عەلی حەسەنیانی ناسراو بە ھاوار (١٧ی تەممووزی ١٩٣٩ لە تاران، ئێران - ٨ی ئایاری ١٩٩٢ لە کۆپنھاگن، دانمارک) نووسەر و شاعیرێکی کوردی سەدەی بیست بوو.
ھاوار لەگەڵ کەسانی وەک سوارە ئیلخانیزادە و فاتیح شێخولئیسلامی (چاوە) لە پێشەنگانی ھۆنراوەی نوێن لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا. ھاوار خاوەن پەخشانیش بووە و چەند چیرۆک و ڕۆمانیشی داناوە.
عەلی حەسەنیانی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٧ی تەممووزی ١٩٣٩ تاران، ئێران |
مردن | ٨ی ئایاری ١٩٩٢ کۆپنھاگن، دانمارک |
شوێنی گۆڕ | گۆڕستانی کۆپێنھاگ |
نازناو | ھاوار |
نەتەوە | کورد |
کارە دیارەکان | جەللاد |
عەلی حەسەنیانی کوڕی سەعید ١٧ی تەممووزی ١٩٣٩ی زایینی (٢٥ی پووشپەڕی ١٣١٨ی ھەتاوی) لە تاران لە دایک بوو. ساڵی ١٩٤٦ گەڕاوە مەھاباد و تا پۆلی شەشی سەرەتایی لەو شارە درێژەی بە خوێندن دا، دواتر بۆ ماوەی ساڵێک چۆوە تاران و دووبارە ڕووی لە مەھاباد کردەوە و لە قوتابخانەی محەممەد ڕەزا دیپلۆمی وەرگرت. ساڵی ١٩٥٩ لە بەشی ماف و زانیارییە سیاسییەکان لە زانکۆی تاران وەرگیرا و لەوێ لەگەڵ چالاکان و ڕووناکبیرانی کورد و سوارە ئیلخانی زادە و فاتیح شێخولئیسلامی ئاشنا بوو. نەورۆزی ساڵی ١٩٦٤ ھاوڕێ لەگەڵ سوارە و چاوە بە تاوانی کوردایەتی و ئەندامییەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران خرا زیندانی قزڵقەڵا و دوای ئازاد بوونی درێژەی بە خوێندن دا و کۆلێژی تەواو کرد. لە وەزارەتی ناوخۆ دامەزرا بەڵام بەھۆی بیر و باوەڕی سیاسییەوە زوو زوو لە نێوان شارەکانی کوردستان و ئێراندا ڕایاندەگوێزت و ئەوە بوو بەھۆی وازھێنانی لەم ئیشە. ئیزنیان پێ نەدا بگەڕێتەوە بۆ مەھاباد بۆیە لە میاندواو بوو بە پارێزەر. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی گەڕایەوە شاری خۆی بەڵام سێ ساڵ دواتر ڕووی لە شاخ کرد. ساڵی ١٩٨٥ لە مەھاباد بۆوە پارێزەر و ھاوکاتیش ھاوکاری گۆڤاری سروە بوو و لەگەڵ دەستەیەک لە شاعیران ئەنجومەنێکی ئەدەبیشی دامەزراند. ساڵی ١٩٨٩ وڵاتی بەجێ ھێشت و چوو فەنلاند و لە کۆتاییدا لە دانمارک نیشتەجێ بوو.
عەلی حەسەنیانی ٨ی ئایاری ١٩٩٢ بەھۆی جەڵتەی دڵ لە بارودۆخێکی دەروونی و ماڵی خراپدا لە کۆپێنھاگ ماڵاوایی لە دونیا کرد و لە گۆڕستانی ئەو شارەش بە خاک ئەسپێردرا.
عەلی حەسەنیانی ساڵی ١٩٥٩ بە شیعری جەللاد چوارچێوەی شیعری کلاسیکی تێک شکاند و بوو بە دامەزرێنەری شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. دوا بە دوای ئەو شیعری (بۆمباران) ی خوڵقاند. مامۆستا ھێمن لە تاریفی ئەم شیعرەدا دەفەرمووێ: "میللەتێک کە لە ئەدەبیاتیدا ئەم شیعرەی ھەبێ، ھەرگیز نامرێ". ساڵی ١٩٦١یش شیعری (کەژاڵێ)ی دانا. ھاوار لە زانکۆی تاران لەگەڵ سەلاح موھتەدی و دواتریش باوکی ڕەحمان ئاغای موھتەدی ئاشنا بوو کە چاویان بە شیعری کلاسیکی کوردی کردەوە. ھەر لەوێش بە بۆنەی چاوە مامۆستا گۆران و شێعری نوێی کوردی ناسی. ھاوار و چاوە و کاک سوارە سێ کۆلەکەی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانن کە لە زانکۆی تاران یەک دەگرنەوە و بە ئامۆژگاری ڕەحمان ئاغا ڕوو لە شیعری کوردی دەکەن و بە یارمەتی سەلاح ڕچەی شیعری نوێی کوردی دەشکێنن.
عەلی حەسەنیانی بە کۆی گشتی خاوەنی ٧٦ شیعرە کە ٣٢یان کۆنن و ٤٤یشان شیعری نوێن.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article عەلی حەسەنیانی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.