باخچەی وشەکان

باخچەی وشەکان (بە ژاپۆنی: 言の葉の庭، بە ڕۆماجی: کۆتۆنۆھا نۆ نیوا) فیلمێکی درامیی ئەنیمێی ژاپۆنیی ٢٠١٣یە، کە نووسین، دەرھێنان و ئامادەکردنی لەلایەن ماکۆتۆ شینکای بۆ کراوە.

لەلایەن کۆمیکس وەیڤ فیلمز بە ئەنیمەیشن کراوە و لەلایەن تۆھۆ دابەش و بڵاو کراوەتەوە. مییوو ئیرینۆ و کانا ھەنازاوا ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە، و مۆسیقاکەی لەلایەن دایسوکێ کاشیوا بۆ دانراوە لە جیاتیی تێنمۆن، کە ئاوازی بۆ زۆربەی فیلمەکانی پێشووی شینکای داناوە. ئاوازی گۆرانییەکە، «باران (Rain)»، لە بنەڕەتدا لەلایەن سێنری ئۆی لە ١٩٨٨ نووسراوە و جێبەجێ کراوە، بەڵام بۆ فیلمەکە دووبارە دروست کرایەوە و لەلایەن مۆتۆھیرۆ ھەتا وترا. فیلمەکە لە مانگایەکەوە، کە وێنەکردنەکانی لەلایەن میدۆری مۆتۆھاشی بۆ کراوە دروست کراوە، و دواتر لەلایەن شینکای کراوە بە ڕۆمان، کە ھەردووکیان لە ھەمان ساڵی فیلمەکە بوون.

باخچەی وشەکان
باخچەی وشەکان
پۆستەری سینەمایی
言の葉の庭
(کۆتۆنۆھا نۆ نیوا)
چەشندراما، ڕۆمانسی
مانگا
نووسەرماکۆتۆ شینکای
وێنەکێشمیدۆری مۆتۆھاشی
بڵاوکەرەوەکۆدانشا
بڵاوکەرەوەی ئینگلیزی
NA
ڤێرتیکاڵ
دێمۆگرافیاسێینن مانگا
گۆڤارئافتەنوونی مانگانە
وەشانی ڕەسەن٢٥ی نیسانی ٢٠١٣٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣
بەرگەکان١
فیلمی ئەنیمێ
دەرھێنەرماکۆتۆ شینکای
بەرھەمھێنەرنۆریتاکا کاواگوچی
نووسەرماکۆتۆ شینکای
ئاوازداناندایسوکێ کاشیوا
ستودیۆکۆمیکس وەیڤ فیلمز
مۆڵەتنامە لە لایەن
AUS
مادمان ئینتەرتەینمنت
NA
سێنتای فیلمۆرکز
ئەنیمێ لیمیتد
بڵاوبوونەوە
  • ٢٨ی نیسانی ٢٠١٣ (2013-04-28) (گۆڵد کۆست)
  • ٣١ی ئایاری ٢٠١٣ (2013-05-31) (ژاپۆن)
ماوەی پەخش٤٦ خولەک
زنجیرەڕۆمان
نووسەرماکۆتۆ شینکای
بڵاوکەرەوەکادۆکاوا شۆتین
دێمۆگرافیاسێینن
گۆڤاردا ڤینچی
وەشانی ڕەسەنئەیلوولی ٢٠١٣نیسانی ٢٠١٤
بەرگەکان١
باخچەی وشەکان دەروازەی ئەنیمێ و مانگا

