محەممەد سەعید نەججاڕی ناسراو بە ئاسۆ (لەدایکبووی ١٩٥٦ لە سارۆقامیش، بۆکان) نووسەر و شاعیرێکی کوردە.
محەممەد سەعید نەججاڕی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٥٦ |
نەتەوە | کورد |
ناوەکانی تر | ئاسۆ |
پیشە | شاعیر، نووسەر |
ئاسۆ بەپێی ناسنامە ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٩٥٦ لە ئاوایی سارۆقامیشی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی سەر بە شاری بۆکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. ھەر لەوێ کە بۆ یەکەم جار بە حەولی برایم خان خوێندنگە کراوەتەوە، نراوەتە بەر خوێندن. لە شارەکانی سەقز و بۆکان درێژەی بە خوێندن داوە. ساڵی ١٣٨٠ لە زانکۆی تەورێز ماستەری (ئەدەبیات و وێژەی فارسی) وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٣ لە یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکاندا وەک یەکێک لە حەوت بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوەیە ھەڵبژێردراوە. لە قوتابخانە و زانکۆکانی شاری بۆکان مامۆستای ئەدەبیاتی فارسی بووە و پاشان خانەنشین کراوە؛ دواتر بۆ وانە گوتنەوەی فارسی لە کۆلێژی پەرەستاریی شاری بۆکان بانگھێشت کراوەتەوە.
ئاسۆ سەر بە بەرەی شاعیرانی پاش ھێمن و ھەژار و ھێدی و ئاواتە. ھونراوەکانی ئاسۆ زۆربەیان شیعری کلاسیک و لەسەر شێوازی غەزەلن. غەزەلەکانی تەژین لە باس و خواسی دڵداری و خۆشەویستی و لەسەر زاران نەرم و ڕەوانن. ھەروەھا باسی خاک و نیشتمانپەروەریشی ھاوپێچی غەزەلە عاشقانەکانی کردووە. ئاسۆ شیعری نوێشی نووسیوە، بەڵام بەھۆی غەزەلەکانییەوە ناسراوە.
بەرھەمە چاپ کراوەکانی بریتین لە:
بازنشەست
لەو ھەموو یارانە، ئێستا تاقە یەکیان دیار نییە | دۆست و یاری ئەم زەمانەش تاقە یەکیان یار نییە | |
کوانێ ئەو یارەی کە ئاوێزانی بووم ترسام شەوێ | پێی کوتم: لە منت کەوێ! پەلکەن! مەترسێ مار نییە | |
عاشقیش زۆرن بەڵام عەشق و ئەوین بۆتە ھەوەس | دڵ ھەمووی بەسوێن کەچی ھیچ دڵبەرێ دڵدار نییە | |
ھەر دەڵێی دونیا ھەوارێ کۆنە جێی بێری چەلەنگ | ڕانەمەڕ خەوتوون و لوورەی گورگە، شوان ھەر دیار نییە | |
ھێندە گریاوم مژۆڵم وا تەڕ و جووت جووت بووە | پێی لەسەر دانێ مەترسێ چاوەکەم، بزمار نییە | |
پێت لەسەر چاوم ئەگەر دووبارە ئاشتت بێتەوە | ماڵی دڵ ئی خۆتە قوربان، جێگە پێی ئەغیار نییە | |
بارەگای عیشقە بە پیریش، عەیب نییە و بۆ چوون دەبێ | گەرچی ماڵی دڵ وەھاش ڕووخاوە، جێی بۆ بار نییە | |
شیعری من ئاوێنەیە خۆی تیا دەبینی دەم بە دەم | گەرچی خودبینی خراپە، بۆ ئەویندار عار نییە | |
گەر کرێکارت دەوێ بۆ دەرکەوانی ماڵەکەت | بازنشەستە ئێستە «ئاسۆ» کەس وەک ئەو بێکار نییە |
کانی شێتە ١٣٨٧
ئەم ژیاننامە وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article محەممەد سەعید نەججاڕی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.