عەباس کەمەندی (لەدایکبووی ١٩٥٢–مردووی ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤) گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر، دەرهێنەری فیلم، ھونەرمەند، نیگارکێش، نووسەر، شاعیر و دەرھێنەری بواری شانۆیە کە لە سنە لەدایکبووە.
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
عەباس کەمەندی | |
---|---|
لەدایکبوون | |
مەرگ | ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤ | (٦٢ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگ | وەستانی دڵ |
شوێنی حەوانەوە | زیارەتانی ئاساوڵە |
نەتەوە | کورد |
ناوەکانی تر | کەمەندی |
پیشە | |
چالاکبوون | ١٩٧٠–٢٠١٤ |
مناڵ(ەکان) | ٤ |
پیشەی مۆسیقی | |
کۆمپانیاکان |
|
عەباس کەمەندی، لەدایکبووی شاری سنە لە گەڕەکی جەواراوا لەدایکبووە. باوکی شمشاڵ ژەن بووە و دەگخۆشیش بووە. زۆربەی بنەماڵەی باوکی ئەم ھونەرمەندە قەساب بوون و کەشێکی سونەتی (داب و نەریتی کۆن) بە سەریاندا زاڵ بووە، کە بە گووتەی خۆی دەڵێت: «کوڕ بۆ قەسابی و کچیش بۆ شووکردن دەھاتنە دونیاوە» و خوێندیش لەو بنەماڵەیەدا قەدەغە بووە و ھەرگیز دەرفەتی خوێندنی بۆ نەڕەخساوە. لە تەمەنی سێ مانگیدا باوکی لەلایەن مامییەوە کوژراوە. تا تەمەنی حەوت ساڵی دایکی نەبینیوە، وەک خۆی دەڵێت: «گەر دایکی نەگەڕابایەتەوە لای لەناو قەسابخانەکان لەناودەچوو». کەمەندی تەنھا لە سنەدا ژیانی بەسەربردووە و زانکۆشی نەخوێندووە.
کەمەندی لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەستیکردووە بە کاری ھونەری و یەکەم خەڵاتی زمانی کوردی وەرگرتووە بۆ نووسینی چیرۆکێکی کوردیی بەناوی «شەوبۆ و حەمە شوان» بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتنی نووسەر بۆ ڕادیۆی سنە. ئەم چیرۆکە دوو جار لە ڕادیۆی سنە پەخشکرا و پێشوازییەکی زۆری لێکرا، کە وای لە کەمەندی کرد کە دووبارە بینووسێتەوە و پەخشی بکاتەوە. دوو ساڵ دوای ئەوەی لەلایەن ڕادیۆی سنەوە وەرگیرا، تەلەڤیزیۆنی سنە دامەزرا، و کەمەندی دەستیکرد بە نووسینی سیناریۆ بۆ بەرنامە و فیلم و زنجیرەکان. یەکێک لە بەناوبانگترین کارەکانی تەلەڤیزیۆنیی بریتیبوو لە دۆبلاژکردنی زنجیرەی «لۆرێڵ و ھاردی» بۆ زمانی کوردی، کە خۆی کاری دۆبلاژی بۆ چوار کەسایەتیی ناو زنجیرەکە دەکرد.
لە ساڵی ١٩٧١دا، دوای بەشداریکردن لە شەوێکی شیعریدا لەگەڵ ئامادەبوونی چەند کەسایەتییەکی گرنگیی ئەدەبیاتی کوردی، کە یەکێک لەوانە ڕەحیم موعینی کرماشانی بوو، بەرپرسیارێتی نووسین و ئاوازدانان درایە دەست کەمەندی لە خانەی فەرھەنگ و ھونەر بە پێشکەشکردنی شیعری حافزی. تا ١٩٧٧، سەدا ٩٥ی ئەو گۆرانییانەی لە ڕادیۆی سنە تۆماردەکران ھی خانەی فەرھەنگ و ھونەر بوون.
لە ساڵانی سەرەتای کارکردن لە ڕادیۆی سنە، حەسەن کامکاری بەڕێکەوت ناسی و یەکەم کاری کرد لە دونیای میوزیکدا بە گووتنی گۆرانییەک کە حەسەن کامکار بۆ جەژنی ٢٥٠٠ ساڵەی شاھەنشای ئێران. دوای ئەوە کارکردنی کەمەندی و کامکار بەو شێوەیە ڕۆیشت تا ڕاپەڕین.
دوای یەک دوو ساڵێک، کەمەندی دەستیکرد بە گۆرانیوتن بە شێوازێکی لێھاتوو و پڕۆفیشناڵانە و نزیکەی ٣٠ گۆرانی لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن بە دەنگی کەمەندی پەخشکران پێش ڕاپەڕین. زۆربەی گۆرانییەکانی بریتیبوون لە گۆرانیی ناوخۆیی کوردی، و لەجیاتی وتنەوەی گۆرانیی فۆلکلۆری، شیعری کوردی دەکردە گۆرانی. دوای ڕاپەڕین، کەمەندی درێژەی دایە چالاکییە موزیکییەکانی لەگەڵ گرووپی کامکاران، کە دوایی بوونە بەناوبانگترین گرووپی مۆسیقیی کوردیی لە ئێران. یەکەم بەرھەمی ئەم کارکردنەیان ئەلبومی «ھەورامان» بوو، کە ساڵی ١٩٨١ لەلایەن کۆمپانیای سرووشەوە بڵاوکرایەوە. کەمەندی و گرووپی کامکاران دواتر ئەلبومی «پرشنگ» و دواتر «گەلاوێژ» یان بڵاوکردەوە، کە تا ئێستاش یەکێکن لە بەربڵاوترین گۆرانییەکان لە ناوخۆی کوردستان.
جیابوونەوەی لە گرووپی کامکاران دابڕینیشی بوو لەگەڵ دونیای مۆسیقا، کە زیاتر گرنگی پێدەدا لە کاری سەرەکیی خۆی، کە نووسین بوو بۆ ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن. زیاتر لەم چالاکیانە، کەمەندی ئەدەبیات و فۆلکۆری کوردستانی نووسیوە کە ٦ ھەزار پەڕەیە و لە کتێبخانەی فەرھەنگی لە تاران پارێزراوە. سەرەڕای ئەو ھەموو کارەی لە دونیای ھونەریدا، کەمەندی پەشیمانە لە ھونەر و دەڵێت گەر جارێکی تر لەدایکببێتەوە ھەرگیز نزیکی ھونەر و ھونەرمەندان ناکەوێتەوە. بەو ھۆیەشەوە ڕێگەی نەداوە ھیچ کام لە کوڕ و کچەکانی کار لە ھونەردا بکەن.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤، لە تەمەنی ٦٢ ساڵی، بەھۆی ڕاوەستانی دڵەوە کۆچی دوایی دەکات و لە زیارەتانی ئاساوڵە (بەھەشتی محەممەدی) دەنێژرێت.
لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا ژیانی ھاوسەریی پێکھێناوە و باوکی سێ کچ و کوڕێکە.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article عەباس کەمەندی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.