فیلمەکە سەرنج دەخاتە سەر تاکاوۆ ئاکیزوکی، پێڵاوسازێکی ١٥ ساڵ کە حەزێکی زۆری بۆ دروستکردنی پێڵاو ھەیە، و یوکاری یوکینۆ، ژنێکی ٢٧ ساڵی سەیر کە ئاکیزوکی بەردەوام لە بەیانییە باراناوییەکاندا لە باخچەی نیشتیمانیی شینجوکو گیۆئین چاوی پێ دەکەوێت. لەکاتێکدا تاکاوۆ وانەی بەیانیانی خۆیی لەبەر دروستکردنی پێڵاوەکان جێ دەھێشت، یوکاری لەبەر کێشە تایبەتییەکانی ژیانی پیشەییی خۆی، خۆی لە کار دەدزییەوە. یوکاری ھیچ شتێک دەربارەی خۆی بۆ نموونە ناوی خۆی بە تاکاوۆ ناڵێت، لەکاتێکدا تاکاوۆ بە وتنی تامەزرۆییی خۆی بۆ پێڵاوەکان و پێشکەشکردنی دروستکردنی جووتێک پێڵاو بۆ یوکاری دەست پێ دەکات. کە تاکاوۆ کەسایەتیی یوکاری دەناسێت، ھەستەکان دەگەنە لووتکە چونکە ھەردووکیان تێدەگەن کە یەکترییان فێر کردووە «چۆن بە پێ بڕۆن». شینکای چیرۆکەکەی بە ناونیشانی چیرۆکی «دڵتەنگیی تەنیایی»، لەسەر بنەمای مانای وشە کۆنە ژاپۆنییەکە بۆ «خۆشەویستی» نووسی، و پێڵاوەکانی وەک خوازەیەک بۆ ژیان بەکارھێنا. بیرۆکە سەرەکییەکانی چیرۆکەکە بریتین لە باران، شیعرەکانی مان یۆشوو، و باخچە ژاپۆنییەکە. بە وتەی شینکای، جیاوازیی تەمەن لەنێوان دوو کەسایەتییە سەرەکییەکە و تایبەتمەندییەکانیان ئەوە دەردەخات کە چۆن خەڵک بەشێوەیەکی پچڕپچڕ و بەناڕێکی پێگەیشتوون، ھەتا ھەندێ جار باڵغەکانیش ھەست بە پێگەیشتنی زیاتر لە مێردمناڵەکان ناکەن.

بۆ یەکەم جار باخچەی وشەکان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠١٣ لە فێستیڤاڵی گۆڵد کۆست فیلم لە ئوسترالیا نمایش کرا و لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٣ لە ژاپۆن بڵاوکردنەوەیەکی گشتیی ھەبوو. بۆ یەکەم بڵاوکردنەوەی ژاپۆنی، فیلمەکە لەگەڵ کورتەئەنیمەیشنێک بەناوی دارێکا نۆ مانازاشی (だれかのまなざし، وەرگێڕانی وشە بە وشە: تێڕوانینی کەسێک)، کە ھەر لەلایەن شینکای دەرھێندراوە نمایش کرا. باخچەی وشەکان خشتەیەکی بڵاوکردنەوەی نائاساییی ھەبوو چونکە لەو کاتەی یەکەم نمایشی سینەماییی ژاپۆنیی ھەبوو، لە ھەمان ڕۆژدا بە دیجیتاڵی لەسەر ئایتیوونس بڵاو کرایەوە، و لە ٢١ی حوزەیران، دی ڤی دی و بلوڕەیەکەی بڵاو کرانەوە لەکاتێکدا فیلمەکە ھێشتا لە سینەماکان بوو. فیلمەکە لەلایەن سێنتای فیلمۆرکز لە ئەمریکای باکوور، ئەنیمێ لیمیتد لە شانشینی یەکگرتوو و مادمان ئینتەرتەینمنت لە ئوسترالیا مۆڵەتی پێ دراوە. فیلمەکە ماوەیەکی باش لە سینەماکان نمایش کرا و لە چەندین بۆنەی فیلمی ناوخۆیی و جیھانی میوانداری کرا. بە درێژاییی ٢٠١٣ لە کۆگای ئایتیوونس پلەیەکی بەرزی ھەبوو، و وەک باشترین ئەنیمەیشنی ساڵ لە باشترینی ٢٠١٣ی ئایتیوونس ھەڵبژێردرا. خەڵاتی فیلمی سینەماییی کۆبیی ساڵی ٢٠١٣ و خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەییی فانتازیا و فێستیڤاڵی شتووتگارتی فیلمی ئەنیمەیشنی بردەوە. پێداچوونەوە سەرھێڵەکان بەگشتی باش بوون لەگەڵ پێداھەڵدانی جیھانی بە نیگارکێشییەکە، ھەرچەندە بۆچوونەکان دەربارەی چیرۆکەکە، ماوەی چیرۆکەکە و سۆزی خاڵی وەرچەرخانی چیرۆکەکە جیاواز بوون.

