محەممەد قازی لە ناودارترین وەرگێڕەکانی ئێران بوو.
١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٢٩٢ی کۆچی ھەتاوی (١٩١٣ی زایینی) لە شاری مەھابادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بوو. لە خزمەت مامۆستا گیوی موکریانیدا دارەدارەی زمانی فەڕەنسەی کرد. بۆ خوێندن ڕووی کردە تاران و زۆربەی ژیانی لەوێ بەسەر برد. ساڵی ١٣١٥ لە دارەلفۆنوون کە بەناوبانگترین خوێندنگەی تاران بوو خوێندنی بەر لە زانستگەی تەواو کرد و سێ ساڵ دواتر، لە ١٣١٨دا بڕوانامەی «ماف» ی لە زانستگەی تاران وەرگرت. ساڵی ١٣٢٠ لە وەزارەتی دارایی دامەزرا. ١٣٢٣ ژنی ھێنا و دوو منداڵیان بوو، بە ناوەکانی مریەم و فەرھاد. ساڵی ١٣٣٧ لە لایەن زانستگەی تارانەوە خەڵاتی باشترین وەرگێڕی درایە. ساڵی ١٣٣٧ خێزانی کۆچی دوایی کرد. ساڵی ١٣٤٩ ژنی ھێنایەوە. ساڵی ١٣٥٤ دوچاری شێرپەنجەی قوڕگ بوو و بۆ چارەسەری ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کرد. پاش گەڕانەوەی ئیتر بەبێ میکڕۆفۆنێکی سەر قوڕگ کەس دەنگی نەدەبیست. ساڵێک دواتر، لە ١٣٥٥دا بەھۆی ئازاری نەخۆشیەکەیەوە داوای خانەنشین بوونی کرد و خانەنشین کرا. زۆربەی کارەکانی وی وەرگێڕان لە زمانی فەڕانسەوە بۆ زمانی فارسییە. یەکێک لە بەناوبانگترین بەرھەمەکانی وەرگێڕانی ڕۆمانی دۆن کیشۆتە کە خەڵاتی باشترین کاری وەرگێڕانی ساڵەکانی ١٣٣٦ و ١٣٣٧ی کۆچی ھەتاوی بۆی بە دیاری ھێنا. جگە لە وەرگێڕان، قازی بۆخۆی چەن بەرھەمیشی نووسیوە کە ئەوانیش ھەر بە زمانی فارسین. بە ھاوکاریی ئەحمەد قازی ڕۆمانی ژانی گەلی برایم ئەحمەدیشی لە کوردییەوە کردە فارسی. قازی بێجگە لە توانستی لە بواری وەرگێڕاندا، خاوەن بیروزەینێکی سەیر بوو و ھەزاران شێعری لەبەر بوو. جگە لەوە بۆخۆشی شێعری دادەنان. ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی کۆچی ھەتاوی (١٩٩٨ی زایینی) لە تەمەنی ٨٤ ساڵەییدا، لە نەخۆشخانەی ئێرانمێھر لە تاران کۆچی دوایی کرد و ھێنرایەوە مەھاباد و لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتان لە پاڵ مامۆستا ھێمن و ھەژار و خاڵەمین و ماملێ و ناودارانی تری کوردەوە بە خاکی نیشتمان ئەسپێردرا.
محەممەد قازی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩١٣ |
مەرگ | ١٩٩٨ |
شوێنی دۆزینەی تەرم | مەھاباد |
نەتەوە | کورد |
ناوەکانی تر | محەممەد ئیمامی قازی |
پیشە | نووسەر، وەرگێڕ و شاعیر |
حیزبی سیاسی | حیزبی توودەی ئێران |
ئایین | ئیسلام، سوننە |
مناڵ(ەکان) | فەرھاد و مریەم |
خەڵاتەکان | خەڵاتی باشترین کاری وەرگێڕان بۆ دۆن کیشۆت |
ساڵی ١٣٨٦ لە مەیدانێک بە ناوی خۆیەوە، پەردە لە سەر پەیکەرەی چوار میتریی محەممەد قازی لا درا، کە دەستونەخشی ھونەرمەندی سنەیی مامۆستا ھادی زیائوددینییە.
لە مووزەی مامۆستا ھێمن (بە فارسی: موزە مفاخر فرھنگی و ھنری سرای ھیمن) لە شاری مەھاباد دیوێک بە ناوی محەممەد قازییەوە کراوە و بێجگە لە بەرھەمە چاپ کراوەکانی، بەشێک لە یادگارەکانی ئەویشی تێدا پارێزراو و ڕانراوە.
بەرھەمە وەرگێڕدراوەکانی دەستی محەممەد قازی بۆ سەر زمانی فارسی:
بەم شێوەیە و بەپێی ساڵی یەکەم چاپ چنراون:
ناوی کتێب (بە فارسی)/ نووسەر (بە فارسی)/ ناوی کتێب (بە کوردی)/ نووسەر (بە کوردی)/ ساڵی یەکەم چاپ (کۆچی ھەتاوی)
سەرجەم نووسراوەکانی دەستی محەممەد قازی (بە زمانی فارسی):
سەرجەمی ئەو بیروڕایانە لە زمانی فارسییەوە کراونەتە کوردی.
