میتۆدی زانستی یان پێڕەوی زانستی ئاماژە دەکات بە کۆمەڵێک ڕێکار بۆ پشکنینی دیاردەکان، وەدەستخستنی زانینی نوێ، یان دروستکردن و یەکپارچەکردنی زانینی پێشوو.
بۆ ئەوەی کە میتۆدێکی پرسینەوە وشەی زانستی بخرێتە پاڵی، پێویستە بەڵگەی ئەزموونی و شایەنی لێڕوانین و شایەنی پێواندن کۆبکاتەوە. پێڕەوێکی زانستی داگری ئەمانەیە: کۆکردنەوەی دراوە لەڕێگای تاقیکردنەوە و ڕوانین، فورمووڵڕێژی و ئەزموونکردنی گریمانەکان.
ئەگەرچی لە بوارێکەوە بۆ بوارێکی تر ڕەوتی کارەکان یەکجۆر نییە، بەڵام پێڕەوی زانستی ھەندێک جیاکەرەوەی تایبەتی ھەیە کە لە میتۆدەکانی دیکەی بەدەستھێنانی زانین جیای دەکاتەوە. زانستیاران بۆ ڕاڤەکردنی دیاردەکان گریمانە پێشنیاردەکەن و بۆ ھەڵسەنگاندنی گریمانەکان لێکۆڵینەوەی تاقیگەیی دادەڕێژن. بۆ ئەوە کە پێشبینیکردنی ئاکامەکانی داھاتوو جێگەی متمانە و دڵنیایی بێت، پێویستە ئەو قۆناغانە (پێشنیارکردنی گریمانە و ھەڵسەنگاندنی گریمانە) شیاوی دووپاتەبوونەوە بن. ھەندێک تیۆری ھەن کە ھەرێمێکی بەرینتری کۆڵینەوە داگیردەکەن؛ ئەوانە ڕەنگە ژمارەیەکی زۆر گریمانەی سەربەخۆ لە یەک پێکھاتەی یەکپارچەدا کۆبکەنەوە و پێکەوە گرێیان بدەن. ئەمە بە نۆبەی خۆی دەتوانێت گریمانەی نوێ بخولقێنێت یان گریمانەکان لە یەک بەستێندا خڕبکاتەوە.
شێوازی لێکۆڵینەوەی زانستی ئێستا پشتدەبەستێت بە (نموونەی دەرئەنجام) کە لە سەدەی بیستەم دا هاتۆتە کایەوە، هەرچەندە لەو کاتەوە زۆر پێداچوونەوەی بۆ کراوە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
بەشێوەیەکی گشتی بریتییە لە بنیادنانی خەمڵاندن، دواتر داتاشینی پێشبینی لەو خەمڵاندنانە وەك دەرئەنجامی ژیرانە و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لەسەر ئەو پێشبینیانە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە سەچاوەی خەمڵاندنەکە ڕاست بووە یان نا. مەرج نییە لە هەموو کردەیەکی زانستی دا هەموو هەنگاوەکان بەهەمان رێژە و ڕیزبەندی جێبەجێ بکرێت. بەڵام وەك زانا و فەیلەسوف (ویڵیەم وێڵ ١٧٩٤- ١٨٦٦) تێبینی کردووە کە "داهێنان، زیرەكی و بلیمەتی" دەبێت لە هەموو هەنگاوێك دا بوونیان هەبێت.
دەکرێت وروژاندنی پرسیارێك ڕێ خۆشکەر بێت بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتێكی دیاریکراو. بۆ نموونە، پرسیاری: ئاسمان بۆچی شینە ؟ یان دەکرێت پرسیارێکی بێ وەڵام و ناکۆتا بێت، وەك: چۆن دەتوانرێت چارەسەرێکی پزیشکی دروست بکرێت بۆ نەخۆشییەکی دیاریکراو. ئەگەر وەڵامی پرسیارەکە زانراویش بێت ئەوا پرسیارەکە هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە بەمەبەستی بەرەوپێشبردن و باشترکردنی بوارەکە. کاتێك ڕێگەی زانستی جێبەجێ دەکرێت لەسەر لێکۆڵینەوەیەك ئەوا زۆر سەختە دیاریکردن و هەڵبژاردنی پرسیارە تەواو و گونجاوەکە چونکە ئەو پرسیارەیە کە دەرئەنجام و داهاتووی لێکۆڵینەوەکە دیاری دەکات.