چیرۆک

باخچەی وشەکان لە دەستپێکی وەرزی بارانبارین لە تۆکیۆ بە تاکاوۆ ئاکیزوکی (秋月 孝雄، ئاکیزوکی تاکاوۆ)، قوتابییەکی ١٥ ساڵ کە حەزی لە دروستکردنی پێڵاوە، وانەی یەکەمی جێ دەھێڵێت و لە باخچەی شینجوکو گیۆئین وێنەی دیزایینی پێڵاو دەکێشێت دەست پێ دەکات. لەوێ، بە یوکاری یوکینۆ (雪野 百香里، یوکینۆ یوکاری)، ژنێکی ٢٧ ساڵ کە کاری جێھێشتووە دەگات. یوکاری بە تانکایەک (جۆرە شیعرێکی ژاپۆنی) خواحافیزیی لێ دەکات، تاکاوۆ بەسەرسووڕماوی دەربارەی بنچینە و ماناکەی مایەوە. ئەم دووانە بەردەوام لە بەیانییە باراناوییەکاندا لە پارکەکە ڕووبەڕووی یەکتری دەبوونەوە و یەکترییان دەگشتاند، بەڵام ھەرگیز بەشێوەیەکی فەرمی خۆیان نەدەناساند. تاکاوۆ بڕیار دەدات کە جووتێک پێڵاو بە قەبارەی یوکاری دروست بکات. لەگەڵ کۆتاییھاتنی وەرزی بارانبارین، تاکاوۆ چیی تر سەردانی پارکەکە ناکات و جەخت دەخاتە سەر کارەکەی.

鳴神の 少し響みて
さし曇り
雨も降らぬか
君を留めむ

[گرمەی گڕی ھەورەگرمە
ئاسمانی ھەوری
لەوانەیە باران بارێ
ئەگەر باری، لێرە لەگەڵم دەمێنیتەوە؟]

یوکاری لە باخچەی وشەکان
لە مان یۆشوو، کتێبی ١١، دێڕەشیعری ٢٬٥١٣

دوای پشووی ھاوین، تاکاوۆ دەگەڕێتەوە قوتابخانە و بەڕێکەوت یوکاری دەبینێت، و بۆی دەردەکەوێت کە مامۆستای وێژەیە و بووەتە ئامانجی قسەوقسەڵۆک و چەوساندنەوە. یوکاری بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی زیاتر، خۆدوورخستنەوە لە کار و پاشەکشەکردنی/ھەڵھاتنی بۆ پارکەکە ھەڵبژارد، بەو ھیوایەی بتوانێت بەسەر ترسەکانی زاڵ بێت. ھەرچۆنێک بێت، واز لە کارەکەی دەھێنێت و قوتابخانەکە بەجێ دەھێڵێت. ئەو ئێوارەیە، تاکاوۆ لە پارکەکە چاوی بە یوکاری دەکەوێت و بە وتنی شیعری ٢٬٥١٤ھەمی کۆمەڵە شیعری ژاپۆنیی مان یۆشوو، کە وەڵامە دروستەکەیە بۆ تانکاکەی یوکاری، کە لە کتێبی وێژەی ژاپۆنیی کلاسیکی دۆزیبوویەوە، سڵاوی لێ دەکات. دوای ئەوەی بە بۆرانێکی بروسکاویی لەناکاو تەڕ بوون، ھەردووکیان بەرەو شوقەکەی یوکاری بەڕێکەوتن و بەیەکەوە ئێوارەیان بەسەر برد. کە تاکاوۆ دان بە خۆشەویستییەکەیدا دەنێت، یوکاری کاری تێ کرا، بەڵام بیری دەھێنێتەوە کە ئەو مامۆستایە، و دەگەڕێتەوە زێدی خۆی لە شیکۆکو. دوای ئەوەی تاکاوۆ خۆی دەبەخشێت، یوکاری بە ھەڵەی خۆی دەزانێت و بەدوایدا ڕادەکات. تاکاوۆ کە ھێشتا پەستە، بەتووڕەیییەوە لەو قسانەی کە کردبووی پاشگەز دەبێتەوە و ڕەخنەی لێ دەگرێت کە ئەوەندە کپە و ھەرگیز بە ڕوویدا نەکراوەتەوە. یوکاری باوەشی پێدا دەکات و ھەردووکیان دەگرین، و لەو کاتەدا یوکاری ڕوونی دەکاتەوە کە ئەوکاتەی بەیەکەوە لە پارکەکە بوون ڕزگاری کردووە.

鳴神の 少し響みて
降らずとも
吾は留まらむ
妹し留めば

[گرمەی گڕی ھەورەگرمە
ئەگەر بارانیش نەبارێت
لێرە دەمێنمەوە
بەجووت لەگەڵ تۆ]

تاکاوۆ لە باخچەی وشەکان
لە مان یۆشوو، کتێبی ١١، دێڕەشیعری ٢٬٥١٤

دیمەنەکانی کۆتایی ئەوە پێشان دەدەن کە تاکاوۆ بەزەحمەت تاقیکردنەوەکانی کۆتاییی تێدەپەڕێنێت، بەڵام ھێشتا بۆ ئامانجەکانی کار دەکات، لەکاتێکدا یوکاری دەگەڕێتەوە شیکۆکو و دەست بە پیشەی وانەوتنەوەکەی دەکاتەوە. لە دیمەنێکی پێش کۆتایی، تاکاوۆ لەو زستانە سەردانی پارکەکە دەکاتەوە، نامەیەک لە یوکارییەوە دەخوێنێتەوە، پێڵاوە تەواوکراوەکانی یوکاری لەسەر کورسییەکە دادەنێت، پاشان بەڵێنی ئەوە دەدات کە دوای ئەوەی لە پیشەکەی پێش دەکەوێت، دەیدۆزێتەوە.

