شیعر یان ھۆنراوە یان ھۆزان یان ھەڵبەست وتەیەکی ھۆنراوی جادوویییە، کە کار دەکاتە سەر ھەست و ھزری مرۆڤ.
شاعیرانی بەرەی نوێ، بە ڕێز گرتن لە ھەر دوو شیعری کۆن (عەرووزی) و شیعری ئازاد، سنووری دژایەتی نێوانیان بەزاندووە و دەلاقەیەکی تازە و بازتریان بە ڕووی شیعردا کردووەتەوە.
کۆنترین ھۆنراوە، ڤێداکانی ھیندووەکانی کەونارایە. کەس بە دروستی مێژووی ھۆنرانی ئەم ڤێدایانە نازانێ، مێژووی کۆنترین ھۆنراوەی ڕیگ ڤێدا بۆ ھەزار تا پێنج ھەزار ساڵ پێش لە زایین دەگەڕێتەوە. گاتاکانی زەردەشتیش سەر بە ڕابردوویەکی زۆر کۆنن، ئەم ھۆنراوانە، وەک یەکەمین ھۆنراوەی بەجێماوی نەتەوەی کورد دێنە ھەژمار. لە ھۆنراوە کۆنەکانی تر دەتوانین پاڵەوانەتی گلگامێش ناو بەرین؛ ئەم ھۆنراوەیە یەکەمین ھۆنراوەی پاڵەوانەتییە. لەو شوێنەدا کە مێژوو دەبڕێتەوە، ئوستوورە دەست پێدەکا. پاڵەوانەتییە گەورەکان لەسەر ئوستوورەکان دامەزراون و ئوستوورە گەورەکانیش بەرھەمی ھەلومەرجەکانی مێژوون. جیھان چەندین پاڵەوانەتی گەورەی بە خۆوە دیوە:
ھەموو ئەم پاڵەوانەتییانە بەرھەمی ساتەوەختە زۆر گرنگەکانی مێژووی نەتەوەکانن. چینییەکانی کەوناراش ھۆگری شیعر بوون؛ کتێبی ھۆنراوەکانی شیچینگ لە چینی کۆنەوە بەجێ ماوە.
لە زمانی کوردیدا ئەم ناوانەش بۆ چەمکی شیعر ھەیە:
لە نێو ئەھلی لۆجیک و فەلسەفەی کۆندا، ئەوەی بە گردوکۆیی و تێروتەسەلانە پەرژاوەتە سەر بابەتی شیعر، ئەرەستووە. ئەگەرچی پێش لەویش بوقرات، ئەریستووفانس و ئەفلاتوون لەسەر شیعر قسەیان کردووە، بەڵام ھونەری شیعری ئەرەستوو تەنیا نامیلکەیەکی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانەیە کە لەسەر شیعر نووسراوە. ئەرەستوو بیردۆزی ئەدەبی خۆی لەسەر بنەمای «محاکات» (لاسایی ڕووداو) دادەڕێژێ و سێ توخمی کێش (ئیقاح)، وشە (وتە) و ھەماھەنگی بە کۆڵەکەکانی شیعر و کەرەستەکانی موحاکات دەژمێرێت. بە گوێرەی بۆچوونی ئەرەستوو، جۆرەکانی شیعر، واتە حەماسە، تراجیدی، کۆمێدی و جۆرەکانی سەر بەوان وەک گۆرانی، مۆسیقا، شیعری دڵداری، ھەڵپەڕکێ و سەما، پێکڕا لە جەوھەری ھونەریدا ھاوبەشن و جیاوازییان تەنیا بۆ کەرەستەکانی لاسایی (توخمە سیانەکان)، ناوەرۆکی لاسایی و شێوەکانی لاسایی دەگەڕێتەوە.
