لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیدا، بەیت چیرۆکێکی زارەکییە کە شێوەی ھۆنراوە یا ئاوێتەیەک لە ھۆنراوە و پەخشانی ھەیە و، لەسەر «ھەوا»ی تایبەتی خۆی، بەیتبێژ یا خۆشخوان لە مەکۆ و کۆڕەکاندا دەیخوێنێ.
بەیت دانەرەکەی نادیارە و پشاوپشت ھاتووە. بەڵام بڕێ چیرۆک ھەن کە لەسەر ھەوای بەیت دانراون و ھەمان مەبەستیشیان بە دواوەیە و دانەرەکەیان دیارە کێیە؛ ئەم چیرۆکانەش ھەر بە بەیت دەژمێردرێن، وەک بەیتەکانی عەلی بەردەشانی. ناواخنی بەیت دەتوانێ ئوستوورە، بەسەرھاتی پاڵەوانان یا دڵداران، ڕووداوەکانی مێژوو، دەرسی ئەخلاقی یا عیرفانی، یا وێکخراوییەک لە دوو یا چەند دانە لەمانە بێت. گێڕانەوەی چیرۆک لە بەیتدا ھێمانێکی بەرچاوە و دەکرێ بوترێ بەیت چیرۆکە شیعرە (narrative verse). پتر وایە کە لە ھەر بەیتێک چەن گێڕانەوەی جیاواز لە ناوچەکانی کوردستاندا بە سەر زارانەوەیە، بەڵام ناوەرۆکیان زۆر جاران ھەر یەکێکە.
ژمارەیەک لە بەیتە بەناوبانگەکان ئەمانەن: دمدم، مەم و زین، زەمبیلفرۆش، خەج و سیامەند، لاس و خەزاڵ، سەیدەوان، ناسر و ماڵماڵ، برایمۆک، کاکە میر و کاکە شێخ، شێخ مەند و شێخ ڕەش، شۆڕ مەحموود و مەرزینگان، شێخ فەرخ و خاتوون ئەستێ، شێخی سەنعان.
وشەی بەیت قسەی زۆر لەسەرە. ھەندێک بردوویانەتەوە سەر بەیتی عەرەبی، ھەندێکیش پێیان وایە لە وشەی بەیات، کە جۆرە ئاوازێکە، کەوتووە. ھەندێکیش دەڵێن لەوانەیە لە وشەی pad -ی ئەوێستایی بە مانای شیعر کەوتبێ. بڕێ کەسی تریش دەڵێن کە بەیت ھەمان وشەی بەندە، بە مانای پارچە شیعر یا گۆرانی، کە شێوەی گۆڕاوە.
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article بەیت, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.