پەردەی کچێنی (بە ئینگلیزی: Hymen) پارچەیەکی تەنکی لینجەپەردەیە کە ھەموو یان بەشێکی دەرچەی زێ لە کۆئەندامی زاوزێی ژن دادەپۆشێت، ئەستوورییەکەی نزیکی ١ میلیمەترە.
لە تەمەنی مناڵیدا، پەردەی کچێنی بە زۆر شێوە دەردەکەوێت، بەڵام باوترینیان شێوەی مانگیلەییە، لەکاتی باڵقبوون و لە تەمەنی ھەرزەکاریدا ھۆڕمۆنی ئێسترۆجین دەبێتە ھۆی گۆڕانی شیوەی پەردەی کچێنی و ھەروەھا جیڕ و لاستیکی دەبێت. لەدوای باڵقبوون پەردەی کچێنی چەندین شێوەی جیاوازی ئاسایی ھەیە لە کەسێک بۆ کەسێکی دی جیاوازە، کە ھەیە تەنکە و توانایی کشانی ھەیە، ھەشە ئەستوورتر و ھەندێک جاریش ڕەق.
بەشێوەیەکی گشتی پەردەی کچێنی لە یەکەم سێکسدا (کە ئەندامی زاوزێی نێرینە و مێینە بەیەک دەگەن) لادەچێت یان دەدڕێت، و ھەروەھا لەگەڵیدا ئازار و کەمێک خوێن بەربوونی کاتی دەبێت یان ھەر پەڵەیەکی خوێنی بچووک دەبینرێت. ھەرچەندە سەرچاوەکان جیاوازن لەوەی کە خوێنبینین و دڕانی پەردەی کچێنی لە دوای یەکەم سێکس ڕێژەی چەنێکە و ئەگوترێت ڕەنگە ھەر خوێن نەبینرێت.
لە ڕاستیدا ناتوانرێت پشت بە حاڵی (ھەبوونی) پەردەی کچێنی ببەسترێت بۆ سەلماندنی پاکیزەیی، واتە ئەگونجێت لە ھەندێک حاڵەتدا، پەیوەندی سێکسی ئەنجام درابێت و پەردەکەش لانەچووبێت، یاخود بە پێچەوانەوە پەردەکە بە ھۆیەکی دوور لە سێکس لاچووبێت. ھەرچەندە لە ھەندێک کلتووردا ھێشتا پشتی پێ دەبەسترێت، و پشکنینی پەردەی کچێنی بۆ دەکرێت لەلایەن پزیشکانی دادوەری. پەردەی کچێنی لەتواناییدایە بەرگەی ھەندێک زەبری بچووک بگرێت و نەدڕێت یاخود چاک ببێتەوە لە ھەندێک حاڵەتدا ئەگەر برینەکە زۆر بچووک بێت ئەوا نیشانەشی دیار نامێنێت.
گەشەکردن و دروستبوونی کۆئەندامی زاوزێ لە دروستبوونی کۆرپەلەدا (ئاوڵەمە دروستبوون) لە ماوەی سێیەم ھەفتە ھەتا دووەم سێ مانگیی سکپڕیی (١٣ بۆ ٢٨ ھەفتە) گەشە دەکات، پەردەی کچێنی لە پاش دروستبوونی زێ دروست دەبێت. لە ھەفتەی حەوتەمدا، دیوارەناوەندی میزەڕۆ و کۆم دروست دەبێت و کۆم لە کەلێنی میزوزاوزێیی urogenital sinus (بەشێکە تەنھا لە ماوەی دروستبوونی کۆرپەلەدا ھەیە و لە کەسانی تەندروستدا دواتر نامێنێت و چەندین ئەندام و ڕێرەوی گرنگ لە کۆئەندامی زاوزێی نێر و مێدا لێرەوە دروست دەبێت) جیادەکاتەوە. لە ھەفتەی نۆیەمدا، جووتە جۆگەی کەناڵی موولەر دەڕۆن بەرەو خوار و دەگەنە لای کەلێنی میزوزاوزێیی، کەناڵی مناڵدانەزێیی uterovaginal canal پێک دەھێنێت و ئەویش دەلکێت بە کەلێنی میزوزاوزێیەوە. لە ھەفتەی دوازدەدا جووتە جۆگەی کەناڵی موولەر یەک دەگرن و دەبێت بە یەک جۆگە و کەناڵی سەرەتایی مناڵدانەزێیی primitive uterovaginal canal یان uterovaginal primordium دروست دەکەن. لە مانگی پێنجەمدا، کەناڵی زێ ڕێڕەوەکەی تەواو دروست دەبێت و پەردەی کچێنیش لە زۆربوونی سەلکەکەلێنی زێ sinovaginal bulbs (لەو جێگەیە کە کەناڵی موولەر و کەلێنی میزوزاوزێ بەیەک دەگەن) دروست بووە، وە پەردەکە بە شێوەیەکی ئاسایی لەپێش لەدایکبوون یان ماوەیەکی کەم پاش لەدایکبوون کونێکی کراوەی تێدا دروست دەبێت (کە دواتر بۆ بەتاڵ کردنەوەی زێ لە خوێنی سووڕی مانگانە و چەند سوودێکی تر بەکار دێت). پەردەی کچێنی پاش لەدایکبوون لە مناڵی ساوادا ھێشتا لەژێر کاریگەری ھۆرمۆنی دایکیدایە، شیوەکەی کەمێک ئەستوور و ڕەنگی پەمەیی کاڵە، کەمێک گەورەیە بە شێوەیەک لۆچ دەبێت و ڕەنگە بێتە پێشتریش بەرەو ڕووی دەرەوە. یەکەم دوو تا چوار ساڵی ژیان، دەردانی ھەندێک ھۆڕمۆن لەلایەن مناڵەکە خۆیەوە لەم ماوەیەدا ئەم کاریگەرییانە بەردەوام دەکات، ئەو کونەی لە پەردەی کچیێنییان ھەیە زیاتر شێوەکەی ئەڵقەیییە (بەدەوراندەوری ڕووی ناوەوەی زێدا).