ئەرەستوو لە بەشێک لە شرۆڤەکانی خۆی لەمەڕ چییەتی شیعر و کاری شاعیر ئاوا دەنووسێ:
«کاری شاعیر ئەوە نییە کە ڕووداوەکان بە وردی بگێڕێتەوە، بەڵکوو دەبێ بەو جۆرە کە لەوانەیە ڕووی دابێ، نەقڵی بکا. جیاوازی شاعیر و مێژوونووس لەوەدا نییە کە ئەم بە ھۆنراوە ڕووداوێک بگێڕێتەوە و ئەو بە پەخشان؛ چونکە لەوانەیە مێژووی ھێردۆتیش بھۆنرێتەوە، بەڵام بەمە نابێ بە شیعر و ھەر مێژووە. شیعر لە مێژوو فەلسەفیترە و گشتبینترە، بەڵام مێژوو وردبینە و دەپەرژێتە سەر وردەکارییەکان.»
پاش بزاڤی وەرگێڕان و گواستنەوەی بیردۆزەکانی شیعری یۆنانی بۆ جیھانی ئیسلام، ئەم نامیلکانە شەپۆلێک بیروبۆچوونی لە نێو فەیلەسووفانی ئیسلامی بەدی ھێنا؛ فارابی، ئیبنی سینا، ئەبولبەرەکاتی بەغدادی، ئیبنی ڕوشد و خواجە نەسیرەدینی تووسی ھەرکام بەشێک لە بەرھەمەکانیان بە شیعرەوە تەرخان دا.
«لەم وتارەدا، تەنیا دەپەرژینە سەر ئەو وتە و واتایانە کە حەکیم (ئەرەستوو) لە شیعر ھۆنیندا سەلماندوویە، بێ ئەوەی بابدەینەوە سەر تەواو واتاکانی شیعر. چونکە خودی حەکیم بۆچوونەکانی لەمەڕ ھەڵەوێژی تەواو نەکردووە.»
ئەو پێناسانەی لە کۆندا بۆ شیعر دەکرا، ئەگەرچی مەرجی پێویست (لانیکەم)ی دەگرتەوە، بەڵام داگری ھەموو مەرجەکانی شیعر نەبوو. واتە زۆرتر توخم و ھێما ڕواڵەتییەکانی شیعری دەبینی، نە گیان و جەوھەری دەروونی و میتافیزیکی ئەو. ڕاستییەکانی نێو دڵی شیعر، نە لە وتن دێ، نە وەردەگێڕدرێ و نە دەخرێتە ژێر ڕەخنە. بەم شرۆڤەوە شیعر خودی ژیانە، واتە ئەزموونی ژیان. کەوابوو وەک خودی ژیان نزم و بڵیندی ھەیە. شیعر ھەم شۆر و ئارەزووی ڕەھایە وەک گۆرانی دڵداری وەلی دێوانە و ھەم تێگەیشتن و ژیری ڕەھایە وەک قەسیدەکانی ئەحمەد موفتیزادە و ھەم ئاوێتەیەکە لە شۆر و ژیری وەک شیعرەکانی مەولەوی کورد، نالی و مەحوی.
لە ھۆنراوەی بڕگەییدا پایەی کێش، ژمارەی بڕگەی باڵەکانە؛ وەک ھۆنراوەی فولکلوری کوردی کە بیست بڕگەی چوار بەشییە. کێشی بڕگەیی، جۆرێک لە کێشی ھۆنراوە کە چۆنییەتی بڕگەکانی ھۆنراوە (واتە کورت، درێژ و کێشراو) لە بەرچاو ناگیرێت و ژمارەی بڕگەکان، کێشی ھۆنراوەکە پێک دەھێنن. بەم بۆنەوە جاروبار بە کێشی ژمارەییش دەناسرێت. بەم پێیە ھۆنراوەی بڕگەیی بە ٧ بڕگەیی، ٨ بڕگەیی، ١٠ بڕگەیی، ١٢ بڕگەیی و… پۆلێن دەکرێت. نموونەیەک لە ھۆنراوەی بڕگەیی لە مەولەوی کورد و ژمارەی بڕگەکانی:
لێکۆڵینەوەکان پیشان دەدەن کە پێش ھاتنی دینی ئیسلام و لێژ درانی زمان و فەرھەنگی عەرەب بۆ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوین، ھۆنراوەی بڕگەیی لە کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا لە برەودا بووە. کۆنترین ھۆنراوەی بەجیماو لەو سەردەمە گاساکانی ئەڤێستایە کە لەسەر کێشی بڕگەیی ھۆنراون. لە ساڵی (١٩١٠) لە لێکۆڵینێکی شوێنەوارناسی لە گوندی ھەزار مێردی پارێزگای سلێمانی، پارچە ھۆنراوەیەکی بڕگەیی، ھی سەدەی دووھەمی کۆچی دۆزرایەوە:
