و غەماوی و بۆ سبەینێڕا بە گوێی هاوڕێ و ئاواڵی نزیکی خۆی، "محەممەدی ماملێ"ی دەسریواند و دەیکردە گۆرانییەکی جاویدانی کە هەر زوو بە گشت کوردستاندا بڵاو دەبۆوە، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بزانێ ئەم گۆرانییە هی کێیە! لە چ سەرچاوەیەک هەڵقوڵیوە و لە چ کارەساتێکی دڵتەزێن دەدوێ!
دایکی دەیگێڕاوە: شەوێک بە پڕتاو دەیەویست لە ماڵێ وەدەرکەوێ، پێشم گرت. قوڕئانێک و خەنجەرێکی لە باوەشدا بوو. کە دواندم لێی تێگەیشتم بڕیاری وایە بەم شەوە بچێتە سەر مامی. خەنجەری لە سەر سینگ ڕاگرێ و قوڕئانی لە بن سەر دابنێ و پێی بڵێ یا ئەوەیە دەتکوژم، یا بەم قوڕئانە سوێند بخۆ "شازدە"م بدەیتێ.
ئەم کارانەی هاشمی عاشق وای لە مامی کرد کە بە شەوی تاریک کچەکەی لە خزمێکی خۆی مارە بکا و کوتوپڕ بیگوێزێتەوە.
هاشمی دڵشکاو کە لە گەیشتن بە خۆشەویستەکەی نائومێد بوو، جارێکی تر لزگەیەک لە دڵتەزێنترین گۆرانییەکانی کوردی بە دەنگی زۆڵاڵی محەممەدی ماملێ بە گشت کوردستاندا بڵاوکردەوە کە ئێستاش پاشی پەنجا ساڵ، تین و سۆزی خۆیان لە دەست نەداوە و هەستی بیسەر دەبزوێنن.
دڵی شەیدا و بێقەراری هاشم بەم شکانە تێکنەشکا. پاشی ماوەیەک کەوتە داوی ئەوینی کیژۆڵەیەکی باڵابەرز، چاوکاڵ و ئاشقکوژی تر بە ناوی کوبڕا. بەڵام سەرەڕای خۆشویستنێکی دوو لایی لە مابەینی هاشم و کوبڕادا، چارەنووس وابوو ئەمجارەش بە دڵشکاوی و نائومێدی بکەوێتە گێژاوی غەم و خەفەت. بەرهەمی ئەم دەورەش ملوانکێکی ڕەنگینی گۆرانی و ئاوازی کوردی بوو کە جگە لە شاری بچکۆلە و خنجیلانەی سابڵاغی ئەو سەردەم، لە دەرەوە کەس نەیزانی دانەری ئەم شێعر و ئاوازانە کێیە و چ بەسەرهاتێکی غەماوی هەیە و ئەم وشانە لە چ دڵێکەوە هەڵقوڵیون!
هاشم بە چەشنێکی نەویستە و چارەنووسێکی هەروایی ژنی هێنا و ماڵی پێکەوەنا. کات فڕی و زەمانە تێپەڕی. سێ منداڵی هەبوون کە کۆتری ئەوینی هەروا شەیدا و بێهێلان دەسووڕایەوە؛ بەڵام ئەمجار بۆ دوایین جار گیرۆدەی عیشقی کەژاڵ بوو؛ کچە کوردێکی نەشمیلی سابڵاغی، شێوەتەرزێکی نەونەمام، کە وەکی ئاسکێکی سڵ، بیری ورووژاندبوو و خەیاڵی ئەوی بە تەواوی وەحشی کردبوو. کەژاڵیش ڕوحی لە دەوری ئەو دەگەڕا و دڵی نابووە پێناوی عیشقی یارە دڵسووتاوەکەی. بە ڕواڵەت چ لەمپەرێک نەمابوو، کەچی دایکی و نزیکانی خۆی لێی چوونە بن باوکی کەژاڵ و داوایان لێکرد دان بەم کارە دانەنێ و لێگەڕێ هاشم لە سەر ژیان و ژن و منداڵی خۆی دابمەزرێ. باوکی کەژاڵ بە ناچاری کچەکەی خستە کێژاوی چارەنووسێکی نادیار و بە زۆر هەڵیداشتە شاری تەورێز و لە خزمێکی خۆی مارە کرد تاکوو ئەم ئاگرە دابمرکێنێ و کۆتایی بەم تراژدییە بێنێ.
ئەو ڕۆژەی کە کەژاڵ قەرار بوو بۆ هەمیشە کۆچ بکا و هەموو شتێک کۆتایی پێبێ، هاشم دەستی دابووە خەنجەر و بڕیاری وابوو تارای بووک بە خوێنی خۆی بڕازێنێتەوە و کۆچێکی سوور وەڕێبخا. بۆ ماوەیەک پێشی ئەو کارەی گرت و دیسان لزگە و بەرمووری ڕیزە گۆرانییەک بە کوردستاندا بڵاو بووەوە کە جگە لە شاری سابڵاغ، لە هیچ کوێیەک نەیاندەزانی ئەم گۆرانی و دەیان گۆرانی تر مانایان چییە و کێ ڕێکی خستوون کە دەڵێ:
من عاشقم وێڵ و شەیدا
بۆ سوورە گوڵ دەو باغەیدا
ئەی سایە لار، ئەی گوێ بە گوار!
دەمرم لە بەر کۆچی دوورت
خوێنی منە کۆچی سوورت، کۆچی سوورت...
