فایەق کوڕی مەلا عەبدوڵڵای زێوەر ناسراو بە بەختیار زێوەر شاعیرێکی دیاریی کوردی سەدەی بیستەم بوو.
لە ساڵی ١٩٠٨ لە سلێمانی لەدایکبووە. بەھۆی نەخۆشییەوە نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ کرا، شەش مانگ دوای نەشتەرگەرییەکە لە ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٢ لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گردی جۆکا لە تەنیشت باوکییەوە نێژرا.
بەختیار زێوەر | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٠٨ سلێمانی |
مەرگ | ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٢ سلێمانی |
نەتەوە | کورد |
پیشە | شاعیر |
فایەق کوڕی زێوەری شاعیری کوردە. وەکو زۆربەی منداڵانی ئەو سەردەمە لە حوجرە خوێندوویەتی. پاشان چووە بۆ قوتابخانە و پۆلی شەشەمی سەرەتایی تەواو کردووە. پاشان قوتابخانەی برینپێچی ئاژەڵی تەواو کردووە. لە ھەندێ لە ئاوەدانییەکانی ناوچەی سلێمانی و شارۆچکەی پردێ (ئاڵتوون کۆپری) خەریکی ئەم کارە بوو. لە ساڵی ١٩٤٦ کاتێک قوتابخانەی ناوەندی شەو لە سلێمانی کرایەوە بووە قوتابی ئەوێ و ساڵی ١٩٤٨ پۆلی سێیەمی ناوەندی تەواو کردووە.
لە منداڵییەوە شوێنەواری ھەندێ نەخۆشی لە بەختیاردا دەرکەوتووە، لەوانە ڕۆشنایی چاوێکی کز بووە و لەو شتە پێویستییەی ژیان بێ بەش بووە. ھەروەھا گرفتاری کێشەیەکی تر بووە، ئەویش نەخۆشی مێشک. لە ساڵی ١٩٤٨ کە باوکی کۆچی دوایی کردووە، نەخۆشییەکە زیاتر تەشەنەی کردووە و بەدەست ئازاری دژوارەوە ناچار بووە پەنا بۆ پزیشکانی بەغدا ببات.
دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەی بەغدا نەشتەرگەریی مێشکیان بۆ کرد و کاسەی سەریان ھەڵدایەوە، پاش نەشتەرگەرییەکە بە شەش مانگ، لە ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٢ کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گردی جۆکا لە تەنیشت باوکییەوە نێژرا.
سەد شوکری خودا پاکە دەروونم لە عەداوەت | وەک بەعزە کەسێ نیمە دڵی پڕ لە قەساوەت | |
ئەحواڵی سیاسەت نە ئەپرسم نە ئەزانم | عاشق بە قسەی عاقڵ و دانایی زەمانم | |
قەت چەرخی فەلەک ناکەمە دوژمن بە ژیانم | چۆن دێت و دەچێ لەککەیی ئەو ناخەمە شانم | |
قەرزی ئەم و ئەو ناخەمە پشتگوێ بە فڕوفێڵ | بۆ نانی بەلاش نیمە خەیاڵێ کە ببم وێڵ | |
سواڵی عەرەق و ئەلبیسە و قۆندەرە ناکەم | مەیلی شەڕە جرت و قسەیی مەسخەرە ناکەم | |
خوو نادەمە سەر کۆنکەن و سەر پۆکەر و ڕامی | گوێ نادەمە سەر شیعر و غەزەلیاتی غەرامی | |
ئەم ڕێیە کە گرتوومە لەلام ڕاست و ڕەوانە | بەم ڕەنگە ژیانی بەشەرییە چ جوانە |
لە ھۆنراوەیەکدا بە ناوی «فیدات بم خاکی کوردستان» لە ٢٢ تشرینی یەکەمی ١٩٤٣، بەختیار لەگەڵ کوردستان موناجات دەکات، سۆزی دەگاتە پلەیەک سۆفی بۆ کردگاری ھەڵدەڕێژێ:
فیدات بم خاکی کوردستان
نموونەی جەننەتی عەدنان
لەسەر تا خوار
گوڵ و گوڵزار
دڵی غەمبار ئەکا دەرمان
فیدات بم خاکی کوردستان
ھەوارگە و دیمەنی جوانت
لە گەرمێن و لە کوێستانت
بە بێگانە
وەکوو تانە
ئەڵێن گیانە منم لوبنان
فیدات بم خاکی کوردستان
بە سەیری تۆ منی مسکین
فەرەح دێتە دڵم چین چین
لەوێ دابەش
ئەبێ بۆ لەش
وەکوو ئاتەش ئەکا جەولان
فیدات بم خاکی کوردستان
بەڵێ گوڵ خۆی کە ئەنوێنێ
بینای ھەستێم ئەلەرزێنێ
بەڵام وەک تۆ
گوڵێکی نۆ
بە ڕەنگ و بۆ نییە قوربان
فیدات بم خاکی کوردستان
لە بیرمە وەک شتێ مەعلووم
مناڵ بووم عاشقی تۆ بووم
کە مامۆستام
لە ڕیز دای نام
وتی ئەی خام بنووسە جوان
فیدات بم خاکی کوردستان
ئەویش نەبوایە باوەڕکە
گڵ و بەردت کە مووفەڕکە
ئەیانکرد کێش
دڵی پڕ ئێش
وەک ئاسنکێش بەبێ تاوان
فیدات بم خاکی کوردستان
لەسەر من فەرزە تا مردن
لە وەسفی تۆ خەیاڵ کردن
بە شیعری جوان
وەیا پەخشان
دڵی ئینسان بکەم حەیران
فیدات بم خاکی کوردستان
بەڵام بۆ خزمەتت گیانە
ئومێدی من بە پیاوانە
ئەوان زۆرجار
ھەزاران کار
ئەکەن ڕزگار بەبێ دامان
فیدات بم خاکی کوردستان
This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article بەختیار زێوەر, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.