ھورمزگان ڕمان، ئاتران کوژان | وێشان شاردەوە گەورە گاوران | |
زۆرکاری ئارەب کەردنە خاپوور | گنای پاڵەیی ھەتا شارەزوور | |
شەن و کەنیکان وە دیل بەشینا | مێرد ئازا تلێی وە ڕووی ھوونینا | |
رەوشت زەردەشترە، مانۆوە بێ کەس | بەزیکا نەیکا، ھورمز وە ھیچ کەس |
ھەرچەند وێنەی دەستنووسەکەی ئەم شێعرە لە ھیچ سەرچاوەیەکی جێگەی بڕوادا بڵاو نەکراوەتەو و گومان لە دەستکرد بوونیدا ھەیە. بەڵام ئەم ھۆنراوەیە تەنیا ھۆنراوەی کۆنی کوردیی بڕگەیی نییە، شێعرەکانی سەرەنجام و پیرەکانی یارسان، زۆربەی ئەدەبی گۆرانی و بڕێک لە شێعری سۆرانی و کرمانجی وەکوو شێعرەکانی فەقێی تەیران لەسەر وەزنی بڕگەیین.
لە سەرتاسەری ھۆزانی عەرووزیدا، کێشێکی دیاریکراو، بە ناوی بەحر ھەیە.
جیاوازی کێشی عەرووزی و بڕگەیی لەوەدایە کە لە عەرووزدا، ھۆزانەکان بڕگە-بڕگە دەکرێن بە کورت، درێژ و کێشراو. نموونەی ھۆزانێکی عەرووزی لە حاجی قادری کۆیی و بڕگە-بڕگە کردنی:
ھەڵبەستێ کە بە ئاھەنگ و کێش و سەرواوە نەبەسرابێتەوە.
یەکەمین برووسکەی گۆڕانکاری لە ھەڵبەستی کوردی بۆ سەرەتاکانی دەیەی چلی زایینی و بەرھەمەکانی شێخی نووری و شێخ ساڵح دەگەڕێتەوە. ڕەنگە ھەڵبەستی (حەقە ئەمڕۆ)ی شێخی نووری بەس بووبێ بۆ ھەڵگرساندنی شەڕی نێوان کلاسیک و نوێخوازی. شێخی نووری لەم ھۆنراوەیەدا بە تیزەوە چوارچێوە و یاساکانی ھۆزانی کلاسیک دەبەزێنێ. دوایی شێخی نووری لەژێر کارتێکەری وێژەی تورک، بزاڤی نوێخوازی لە ھۆنراوەی کوردی دەجمێنێ و بوار بۆ گۆران خۆش دەکا تا چەندین ساڵ دواتر، شێلگیرانە تێھەڵچێ و ئەو کارە بکا کە نیما لە ھەڵبەستی فارسیدا کردی (ھەرچەن گۆران دایمە شێخی نووری بە ڕچەشکێن و ئاڵاھەڵگری ھۆنراوەی نوێی کوردی دەزانی). بەم پێیە ھۆزانی نوێی کوردی بە دوو قۆناخ دابەش دەبێت:
گۆران کە ھۆنراوەی کوردی بە باشی دەناسی، کتوپڕ سەری لە کێش و سەروای عەرووزی بادا و شیعری کوردی لە باری فۆرم و ناوەرۆکەوە گۆڕی. گۆران لەو باوڕەدا بوو کە نیزامی عەرووزی عەرەبی لەگەڵ ڕۆحی شیعری کوردیدا ناگونجێ و بە یەکجاری (کێشی عەرووزی) و (بەرابەری بەیتەکان) و (بڕگەی عەرووزی) وەلانا و گەڕاوە سەر بنەڕەتی شیعری کوردی (کێشی بڕگەیی). گۆران بە ئیمانێکی قووڵەوە دەستی بەم کارە کرد و ڕاشکاوانە دەیگوت: "مۆسیقای بەحرەکانی عەرووزی، بێجگە ئاھەنگ، شتێک بە ھەست و نەستی مرۆڤ نابەخشێت. تەنیا ئەوانە چێژ لەم کێشە دەبینن کە خۆیان دانەری بوون و پێی ڕاھاتوون. شیعری کوردی ئەم دیارییەی بۆ قووت ناچێ."