یەک دوو ساڵ بەر لە مردنی، کەژاڵ کە پیرەژنێکی تێکشکاو و لەپێکەوتوو بوو، بە بیانووی کڕینی کووتاڵ لە دووکانەکەی وەژوور دەکەوێ و مەزندەی ئەم پارچە و ئەو پارچەی لێ دەپرسێ. هاشم وەکی مشتەرییەک لێی دەڕوانێ و تاریفی پارچەکانی بۆ دەکا و لە مەزندەکانیان دەدوێ. کەژاڵ کە هەست بەوە دەکا هاشم وەکی بیانییەک لێی دەڕوانێ و نایناسێتەوە، پێی دەڵێ: حاجیئاغا نامناسی؟!
ئەویش دەڵێ: بە خودای پێم وا نییە بە خزمەتت گەیشتبم!
پێی دەڵێ: ئەمن کەژاڵم!
حاجی هاشم دەستی شل دەبێتەوە و لە سەر جێگەی خۆی دادەنیشێ و کەژاڵ وەدەردەکەوێ. پاشی نزیک بە چل ساڵ، ئەوە دوایین یەکتر بینینی هاشم و کەژاڵ دەبێ، بەڵام چ بینینێکی غەماوی و دڵتەزێن!
حاجی هاشمی نانەوازادەگان سەرەڕای ئەم بەسەرهاتە بە سۆزە، تەنانەت لە شاری خۆی نێوێکی نائاشنا و شاعیرێکی غەریب بوو. لە بێدەنگی و گومناویدا ژیا. پاشی مردنی کە چاوم بە نووسراوە و شوێنەوارەکانیدا گێڕا، تازە زانیم خاوەنی پتر لە ١٥٠ گۆرانییە کە چ لە ڕوانگەی ئاواز و دانان، چ لە ڕوانگەی شێعر و سۆزەوە لووتکەی گۆرانیی کوردییان تەرخان کردووە و مەشهووری دوورترین شوێنەکانی کوردستانن، بەبێ ئەوەی هیچکەس خاوەنەکەیان بناسێ یا تەنانەت ناوی بیستبێ. ئەوەتا چەند جار گۆرانییەکانی محەممەدی ماملێ و حەسەن زیرەک چاپ و بڵاوکرانەوە، بەبێ ئەوەی ناوێک لە حاجی هاشم لە ئارادا بێ.
شێعرەکان ئەوەندە ڕێک و ڕەوان و لە سەر زاران خۆشن کە تەنانەت لە شارەزایان کەم کەس هەیە بە فولکلۆریان دانەنێ و پێی وابێ خاوەنێکی سەربەخۆیان هەیە.
ئایا تۆ خۆشت تا ئێستا ئەمانەت هەر بە فولکلۆر نەزانیون؟ :
ئەوڕۆ یاری نازەنین چووە سەیرانێ
قەولی داوە بێتەوە، دێتە ژوانێ
شەرتە سوێندی بۆ دەخۆم بە قوڕئانێ
قەولە یارێ هەڵگرم، تێر دە باوەشی گرم
یاری شۆخ و نازەنین، یاری مەهـ جەبین...
++++
ئەی بولبولی دڵغەمگین، یار یار یار یار
تێر تێر با بۆ یەک بگرین، یار یار یار یار
یاری جوانم، یار یار یار
من بۆ دڵ و تۆ بۆ گوڵ بچریکێنین
هەردووکمان شەیداین بۆ گوڵ، دڵ بە خوێنین...
هەرچەند حاجی هاشم لە گومناویدا ژیا، بەڵام هونەرمەندان ژیانیان لە دوای مەرگ دەستپێدەکا. ئەو بە بەجێهێشتنی گەنجینەیەک لە ئاواز و گۆرانی و شێعر و نووسراوە و لێکۆڵینەوە، ناوی خۆی جاویدانە کرد.
ئەوین بە پێی سەردەم و تەمەن قالب دەگۆڕێ، بەڵام لە هەر شێواز و ڕواڵەتێکدا بێ، هەر ئەوینە. کە حاجی هاشم پلەی تەمەنی بەرەو ژوور چوو، ئەوینەکەی لە قالبی عیرفاندا خۆی نواند:
هەزاران قارەمانی وەک سیامەند | کە ئایەت بوو لە بۆ سەنعاتی خواوەند | |
کچی ئەفراسیاب، خانم مەنیژە | کە ئاشقی بیژەنە ئەو ناسکە کیژە | |
هەزاران عاشقی وەک شیرن و فەرهاد | کە جوان هەڵکەوتبوون وەک داری شمشاد | |
هەزاران سۆفی وەک شاهی نەقشبەند | کە فانی بوون لەگەڵ عیشقی خوداوەند | |
هەزاران ئەنبیا و خاسانی ڕێی حەق | کە تێکەڵ بوون بە عیشقی زاتی موتڵەق | |
ئەوانە نامرن هەر جاویدانن | ئەوانە ئایەتی سیڕڕی نیهانن... |
سەردەمێک لە ژیانی حاجی هاشم بە ڕاو و شکار، سەردەمێک بە تەبعید و دوورخرانەوەی بۆ شاری دامغان و سەردەمی دواییشی بە شاخەوانییەوە بهووری. بەڵام سەردەمی ئەوین و دڵدارییەکەی لە هەوەڵ تا ئاخری ژیانی تەرخان کرد.
لیستەی گەنجینەی بەرهەمەکانی حاجی هاشم ئەمانەن:
ڕۆژی هەینی، کاتژمێر پێنج و نیوی ئێوارەی ١٦ی بەفرانباری ١٣٧٣(٦ی ژانوییەی ١٩٩٤) دڵی لە کوتان کەوت.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article ھاشم نانەوازادەگان, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.