تاھیر تۆفیق ئاوڕەحمان حەمەد شێخانی (ناسراو بە تایەر تۆفیق؛ بە کوردیی باکووری: Tahîr Tewfîq) گۆرانیبێژێکی کورد بوو.
تایەر تۆفیق Tahîr Tewfîq | |
---|---|
ھەروەھا ناسراوە بە | ھونەرمەندی گەل |
لەدایکبووی | ١٩٢٢ کۆیە |
بنەچە | کوردستان، عێراق |
مردووی | ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٧ (٦٥ ساڵ) کۆیە |
پیشە(کان) | گۆرانیبێژ |
تایەر تۆفیق نازناوی بنەماڵەکەی شێخانییە. لە ساڵی ١٩٢٢ لە شاری کۆیە لە گەڕەکی بەفری قەندی ھاتووەتە دونیاوە. لە ساڵى ١٩٢٩ لە تەمەنی ۷ ساڵیدا باوکی بردوویەتی بۆ حوجرەی (مەلای ڕەش) و لەوێ خوێندنی قورئانی تەواو کردووە. ھەر لەوێشەوە فێری ئەلف بێی کوردی و عەرەبی بووە. لە ساڵی ١٩٣٢ دەچێتە خوێندنگای سەرەتایی و لەبەر زیرەکیی لە پۆلی دووەم دادەنرێت و تاکو پۆلی سێیەمی ناوەندیی خوێندووە. لە ساڵى ١٩٣٦ لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا کە لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە بەھرەی گۆرانیبێژیی ھەبووە و مامۆستاکانی ھانیان داوا سروود و گۆرانی بڵێت. لە ساڵانی ١٩٤٢ – ١٩٤٣ بەھۆى گرانى و ھەژارییەوە دەست بەرداری خوێندن دەبێت و لە شارەوانی کۆیە دەبێتە کرێکار ماوەیەکیش لەگەڵ حەمە تەیاری حەمە فەندی بە فەرمانبەری چووەتە بەسڕە. لە ساڵی ١٩٤٥ دەچێتە ئێستگەی ڕادیۆی بەغدا حەفتانە بۆ نیو سەعات گۆرانی دەڵێت، بۆ یەکەم جاریش گۆرانی (ئەی لە گورێ لە سۆرە گورێ) و بەستەی (کراس زەردێ)ی تۆمارکردووە و بڵاوی کردووەتەوە. تایەر لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٥٦ دەگەڕێتەوە ھەولێر و دەبێتە فەرمانبەر بە کاتبی ناحیەی سیدەکان. لە ساڵی ١٩٥٧ دەچێتەوە بەغدا و لە دوای شۆڕشی ١٤ی تەممووز ١٩٥٨ دەگەڕێتەوە کۆیە. ساڵی ١٩٧٥ ژیانی ھاوسەریی پێک ھێناوە و خاوەنی پێنج کوڕە بەناوەکانی ( سروود، سامان، سەنگەر، ماردین و ڕابەر). تایەر لە ساڵی ١٩٨٠ تووشی پاڵە پەستۆی خوێن و شەکرە دەبێت چەند جاریش بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی چووە بۆ دەرەوەی ووڵات بەڵام بێ سوود بووە.
تایەر تۆفیق لەسەرەتای ژیانی ھونەریدا کەوتووەتە بەر کاریگەریی گۆرانیبێژە لێھاتووەکانی ئەوسای کۆیە وەک سێوە و مەلا ئەسعەد و سوودێکی زۆریشی لە ھونەرمەند ئەحمەدی حەمە مەلا وەرگرتووە، بەڵام کاتێک کە بازووی ھونەری گۆرانی گوتنی بەھێز بووە، ھەوڵی داوە دەنگ و ڕێبازی تایبەتی خۆی ھەبێ و لە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی ڕابووردووەوە بووەتە گۆرانیبێژێکی خاوەن دەنگ و ڕێبازی تایبەتی خۆی.
لە بەناوبانگترین گۆرانیی «شیرن بەھارە» کە ھۆنراوەی ئیبراھیم ئەحمەدە و بە یەکێک لە بەچێژترین گۆرانییە کوردییەکان دادەنرێت.
تایەر تۆفیق لە ساڵی ١٩٤٥ەوە بووەتە سەر دەستەی مەقامبێژانی سەر شانۆی ئاھەنگەکانی نەورۆزی کورد و گەلێک گۆرانی نیشتمانی و نەتەوەیی بە دەنگە خۆشەکەی چڕیوە و گوێگرانی سەرسام کردووە، و تایەر خاوەن دەنگێکی زوڵاڵی دڵکێش بووە و باشترین دەقی شاعیرە مەزنەکانی کوردی بۆ ئاوازەکانی ھەڵبژاردووە.
تایەر تۆفیق شیعری شاعیرانی زۆری کردووە بە گۆرانی، وەکوو:
و شاعیریرانی تر وەکوو : مستەفا بەگی کوردی، سافیی ھیرانی، تایەر بەگی جاف، عوسمان عەونی، ھەژار، ھێمن، گۆران، مەدھۆش، دڵدار، دڵزار، مەجید ئاسنگەر، بێخود، و شارەزا.
تایەر تۆفیق بەھونەرمەند و کەسێکی خاوەن ھەڵوێستی نیشتمانی ناسراوە و لەھیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا گۆرانی بۆ کاربەدەستانی میریی نەوتووە و ھەموو گۆرانییەکی بۆ کورد و بۆ شادکردنی دڵی ھونەردۆستانی چڕیوە.
لە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٧ لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی لە شاری کۆیە لە گۆڕستانی غەریبان بە خاک سپێردرا. ڕۆژی کۆچی دواییشی بە ڕۆژی ھونەر ناسێنراوە لە کۆیە.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article تایەر تۆفیق, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.