گۆڕەشار ڕۆمانێکی کوردی و شەشەمین بەرھەمی سەید قادر ھیدایەتییە، کە ساڵی ٢٠٢٠ و لە جەرگەی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەلایەن چاپەمەنیی خانییەوە بڵاو کرایەوە.
نووسەر | سەید قادر ھیدایەتی |
---|---|
دانەری بەرگ | ئەسرین کاکی |
وڵات | کوردستان |
زمان | کوردیی ناوەندی |
بابەت | ڕۆمان |
بڵاوبوونەوە | ٢٠٢٠ |
بڵاوکەرەوە | چاپەمەنیی خانی |
جۆری کتێب | چاپ |
لاپەڕەکان | ٢٠٨ |
ئازاد جگە لەوەیکە گورچیلەکانی لەکار کەوتوون و تا ئەوکاتەی گورچیلەی نوێی دەست دەکەوێت، دەبێت هەفتەی چەند کەڕەت دیالیز بکرێت، لە دەرەوەی ماڵ زمانیش دەگرێت و ناتوانێت بە جوانی قسان بکات؛ بەڵام بەردەوام لە مێشکی خۆیدا لەگەڵ ماریا قسان دەکات و ژیانی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە تاوەکوو ببێتە کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمانەکەی کە ناوی گۆڕەشارە.
تایبەتمەندیی گۆڕەشار بە پێچەوانەی ڕۆمانەکانی تری نووسەر، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش نییە، بەڵکوو شێوەگێڕانەوەکەیەتی کە دۆخێکی پێ بەرجەستە کراوە، ھەر بۆیەش بە ڕۆمانێکی «دۆختەوەر» پێناسە دەکرێت؛ دەقی گۆڕەشار لەسەر مەنەلۆگ ڕۆ نراوە و لە ڕوانگەی یەکەم کەسی تاکەوە دەگێڕدرێتەوە، ڕستەکانی کورت و پچرپچڕ و ناڕێکن؛ زمانەکەی کوردییەکی پاراوە و لە ھەندێک شوێن بەپێی پێویست بن زاراوەی موکریانی تێدا بەکار ھاتووە؛ خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا بەردەوام چالاکە، دەبێت دەنگەکان لێک جیا بکاتەوە و ھاوکات ھۆشی بەسەر گۆشەنیگاکانەوە بێت و بزانێت ئەم قسەیە ھی کام کاراکتەرە و وێناشی بکات، چون نە کەسایەتییەکان ناسێنراون و نە ڕاستەوخۆ ڕوون کراوەتەوە ئەوە کێیە دەپەیڤێت.
وەک ڕۆمانێکی مۆدێرن، گۆڕەشار دەروەستی کاتێکی تایبەت نییە، بەڵکوو گێڕانەوەکە لە مابەینی ئێستا و ڕابردوودایە، ھەڵبەت ئەو تایبەتمەندییەش وەک ئاخافتنەکان تێکەڵە و خوێنەر دەبێت خۆی لێکی داتەوە ڕۆمانەکە لەو کاتەدا، لە چ زەمانێکدا سەیر دەکات؛ ھەروەھا وەکوو تایبەتمەندییەکی دیکەی ڕۆمانی مۆدێرن، لە گۆڕەشاردا گێڕانەوەکان زەینین و لەناو مێشکی کەسایەتیی ئازاددا وەدی دێن.
ڕۆمانەکە خاوەن ڕەھەندی سیاسییە و باسی دۆخی ھەر چوارپارچەی کوردستان و ئێرانیشی تێدا کراوە و بەتایبەتی جەختی کردووەتە سەر پێڕاگەیشتی دەسەڵات و گوزەرانی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە قاڵبی چەمکی تەندروستیدا؛ نووسەر بۆ ئەم مەبەستە، لە ھەندێک شوێن کەڵکی لە «وڕێنە» وەرگرتووە.
گوتی چی ئەو ژنەتیوە؟ نازانم گوتی بایدیمیر چی؟ گوتی بەڕێز بایدیمیر نازانم کوردستان چییە یان نازانم گوتی کوردستان لەکوێیە؟ شتێکی وای گوت. ئەوەتا. ئەوەتا. ئەوەتا لێرەدایە. لە دڵمدا. ھەزاران جاری دیکەش چاوی لێ بکەمەوە، نازانم بۆ وایە، ھەر چاوی لێ دەکەمەوە لەو ویدۆیە. ئەو ژنەتیوە گوتی نازانم لە خەریتە و نەخشە و گووی تۆ بە ھەموو نەخشە و نازانم چییەکانی دنیا خانم. ڕۆڵە ئازاد ئەو ویدۆیە زوو بسڕەوە، باش نییە. سڕیومەتەوە ئاغا. بەڵام ھەر ناسڕدرێتەوە نازانم بۆ وایە.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article گۆڕەشار, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.