پارتی چارەسەری دیموکراتیی کوردستان یان پەچەدەکە پارتێکی کوردی لە باشووری کوردستان بوو کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ ھەتا ٢٠١٤ چالاک بوو.
پارتی چارەسەری دیموکرات لەسەر ڕێباز و فەلسەفەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تێکۆشانی دەکرد و بە ھەڵگری ئایدۆلۆژیای ئاپۆئیزم ناسرابوون.
پارتی چارەسەری دیموکراتیی کوردستان | |
---|---|
Wiki Soranî / کوردی | |
دامەزراندن | ٢٠٠٢ |
پاشینە | تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان |
شوێنگەی سەرەکی | سلێمانی، باشووری کوردستان |
ڕۆژنامە | ڕۆژی وڵات |
ئایدۆلۆژیا | سۆشیالیزم کۆمۆنالیزم کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک ژنۆلۆژی ژینگەپارێزی |
شوێنی سیاسی | باڵی چەپ |
ڕەنگەکان | سەوز |
پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان نەیتوانیو بۆ چالاکی کردن لە باشووری کوردستان مۆڵەت بە دەست بھینێت. پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان لە شارەکانی ھەولێر، سلێمانی، دوھۆک، کەرکووک و مۆسل نووسینگەی کردبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٧ نووسینگەی حیزبەکە لە ھەولێر بەوتەی فواد مەعسووم بەھۆی نەبوونی مۆڵەت داخراو.
محەممەد عەبدوڵڵا بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لە ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠١٢ بە شێوەیەکی فەرمی داوای مۆڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام وەزیری ناوخۆ پێیگوتین پارتی چارەسەری دیموکراتی لە «بازنەی سوور»دایە و مافی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت نییە. پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان لە بەرامبەر ھۆکاری ئەم مۆڵەت پێنەدانەوەی نەک یاسایی بەڵکوو سیاسی زانیوە کە لە پێناوی ئەجێندای وڵاتانی دراسێیە و ڕایگەیاندووە پشتیوانی جەماوەری بە مۆڵەت دەزانێت و تا لە توانی ھەیە درێژە بە چالاکییەکانی خۆی دەدات.
بەم ھۆکارە کادیر و بەرپرسانی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان بۆ ڕاپەڕاندنی کار و بارەکانیان لە نووسینگەی ڕۆژنامەکەیان بە ناوی رۆژی وڵات لە سلێمانی کۆدەبوونەوە.
فایەق محەممەد گوڵپی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ ھەتا ٢٠٠٨ سەرۆکی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان بوو.
ساڵی ٢٠٠٥ بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستاندا کرد و نزیکەی ١٩ ھەزار دەنگی ھێنا، بەڵام نەگەیشتە پەرلەمان.
پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩ بە ناوی لیستی ھیوا لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان خۆی تۆمار کرد و ژمارە ٦٣ی بەشداریکردنی پێبەخشرا، بەڵام دواتر بە بوونەی ئەوە کە مۆڵەتیان نەبوو ناوی لیستەکەیان لە کۆمسیۆن ھەڵوەشێندرایەوە.
پارتی چارەسەر بۆیەکەمینجار بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق ٢٠١٣ کرد بەڵام بەھۆی ساختەکاری و ڕێکەوتنی نھێنی دوو لایەنی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ ھێزە دەرەکییەکاندا و بێلایەن نەبوونی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، نەیانھێشت لەو ھەڵبژاردنەدا کاندیدەکانی بگەیەنێتە پەرلەمان و تەنیا ٣٦٠٥ دەنگیان بۆ نووسی، ھەردوو لایەنی دەسەڵاتدار دەنگەکانیانی ئەم پارتەیان لەناو خۆیاندا دابەش کرد.
لەماوەی ساڵانی خەباتی خۆیدا، چەندین جار ڕووبەڕووی ھێرشی ھەردوو حزبی دەسەڵاتدا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوەوە. بەتایبەی لەناوچەکانی ھەولێر و بادینان پارتی سەرجەم بارەگا و نوسینگەکانی داخستن و چەندین جار ئەندامانی ڕوبەڕووی گرتن و لێدان و ئەشکەنجە ببونەوە.
پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەکانی لە ھەر دوو لایەنی ھێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان واتە دوو پارتی دەسەڵاتداری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، و ھەروەھا ئۆپۆزیسیۆن وەکوو گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی ڕەخنەی دەگرت. ھەڵویستی پارتی چارەسەری دیموکراتی بەرپرس بوون لە بەرامبەر گەل، پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی نەتەوایەتی و دووری کردن لە توندوتێژی بوو و ھەمیشە ھەوڵی دەدا لە بەرامبەر ئەم دوو لایەنە سیاسییە ھەڵوێستێکی سێھەم بگرێت کە ھێڵی سێھەمیان پێ دەگۆت.
لە کاتی دیالۆگ و دانوستاندنی پێنج قۆڵی لەنێوان دوو پارتی دەسەڵات و سێ پارتەکەی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١١دا، ھەڵویستی پارتی چارەسەری دیموکراتیی کوردستان ئەمە بوو کە دانوستاندنەکان بەرفراوان بکرێن و قەتیس نەکرێن، و جگە لەمە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وەکوو نوێنەری جەماوەر لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان وێڕای نوێنەری دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن، و دادوەری لە دانوستاندنەکان بەشداری بکەن تا سازشێکی پێنج قۆڵی گەل و دیموکراتی بە پەراوێز نەخاتەوە. پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان لەو کاتە کۆنفرانسێک لەژێر ناوی «بەڵێ بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی، نا بۆ توندوتیژی و سەپاندنی بێ چارەیی» بە ڕێوەبرد کە زیاتر لە ٢٥ پارت و ڕێکخراوی مەدەنی و دەیان کەسایەتی ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی و ئایینی بەشداریان تێدا کرد. بەڵام نوێنەرانی ئەو پێنج لایەنە سیاسییەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ناو پەلەمان سەرەڕای بانگێشتکردنیان ئامادەی کۆنفرانسەکە نەبوون. ئەم پارتە ھەروەھا سەبارەت بە کێشەی کەرکووک لایەنگری چارەسەرییەکی دیموکراتی و دیالۆگ لەنێوان کورد و تورکەمان بوو و لە بەڕیوەبەرایەتییەکی ھاوبەش پشتگیریی دەکرد. ھەروەھا ھەوڵی دا تا کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بە بەشداربوونی پارتەکانی و لایەنەکانی سیاسیی ھەر چوار بەشی کوردستان بە ڕێوەبچێت کە سەرەڕای ھەموو ھەوڵ و تەقەڵای نەیتوانی کۆنگرەکە بەڕێوە ببات.
لە دوانزە ساڵ چالاکیی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان ھەمیشە لەگەڵ دەستبەسەرکردنەوە و زیندانی کردنی ئەندامان و لایەنگرانی ڕۆبەڕۆ بوو. بۆ نمۆنە لە ڕۆژی ١٩ی ئایاری ٢٠١٤ لانیکەم ٢٠ کەس لە ئەندامانی ئەم پارتە لە شارەکانی ھەولێر و دھۆک و زاخۆ لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش دەستبەسەر کراون.
لە ساڵی ٢٠١٤ دا پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان ھەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند تا ئەو کاتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردنی سیاسی پێنەدان. سیاسەتوانانی ئەو پارتییە لایەنێکی دیکەیان دامزراند بە ناوی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان کە لە ئێستادا نوێنەری بیروڕای ئەو بزووتنەوەی سیاسییە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە پارتی چارەسەری دیموکراتیی کوردستان تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article پارتی چارەسەری دیموکراتیی کوردستان, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.