عوسمان محەممەد ئەحمەد ناسراو بە عوسمان چێوار (١٩٤٦ لە سلێمانی، عێراق – ٢١ی ئایاری ١٩٩٦) شێوەکار، ئەکتەر و دەرھێنەرێکی شانۆ و تەلەڤیزیۆن، وەرگێڕ و وێنەگرێکی بە ڕەگەز کورد بوو.
عوسمان چێوار | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٤٦ |
مەرگ | ٢١ی ئایاری ١٩٩٦ |
نەتەوە | کورد |
پیشە | شێوەکار، ئەکتەر، دەرھێنەر |
مناڵ(ەکان) | کاروان چێوار، کاڵزۆ(مردوو) |
عوسمان محەمەد ئەحمەد، کە بە عوسمان چێواری ھونەرمەند ناوبانگی دەرکرد، لە ساڵی ١٩٤٦ لە گەڕەکی (سەرکارێز)ی شاری سلێمانی لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦٩ پەیمانگەی مامۆستایانی تەواو کردووە. ماوەی چەند ساڵێک لە ناوچەکانی چۆمان و شارباژێڕ و قەرەداخ و ھەڵەبجە و سلێمانی مامۆستایی کردووە. یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی و ماوەی پازدە ساڵ سەرۆکی ئەم تیپە بووە. عوسمان ھەر زوو بەشداری کردووە لە چالاکییە سیاسیی و پێشمەرگایەتییەکاندا و ماوەیەک لە ناو پێشمەرگەدا ڕابەری سیاسیی بووە. ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندی کردووە بە شۆڕشەوە و لە ئێزگەی دەنگی کوردستاندا خزمەتی کردووە. ساڵی ١٩٧٥ لێپرسراوێتی چالاکی قوتابخانەکانی پێ سپێردراوە و کاری کردووە بۆ فراوان کردنی چالاکییە ئەدەبی و شانۆییەکان. لە ساڵی ١٩٨٨ بە ئاشکراو بە دەنگی بڵند لە لای سەرای سلێمانی وتوویەتی "وەرن من بکوژن، بەڵام گەلەکەم ئەنفال مەکەن". لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بووە و یەکەم کار و بەرنامەی ئەو تەلەفزیۆنە لە ماڵی ئەودا تۆمار کراوە.
چێوار بۆ شانۆییەکانی شیعری نووسیوە و شاعیریش بووە، ئەمە نموونەی شیعرێکە کە ساڵی ١٩٨٦ بۆ شانۆگەریی (ئاسکو ڕیاڵ)ی نووسیوە:
لە وڵاتەکەمان، لە ڕۆژی جەژنی گەورەدا
بەخۆشی و شاد
بۆ گەمەی خەڵک
گێژێک دێنن وای لێدەکەن
گورزێ لە ناو دەستی ئەنێن
تاجێک لەسەر سەری ئەنێن
بە ئاھەنگ و سەما و یاری
ئەیبەن بۆ تەختی پاشایی
بە پاشای خۆیانی ئەکەن
لە وڵاتەکەمان .. لە وڵاتەکەمان
عوسمان چێواری ھونەرمەند لە ڕۆژی ٢١ی ئایاری ساڵی ١٩٩٦ بە نەخۆشییەکی کت و پڕ کۆچی دواییی کرد.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article عوسمان چێوار, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.