د.
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
عایز قەڕنی، (بە عەرەبی: د.عائض القرني) لە سعودیە لەدایکبووە لە ساڵی ١٩٦٠، و نووسەرێکی ناودار و بانگخوازێکی ئیسلامییە، ھەوڵ ئەدات پەیڕەوێکی ناوەندی ھەبێت لە سوننەدا، و خاوەنی کتێبی بەناوبانگی (دڵتەنگ مەبە)یە کە نوسخە وەرگێڕدراوە کوردییەکەی زیاتر لە دوانزە جار چاپکراوەتەوە، و ھەروەھا بە عەرەبی زیاتر لە ١٠ ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، خاوەنی زیاتر لە ٨٠٠ وانە و موحازەڕەی ئیسلامی و ئێوارە کۆڕی شیعری و نەدوەی ئەدەبیە.
د. عایز قەڕنی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٦٠ بلقەڕن، سعودیە |
نیشتەجێی | سعودیە |
نەتەوە | عەرەب |
پیشە | نووسەر |
ئایین | ئیسلام |
ناوی عایز کوڕی عەبدوڵڵا قەڕنییە لە باشوری سعودیە ھاتۆتە دنیاوە لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٩، و خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگەی ئال سولەیمان خوێندووە، و خوێندنی ناوەندی لە پەیمانگەی زانستی ڕیاز تەواو کردووە، ودواناوەندی لە پەیمانگەی زانستی ئەبھا تەواوکردووە، ولە کۆلێژی ئوسوڵی دین لە ئەبھا دەرچووە و پاشان ھەردوو شەھادەی ماستەر و دوکتۆرای بەدەستھێناوە. ئیمام و وتارخوێنی مزگەوتی ئەبوبەکری سدیق بووە لە ئەبھا.
د. عایز قەڕنی چەندەھا دانراوی ھەیە لەسەر فەرموودە و تەفسیر و فیقھـ و ئەدەب و ژیاننامەدا ھەروەھا چەندین دیوانی شیعری ھەیە، و زۆر لە بەرھەمەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی کوردی، لەوانە:
# | کتێب | وەرگێڕ | نووسەر |
---|---|---|---|
١ | دڵتەنگ مەبە | ئەبوبەکر تۆفیق فەتاح | د. عایز قەڕنی |
٢ | پەیامێک تایبەت بە گەنجان | شەوبات عەبدوڵڵا | د. عایز قەڕنی |
٣ | ٣٠ ڕێگە بۆ بەختەوەری | خالید محەمەد | د. عایز قەڕنی |
٤ | خۆشبەخترین ئافرەت لە جیھاندا | حەمید و سامان مستەفا | د. عایز قەڕنی |
د. عایز ئاستەنگییەکی زۆری ھاتۆتە پێش لە بانگەوازکردندا، بەند دەکرێت بە ھۆی ھەندێک لە موحازەڕەکانییەوە لە ئەبھا کە ڕەخنەی گرتبوو لە ئامادەبوونی سەربازی بیانی بە ھۆی داگیرکردنی کوەیتەوە، دواتر ئازاد کرا بەڵام چالاکییەکانی سنوردار کرا و و قەدەغەی بڵاوکردنەوەی ووتارە ھەفتانەییەکانی کرا لە ڕۆژنامەی موسڵمانان، و بە چەند تۆمەتی جیاواز لە ئەبھا بەندکراوە و چالاکییەکانی سنوردارکراوە تا شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی جێھێشت و چووە ڕیاز و پاشان گەڕایەوە.
د. عایز قەڕنی خاوەنی چەندین بە رنامەی جۆراوجۆرە لەسەر کەناڵە بە ناوبانگە عەرەبییەکان بەرنامەکانی پەخش دەکرێت، لە و کەناڵانەی بەرنامەکانی د. عایزیان پەخش کردووە ئەمانەن: mbc، ڕیساڵە، دوبەی، ئیقڕە، ساحە و ڕایە.
ناودارترین بەرھەمی د. عایز قەڕنییە کە وەرگێڕدراوەتە سەر زۆر لە زمانە جیھانییەکان و بە دوو شێوازی جیا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی یەکەمیان لە ژێر ناوی (دڵتەنگ مەبە) مامۆستا ئەبوبەکر تۆفیق فەتاح وەریگێڕاوە و لە دووتووێی نزیکەی ٦٥٠ لاپەڕە چاپکراوە و زیاتر لە ١٢ جار چاپکراوەتەوە تاکو ئێستا، دووەم وەرگێڕانی ئەم کتێبە لە ژێر ناوی (خەمبار مەبە)یە کە (ئەحمەد عەبدوڵڵا وەرتێ) وەریگێڕاوە و هەروەھا ئەمەشیان چەند جارێک چاپکراوەتەوە.
بە عەرەبی زیاتر لە ١٠ ملیۆن دانەی لێفرۆشراوە و گۆڤاری فوریزی ئەمریکی بە پڕ فرۆشترین کتێبی عەرەبی داناوە لە جیھاندا.
کتێبەکە لایەنی ئازارەکانی ژیانی مرۆڤ دەردەخات، و ھەوڵئەدات بیگوێزێتەوە لە خەمەوە بۆ خۆشی و لە بەد بەختییەوە بۆ ڕازیبوون، بە شێوازێکی ئاسان ئەدوێت و لایەنی ئاینی و ڕۆحی زیاتر تیا دەردەکەوێ، نووسەر لەگەڵ خوێنەردا ئەدوێ بە شێوەیەکی کاریگەر و بە پەیامی لۆژیکی و ئامۆژگاری، ھەروەک چەندین چیرۆک و بەسەرھات بە نموونە ئەھێنێتەوە لە چیرۆکە ئیسلامی و نا ئیسلامییەکان، و ھەروەھا بەشێوەیەکی زۆر شیعر و ھۆنراوە و وتەی ناودرانی بە نموونە ھێناوەتەوە بە تایبەت ئەوانەی گەشبینی بڵاودەکەنەوە، و لە ھەمان کاتدا بە شێوازێکی ئەدەبی زۆر بەرز و جوان نووسراوە.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article عایز قەڕنی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.