لەدوای تەمەنی ساوایی، تیرەی کونی پەردەی کچێنی ھەر ساڵەو بە نزیکەیی ١ میلیمەتر فراوانتر دەبێت. لە دوای باڵقبوون، ھۆرمۆنی ئێسترۆجین وا لە پەردەی کچێنی دەکات کە لاستیکی و ڕیشوودار ببێت (قەراخەکانی وەک شێوەی پەنجەیی).
پەردەی کچێنی دەکرێ بکشێت یاخود بدڕێت بەھۆکاری جیاواز، ھەندێک لەوانە ئەم ڕەفتارانەن:
ئەم ھۆکارانە مەرج نییە ھەموو جارێک ببنە ھۆی دڕاندنی پەردەکە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی دەگۆڕێت. ھەندێک جار پاشماوەیەک لەدوای دڕانی پەردەکە بەجێ دەمێنێت، کە پێی دەوترێت وردەلچی گەڵایی carunculae myrtiformes.(بڕوانە وێنەکەی لای چەپ)
پزیشکانی دادوەری زۆرجار پێویست دەکات کە پشکنینی زێ و پەردەی کچێنی بکەن، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی پەردەکە یاخود کۆکردنەوەی زانیاری و سڕاو لەدوای دەستدرێژیی سێکسی، ھەندێک پارچەی پلاستیکی یان شووشەیی بەکار دەھێنن بۆ پشکنین، بۆیە زۆر گرنگە کە ئاگادار بن پەردەی کچێنی بریندار نەکەن، بەتایبەت لە کچانی ناباڵقبوودا، زۆربەی کات سڕین ھەر لە داڵانی زێ وەر دەگیرێت، لەبەر پاراستنی پەردەکە،مەگەر زۆر پێویست بکات بەجوانی پەردەی کچێنی بپشکنرێت بەتایبەت دوای دەستدرێژی سێکسی، بەڵام ئەوەی گرنگە بزانرێت پەردەی کچێنی بەتەنھا بەس نییە بۆ دەستکەوتنی ھەموو زانیارییەک.
پەردەی کچێنی ئەستوورییەکەی نزیکی ١ میلیمەترە، لە زۆربەی کچەکاندا تەنک و ڕوونە بەڵام ڕەنگە لە ھەندێکی تردا گۆشتن و ئەستوورتر بێت یاخود کڕکڕەیی بێت.
گەورەیی کونی پەردەی کچێنی بە شێوەیەکی ئاسایی بەم شێوەیە:
ئەمانە چەند جۆرێکی پەردەی کچێنین پۆلێن کراون بەپێی شێوەی کرانەوەکەی، واتە ئەو کونەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی تێیدایە، شایەنی باسە ئەم جۆرانە و چەندین جۆری تریش شێوازی جیاوازی ئاسایین و پێیان دەوترێت جیاوازی توێکاریی Anatomical variation ھیچ کێشەیەکیان نییە، تەنھا جۆری کوننەکراو نەبێت کە پێویستی بە چارەسەرە.
پەردەی کوننەکراو کونی تێدا نییە، بە نزیکەیی ١–٢ مناڵ ھەیەتی لە ھەر ١٠٠٠ مناڵێکدا، چارەسەرەکەی بریتییە لە کونکردنی بە نەشتەرگەریی. ئەوانەی ئەم جۆرە پەردەیان ھەیە، ڕەنگە ھەتا ئەو کاتەی بۆ یەکەمجار دەکەونە سووڕی مانگانەوە پێی نەزانن، لەو کاتەدا خوێنەکە کۆ دەبێتەوە و ناتوانرێت بکرێتە دەرەوەی جەستە و ئازار دروست دەکات، ئەوەی گرنگە پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ببینرێت و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەربگرێت، ئەویش کردنی نەشتەرگەریی و کونکردنی پەردەی کچێنییە لەلایەن پزیشکەکەوە زۆربەی جار پێویستی بە بێھۆشکردنی گشتی دەبێت و لە دوای نەشتەرگەرییەکە، لەماوەی چەند ڕۆژێکدا چاک دەبێتەوە، و چەند ڕێنمایییەک ھەیە کە بیکات پزیشکەکە پێی دەڵێت، دوای چاکبوونەوە کەسەکە دەتوانێت وەک ھەر کەسێکی ئاسایی تۆپەوانە بەکاربھێنێت، سێکس بکات یان مناڵی ببێت.
ئەگەر چارەسەر نەکرێن، تووشی ھەندێک کێشە دەبن لەوانە:
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە پەردەی کچێنی تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article پەردەی کچێنی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.