ڕەزا سەید حوسێنی (وەرگێڕی فارس): قازی سەر بە سەردەمێکی وەرگێڕان بوو کە لێرە وەرگێڕی بەئەزموونمان نەبوو، قازی سەرقافڵەچی بوو. ھەر ئێستاش کە وەرگێڕی باشمان ھەن، دیسان شان لە شانی قازی دان کارێکی ھاسان نییە.
ئەحمەدڕەزا ئەحمەدی (شاعیری فارس): نێوی قازی بۆ من بەواتای حەول و تێکۆشان، بڕوای پتەو، ماندوونەناسی و شۆر و حاڵە. تەمەنێکی بە بەرەکەتی بوو؛ کار و کار… ئەویش لە کوێ؟ لە وڵاتێکدا کە ھەر قسەمان ھەیە!
عەبدوڵڵا کەوسەری (وەرگێڕی فارس): من لەو کاتەوەی قازی دەناسم ھەر کتێبێک نێوی ئەوی بە سەرەوە بێ، بێ ئەوەی تێیبفکرێم کڕیومە.
عێززەتوڵڵا فوولادوەند (وەرگێڕی فارس): زۆر کەس بەھۆی قەڵەمی قازییەوە دەگەڵ وێژەی ڕۆژاوا ئاشنا بوون و منەتباری قازین. زەوق و ھێزی قەڵەم و سەلیقەی جوانی قازی، کە لە باشترین بەرھەمەکانیدا دەردەکەوێ، ئێستاش بۆ وەرگێڕەکانی ئێمە باشترین ڕێنوێنە.
کەریم ئیمامی (وەرگێڕی فارس): پارەکە سەرێکم لە براکەم دا لە لۆسانجلێس. ڕۆژێک بە سەر کتێبفرۆشییەکی ئێرانیدا کەوتم. کتێبەکانی ھەڕڕاج کردبوو. زۆرم کتێب کڕی. دوو بەرگ کتێبی «چل ڕۆژ لە مووساداغ» یشم بێ وەی تێی بفکرێم و وەک ئەوانەی دیکە ھەڵگێڕوەڵگێڕی کەم، ھەڵگرتبوو. کابرایەکم لەگەڵ بوو پێی سەیر بوو. کوتم: بۆ پێت سەیرە؟! مەگە نەتدیوە نێوی قازی بەسەرەوەیە، ئیدی ئەوە تێفکرینی ناوێ. شتێک قازی وەریگێڕابێت حەتمەن ئەوەندەی نرخ ھەیە کە بیکڕی و بیخوێنیەوە و بشیپارێزی.
سەفدەر تەقی زادە (نووسەری فارس): قازی زۆر یەک لە کەڵەنووسەرانی دنیای بۆ یەکەم جار بە خوێنەرەوانی ئێرانی ناساند؛ وەک کازانتزاکیسی یۆنانی، ئینیاتسیۆ سیلوێنەی ئیتالیایی و ئیڤان وازۆفی بولغاری. قازی مرۆیەکی شەریف بوو، نموونەیەکی بەرچاوی رۆحی بەرگری و ھومێد. خزمەتە بەنرخەکانی بە فەرھەنگ و وێژەی فارس قەت لەبیر ناچنەوە. بەھادین خوڕڕەمشاھی (نووسەر و وەرگێڕی فارس): ئەو ھەموو کەیف بە ژیان ھاتنە، ئەو ھەموو برووسکەی ئەوین بۆ ژیان و ترووسکەی ھومێدەی لە چاوە جوانەکانیدا بزەبزیان بوو و زایەڵەکەی لە دەەنگ و ڕەنگیدا شەپۆلانی دەداوە، قەت قەت لەبیر من و ھاوڕێیانی دیکە ناچێتەوە.
نوسرەتوڵڵا زیایی (وەرگێڕی فارس): قازی کە سەر بە بنەماڵەی گەورە و ناوداری قازیەکانی مەھاباد بوو، زۆر لە سەر کوردبوونی خۆی سوور بوو. ھەرچەند لە قسە کردن بە زمانی فارسیدا لەنگەی نەدەکرد و دەبوو ھەر واش بێ چونکە لە ١٧ ساڵەییەوە ھاتبوە تاران، لەگەڵ ئەوەشدا یەک وشەی زمانی کوردی لەبیر نەچووبۆوە و بە سەریدا زاڵ بوو و بێ ئەوەی گرێ بکا بە زمانی کوردی دەدوا. وەرگێڕانی کتێبی کورد و کوردستانی نیکیتین و ژانی گەلی برایم ئەحمەدیش بەڵگەیەکی سەلمێنەرن.
حەمەساڵە حوسێنی (وەرگێڕی فارس): قازی لەو دەگمەن وەرگێڕە ناودارانەیە کە بە ئەوین و شەیداییەوە سنوورەکانی زمان و وێژەی فارسی پاراستووە. کاری قازی بێ گومان سەرمەشقی زۆربەی زۆری ئەو کەسانە بووە کە تازە دارەدارەی قەڵەمیان بوو، منیش یەک لەوان.
ئەو کتێبانە بە زمانی فارسی، تایبەت لە سەر قازی نووسراون:
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە محەممەد قازی تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article محەممەد قازی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.