زارا محەممەدی یان زەھرا محەممەدی (لەدایکبووی ١٩٩٠ لە دێولان) چالاکی فەرھەنگی و مامۆستای زمانی کوردییە.
ئەو وەکوو یەکێک لە ١٠٠ ژنی کاریگەر لە ساڵی ٢٠٢٢، لەلایەن بی بی سییەوە دەستنیشان کرا. زارا محەممەدی بەھۆی فێرکردنی زمانی دایکی بە خەڵک، سزای پێنج ساڵ گرتنی لە بەندیخانەی ژنانی سنەی بەسەردا سەپێنرا کە دوای دوو ساڵ ئازاد کرا. دادگای شۆڕشی سنە زارای بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ڕێگەی دروستکردنی گرووپ و دەستەی تۆمەتبار کرد. ھەروەھا ئەو ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرھەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژینە.
زارا محەممەدی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٩٠ |
نیشتەجێی | سنە |
نەتەوە | کورد |
پەروەردە | ماستەری جوگرافیای سیاسی |
خوێندنگە | زانکۆی سنە |
پیشە | چالاکی فەرھەنگی، مامۆستای زمانی کوردی |
وەکیل | جوامێر عەبدوڵڵاھی |
ناسراوە بە | مامۆستای زمانی دایکی، زارای نیشتمان |
ئایین | ئیسلام (سوننە) |
تۆمەتی تاوانباری | تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ڕێگەی دروستکردنی گرووپ و دەستە |
سزای تاوانباری | ٥ ساڵ گرتن لە بەندیخانە |
دۆخی دادوەری | لە ڕێکەوتی ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە لە لقی ژنانی بەندیخانەی سنە زیندانی کرا. سەرەنجام لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٣، بەبێ ئاگاداریی خۆی و پارێزەر و بنەماڵەکەی لە زیندان ئازاد کرا. |
ھاوسەر | سەیوان ئیبراھیمی |
زارا محەممەدی لە ساڵی ١٩٩٠ لە گوندی سەراوڵە، دێولان، پارێزگای سنە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. ئەو ماستەری جوگرافیای سیاسی لە زانکۆی سنە وەرگرت و زیاتر لە ١٠ ساڵان لە سنە و گوندەکانی دەوروبەر زمانی کوردی فێری خەڵک کردووە. زارا ژیانی ھاوژینی لەگەڵ سەیوان ئیبراھیمی پێکھێنا کە ئەویش ئەندامی ئەنجومەنی نۆژینە.
زارا بە یەکەم جار لە ئایاری ٢٠١٩ دەستبەسەر کرا کە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ھەتا ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆتاییی دۆسیەکەی ئازاد کرا. دواتر لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی پێکھێنانی گرووپ و دەستە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دەرچوونی سزای ١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی پێکھێنانی گرووپ لە کاتێکدایە کە زارا محەممەدی تەنیا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجومەنەی لە ھەموو تۆمەتەکان بێ بەری کردبوو. ئەم سزایە لە ھەمان ساڵدا لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مستەفا تەیاری بۆ ٥ سال بەندکران کەم کرایەوە.
پاش شەش مانگ لە زیندانیکردنی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە، ڕۆژی یەکشەمەی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەھۆی نەخۆشکەوتنی باوکی مۆڵەتی ١٠ ڕۆژ ھاتنە دەرەوەی پێ درا بە مەبەستی چاوپێکەوتنی باوکی، بەسود وەرگرتن لە مافی وەرگرتنی مۆڵەت.
لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٣، زارا لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام گرتەیەکی ڤیدیۆییی بڵاوکردەوە و ڕای گەیاند
« | ئەمڕۆ ھەینی درەنگانی ئێوارە بەبێ ئاگاداریی خۆم، بنەماڵەم، ھاوڕێیان و ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین و پارێزەری بەڕێزم، بە شێوازێکی بەتەواوەتی بەپەلە لە بەندینخانە دەرکرام بەبێ ئەوەی کە داخوازیی لێبووردن لەلایەن خۆم یان پارێزەرەکەمەوە پێشکەش کرابێ. و پێشتر من خۆم بە بەندینخانەم ڕاگەیاندبوو، و لەڕێگەی پارێزەرەکەشم بە دەزگای دادوەری ڕام گەیاندبوو کە بە ھیچ شێوازێک داخوازیی لێبووردن پێشکەش ناکەم. بە ھیچ شێوازێ ئەم داخوازیشمە قەبووڵ نییە. ھەروەھا پێشتر، دەستبەسەرکردنم و سزادانم بە شێوازێکی بەتەواوەتی ناڕەوا، بەبێ بڕیاری خۆم و بەدەستی خۆم نەبوو، ئەمڕۆیش دەرکرانم لە بەندینخانە بە ھیچ شێوازێ بەدەستی خۆم نەبوو چونکە من باوەڕم بە بیروباوەڕ و بە ڕێگاکەی خۆم ھەیە؛ و تا کۆتاییی ژیانم لەسەر بیروڕاکەم ھەم، و تا کۆتاییی ژیانم درێژەدەری بیروڕاکەمم. | » |
لە کۆتاییی گرتەکەدا بە دوو کۆپلە لە دیوانی قانع کۆتاییی بە گرتەکە ھێنا.
گەر چی دوژمن وا ئەزانێ من بە دیلی لاڵ ئەبم | باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابیخانەیە | |
بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر ئەبێ | قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی ھیوای بە بەندیخانەیە |
لەگەڵ ئەوەی زارا سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای ساڵ و مانگێک ئازاد کرا، کە ھەفتەیەک بەر لە ئازادکردنەکە، ڕێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی فەرمانی لێبووردنی بۆ ھەزاران کەسی خۆپیشاندانەکانی ٢٠٢٢ی ئێران دەرکرد.
٢٠٢٣: یەکەمین خەڵاتی جەماڵ نەبەز
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە زارا محەممەدی تێدایە. |
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article زارا محەممەدی, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.