ئەگەر بریتییە لە پێشبینی کردنێك کە بەندە لەسەر ئەو زانیاریەی لە کاتی پرسیارکردن دا بە دەست گەیشتووە کە دەکرێت ڕوونکەرەوەی هەر هەڵسەوکەوتێکی دیاریکراو بێت. ئەگەرەکە دەکرێت زۆر دیاریکراو بێت، بۆ نموونە: بنەمای یەکسانی ئەنیشتاین، بیردۆزی DNA و RNA فرانسیس کریك. یان دەکرێت ئەگەرەکە بوارێكی فراوان بگرێتەوە، وەك: ئەو جۆرە جیاوازانەی ئەژەڵان کە لە قوڵاییە جیاوازەکانی دەریادا دەژین. ئەگەری ئاماریانە ژمارەیەکی دیاریکراو دەگرێتەوە لە بوونەوەرەکان، وەك: ڕێژەی تووشبووی دانیشتوان بە نەخۆشییەکی دیاریکراو.
ئەم هەنگاوە دیاریکردنی دەرئەنجامە ژیربێژیەکانی ئەگەرەکە لەخۆدەگرێت و دواتر پێشبینییەك یان زیاتر هەڵدەبژێردرێت بۆ تاقیکردنەوەی زیاتر.
ئەم هەنگاوە هەڵسەنگاندنێکە کە ئایا دونیای ڕاستی وەك پێشبینی ئەگەرەکە مامەڵە دەکات. زانایان و خەڵکی ئەگەرەکان هەڵدەسەنگێنن لەڕێی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لەسەریان وە مەبەستی تاقیکردنەوەکە دیاریکردنی ئەوەیە کە ئایا بوارەکانی دونیای ڕاستی دەگونجێن لەگەڵ پێشبینییە داتاشراوەکان یان ڕەتی دەکەنەوە.
ئەم هەنگاوە بریتییە لە دیاریکردن و ڕوون کردنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکە و بڕیاردان لە هەنگاوی داهاتوو. دواتر زانیارییەکان بەراورد دەکرێن لە نێوان ئەگەر و ئەنجامەکە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە کامیان ڕوونتر و زانستانەتر دراوە تاقیکارییەکە ڕوون دەکاتەوە. لەو بارانەی کە چەند جارێك تاقیکردنەوە دووبارە دەکرێتەوە ئەوا هەڵسەنگاندنێكی ئاماری پێویستە بکرێت.
ئەگەر تاقیکردنەوەیەك توانای دووبارەکردنەوەی نەبێت بۆ دەستکەوتنی هەمان ئەنجام ئەوا مانای ئەوەیە کە ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی یەکەم هەڵە بوون لە سەرەتاوە. بۆیە کردەیەکی باوە کە تاکە تاقیکردنەوەیەك چەند جارێك دووبارە بکرێتەوە بۆ دڵنیابوونەوە.
بریتییە لە پرۆسەی پشکنین و پێداچوونەوە لەلایەن دەستەیەکی شارەزا لە بوارەکەدا کە ئاماژە بە ڕاوبۆچوونەکانیان دەکەن بەبێ ئاشکراکردنی کەسایەتی و ناوەکانیان.
زاناکان زۆر وریان لە تۆمارکردنی زانیارییەکان هەرچەندە ئەمە پێویستی نییە بەڵام لەوانەیە ئەو زانیارییانە داوابکرێت لەلایەن ئەو زانایانەی دی کە هیواخوازن تاقیکردنەوەکە دووبارە بکەنەوە یان زیاتر لەسەر ئەو بابەتە لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە میتۆدی زانستی تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article میتۆدی زانستی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.