مانگاکە و زنجیرەڕۆمانەکە جیاوازن لە فیلمە ئەنیمێکە. لە مانگاکەی میدۆری مۆتۆھاشی، دیمەنەکان یان زیاد کراون یانیش بە بەراورد بە داڕشتنی ئەنیمێیەکە کەمێک گۆڕانکاریی تێدا کراوە. بۆ نموونە، دوای تەواوبوونی وەرزە باراناوییەکە، تاکاوۆ نەیتوانی لەماوەی بەیانییەکی باراناویی ئەو ھاوینەدا سەردانی پارکەکە بکات چونکە لە بەرنامەیدا بوو کە سەردانی کۆلێژە پێڵاوسازییەکە کە ویستبووی ئامادە بێت بکات، و یوکاریی نائومێد کرد کە ھیوای بینینیی ھەبوو. لە کۆتاییی چیرۆکەکە، یوکاری دەبیندرێت کە ئەو پێڵاوانەی کە تاکاوۆ بۆی دروست کردووە لەپێی کردووە. لە ڕۆمانەکە، تاکاوۆ خۆی ئامادە دەکات تا لە ئیتاڵیا لە بواری پینەدۆزییەکەی درێژە بە خوێندن بدات، و ئاھەنگێکی لەگەڵ خێزانەکەی گێڕا. پێش ئەوەی بچێتە ئیتاڵیا، ھەموو مانگێک یان چەند مانگ جارێک نامەی لەگەڵ یوکاری ئاڵوگۆڕ دەکرد، و دواجار ناونیشانی ئیمەیلەکەی لە یەک لە نامەکان بەجێھێشت. ئێستا لە ھەر پەیامێک کە بە ناونیشانە ئیمەیلەکانیان بۆ یەکتری دەنێرن، خۆیان لە باسکردنی کێشە کەسییەکان بەدوور گرتووە بۆ نموونە گەر کەسێکیان بینبێت. لە ئایاری ٢٠١٨، تاکاوۆ چەند ڕۆژێکی پشووی ھەبوو و بڕیاری دا کە بگەڕێتەوە تۆکیۆ، و لەوێ لەگەڵ یوکاری لە باخچەکە یەکیان گرتەوە و ئەو پێڵاوانەی ڕادەست کرد کە بەڵێنی پێی دابوو.

