لۆژیک (لە یۆنانییەوە: λογική؛ دەخوێنرێتەوە لۆگیکی) بیرسا یان ژیربێژی ھونەر و زانستی بەکارھێنانی ئاوەزە.
لۆژیک لە زۆربەی چالاکییە ژیرانەکاندا بەکار دەبردرێت، بەڵام لە پلەی یەکەمدا لە بوارەکانی فەلسەفە و ماتماتیک و زانستی کۆمپیوتەردا توێژینەوەی لەسەر دەکرێت. لۆژیک شێوازەکانی بەڵگەھێنانەوە تاوتوێ دەکات و، وەڵامی ئەوە دەداتەوە کە کام شێوازگەل دەگونجێن و کام شێوازگەل ھەڵەوێژین. دەکرێت بڵێین لۆژیک چەشنێک بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە.
لۆژیک سەرەتاکانی لە چەندین ژیاری کەونارا وەکوو ھیندستان، چین، و یۆناندا دەبینێتەوە. بەڵام وەکوو گۆڕەپانێکی زانستی یەکەمجار ئەرەستوو لە فەلسەفەدا دایمەزراند.
زیاتر لۆژیک دەکرێتە دوو بەشەوە، ئیستیقرا و قیاس. یەکەمیان لە نموونەگەلی تاکەوە دەگات بە ئاکامێکی تێکڕایی (لە تاکەوە بەرەو تێکڕایی دەچێت)، دووەمیان لە پێناسەکان و بەڵگەنەویستەکانەوە ئاکامەکان دەردەکێشێت (لە تێکڕایییەوە بەرەو تاک دەچێت).
وشەی لۆژیک لە وشەی یۆنانیی لۆگۆس کەوتۆتەوە، کە گەلێ مانای جۆراوجۆری ھەیە، وەک ئاوەز، وتار، یا زمان. لۆژیک، ھەر لە کۆنەوە، ئاوەھا ناسێنراوە: کۆڵینەوە لە یاساکانی بیرکردنەوە یا بەکاربردنی ئەقڵ لە جێگای خۆیدا؛ یا بە زمانێکی تر، تاوتوێکردنی یاساکان و ڕێساکانی ئاوەزانی دروست و بێھەڵە. زۆربەی جارەکان لۆژیک لە ڕوانگەی بەڵگەھێنانەوە و ئاکامگرییەوە چاوی لێ دەکرێ. ئاوەزان جموجووڵی ئەقڵە بۆ ئاکامگری و، پاشان ڕێکوپێککردن و دەربڕینی بە بەڵگە. مەبەست لە بەڵگە کۆمەڵێ پێشەکییە وێڕای ئاکامێک کە لەو پێشەکییانە گیراوە. ئەوەی لۆژیک تامەزرۆیەتی، ئەوەیە کە بزانێ ئاخۆ بەڵگەکە یا ئاکامگرییەکە ساغ و بەبڕستە یا نا؟ یانی ئاخۆ ئاکامەکە دەتوانێ شوێنھاتی پێشەکییەکان بێ یا نا؟
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە لۆژیک تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article لۆژیک, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.