گۆڕانکارییەکانی گۆڕان، زۆر زوو پێشوازی لێکرا و شاعیرانێکی زۆر ڕوویان تێکرد؛ شاعیرانێ وەک: موکری، ھەرەوی و … بە لاسایی گۆران شیعریان ھۆنییەوە. دووپاتە بوونەوەی بەردەوامی شێوازی گۆران بووە ھۆی مەندی و لەجووڵە کەوتنی بزاڤی نوێی شیعری کوردی و سەرھەڵدانی قەیرانێکی تازە. لەگەڵ کرانەوەی چاو و دڵی شاعیران بە شیعری نوێی وڵاتانی دەوروبەر، شیعری ئازاد یان شیعری سپی کوردی چاوی بە دنیا ھەڵێنا. شاعیرانی شیعری ئازاد لە سێ بەرەدا، بریتین لە:
ڕەوتی نوێخوازیی شیعری کوردی، لە کوردستانی ئێران، پاش شەپۆلی گۆڕانکاری شیعری لە وڵاتانی دراوسێ دەستی پێکرد. پاش شۆڕشی شیعری نیما لە ئێران و گۆڕانی شیعری کوردی لەلایەن گۆرانەوە لە کوردستانی عێراق، شاعیرانێ وەک کاک سوارە، ھەڵۆ، ھاوار، چاوە و … بە سوود وەرگرتن لە شۆڕشی شیعری نیما و ڕێکخستنی لەگەڵ وێژە و شیعری کوردی، بەرەو نوێخوازی شیعری کوردی ھەنگاوی باشیان نا.
لە ئاخرەکانی دەیەی پەنجای ھەتاوی و سەرەتاکانی دەیەی شەست، شاعیرانێ وەک جەلال مەلەکشا، عەلی حەسەنیانی و شەریف حسەین پەناھی (شەریف) لەم بوارەدا قەڵەمیان بە دەستەوە گرت. لە دەیەی حەفتادا کۆمەڵێک شاعیری لاو سەریان ھەڵدا کە بە ئاگاداری لە گۆڕانکارییەکانی شیعری جیھان، بەرھەمی تازە و جیاوازیان خولقاند. کەسانێ وەک: مارف ئاغایی، فەرەیدوون ئەرشەدی، ژیلا حسەینی، محەممەدساڵح سووزەنی، ڕەحیم لوقمانی، سیمین چایچی، کولسووم عوسمانپوور و … و ھەروەھا لەم ساڵانەدا شاعیرانێکی لاوتر وەک: ئیبراھیم ئەحمەدی نیا، بێھزاد کوردستانی، ئەمین گەردیگلانی و… بە کاری نوێتر و جیاوازتر، کەشێکی تازەیان لە شیعری کوردی بەدی ھێنا.
لە شێوەزاری کوردیی باشووری لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و ناوچە لەکنشینەکانی پارێزگای لوڕستان لە باشووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم گۆڕانکارییەکانێکی ئێجگار قووڵێک لە شیعری شێوەزارەکانی کوردیی لەکی و کەڵھوڕی بەدیھینراوەتەوە. شاعیرانێک وەکوو کۆسار بێستوونی، سەعید عیبادەتیان، جەلیل ئاھەنگەرنەژاد، زاھیر سارایی، جەلیل سەفەربەیگی، ئارەش ئەفزەڵی، ڕزا مۆزوونی، شێردڵ ئێڵپووڕ، ناھید محەممەدی، عەلی ئولفەتی، فەریاد شیری، ئیحسان نەجەفی، ڕێوار ئاودانان، مستەفا بەیگی و دەھان کەسێکی دیکە لە شاعیرانی نوێژەنی ناوچەی باشووری ڕۆژھەڵاتی کوردستانن کە فۆرمەکانی مۆدێرنیان لە شیعری کوردیی باشووری ئەزموون کردووەتەوە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە شیعر تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article شیعر, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.