کەسایەتییەکان

    تاکاوۆ ئاکیزوکی (秋月 孝雄، ئاکیزوکی تاکاوۆ)
    تاکاوۆ ئاکیزوکی قوتابییەکی ١٥ ساڵانی قۆناغی یەکەمی قوتابخانەی ئامادەیی، پێگەیشتوو و ڕەنجدەرە کە ئاواتەخوازە ببێتە پێڵاوساز. لە بەیانییە باراناوییەکاندا، قوتابخانە بەجێ دەھێڵێت تا لە پارکەکە دیزایینی پێڵاوەکان بکات. دەنگەکەی لەلایەن مییوو ئیرینۆ بە ژاپۆنی و پاتریک پووڵ بە ئینگلیزی دەربڕدراوە. لە دیمەنێک کە باسی منداڵیی خۆی دەکات، دەنگەکەی لەلایەن واتاروو سێکینێ بە ژاپۆنی و بلەیک شێپەرد بە ئینگلیزی دەربڕدراوە. لە کۆتاییی ناوی تۆ کە فیلمێکی تری ماکۆتۆ شینکایە، دەرکەوتنێکی کورتی بێدەنگی ھەیە.
    یوکاری یوکینۆ (雪野 百香里(«雪野 由香里» لە مانگاکە)، یوکینۆ یوکاری)
    یوکاری یوکینۆ ژنێکی سەیری تەمەن ٢٧ ساڵە کە تاکاوۆ لە بەیانییە باراناوییەکاندا لە پارکەکە چاوی پێ دەکەوێت. دواتر تاکاوۆ دەزانێت کە لە قوتابخانەکەی ئەودا مامۆستای کلاسیکیی ژاپۆنییە، و ئەویش دەوام بەجێدەھێڵێت، بەڵام ئەم بەھۆی قوتابییەکانییەوەیەتی کە دەیچەوسێننەوە. دەنگەکەی لەلایەن کانا ھەنازاوا بە ژاپۆنی و ماگی فڵێکنۆ بە ئینگلیزی دەربڕدراوە. ھەروەھا لە ناوی تۆ دەردەکەوێت، کە لە پۆلی میتسوھا ھەندێک وشەی کۆن بۆ «زەردەپەڕ»، لەنێویشیاندا کا وا تارێدۆکی دەڵێتەوە کە بۆ چیرۆکەکە گرنگە.
    دایکی تاکاوۆ
    دایکی تاکاوۆ تەمەن ٤٧ ساڵە کە لە باوکی تاکاوۆ جیا بووەتەوە، کە زیاتر جەختی لە ژیانی خۆشەویستیی خۆی کردەوە وەک لە ژیانی خێزانەکەی. دەنگەکەی لەلایەن فومی ھیرانۆ بە ژاپۆنی و شێڵی کاڵین بڵاک بە ئینگلیزی دەربڕدراوە.
    برای تاکاوۆ
    برای تاکاوۆ تەمەن ٢٦ ساڵە، کە ماڵەوە بەجێ دەھێڵێت تا لەگەڵ کچەھاوڕێکەی بژیت، بە ھەوەس داخوازییەکەی تاکاوۆ بۆ دروستکردنی پێڵاو ڕەت دەکاتەوە. دەنگەکەی لەلایەن تاکێسی مایادا بە ژاپۆنی و کڕاش بیوست بە ئینگلیزی دەربڕدراوە.
    کچەھاوڕێکەی برای تاکاوۆ
    کچەھاوڕێکەی برای تاکاوۆ تەمەن ٢٤ ساڵە و لەگەڵ تاکاوۆ دۆستانەیە و شەیدای پێڵاودروستکردنەکەی بووبوو. دەنگەکەی لەلایەن یوکا تێرازاکی بە ژاپۆنی و بریتنی کاربۆسکی بە ئینگلیزی دەربڕدراوە.
    ماتسومۆتۆ (松本)
    ماتسومۆتۆ ھاوڕێ و ھاوپۆلی تاکاوۆیە، ھەروەھا کوڕەھاوڕێی ساتۆیە. دەنگەکەی لەلایەن سوگورو ئینۆویێ بە ژاپۆنی و مایک یەیجەر بە ئینگلیزی دەربڕدراوە.
    ساتۆ (佐藤)
    ساتۆ ھاوڕێ و قوتابییەکی قۆناغی دووەمە لە قوتابخانەکەی تاکاوۆ. دەنگەکەی لەلایەن مێگومی ھان بە ژاپۆنی و ئاڵیسۆن سەمڕاڵ بە ئینگلیزی دەربڕدراوە.
    ئایزاوا (相沢)
    ئایزاوا قوتابییەکی قۆناغی سێیەمە لە قوتابخانەکەی تاکاوۆ کە ھەمیشە لەلایەن ھاوڕێکانییەوە دەورە دراوە، و سەرچاوەی کێشەکانی یوکارییە لە قوتابخانەکە. دەنگەکەی لەلایەن میکاکۆ کۆماتسو بە ژاپۆنی و ھیلاری ھاگ بە ئینگلیزی دەربڕدراوە.

بەرھەمھێنان

فیلمەکە لە شینجوکو دەستی پێ کرد و دیمەنەکانی پارکی نیشتیمانیی شینجوکو گیۆئینیشی تێدایە.

باخچەی وشەکان لەلایەن ماکۆتۆ شینکای، کە چیرۆکە ڕەسەنەکە و سیناریۆکەشی نووسیوە دەرھێندراوە. شینکای بەرپرسی ستۆریبۆردەکان، تێکەڵکردنی ئەنیمەیشن، کی ئەنیمەیشن، و دەستکاریکردن بوو. بە وتەی شینکای، ژمارەی زۆری ڕۆڵەکانی لە بەرھەمھێنانی ئیشەکانی بۆ بچووکیی قەبارەی کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە، و لەم فیلمەدا، ڕێگەی پێ داوە تا زۆربەی توخمەکانی فیلمەکە بدوورێت تا وردتر بیرۆکەکانی وێنا بکات.

فیلمەکە لەلایەن شینکای و کۆمیکس وەیڤ فیلمز بەرھەم ھێندرا، و بەرھەمھێنەرەکەش نۆریتاکا کاواگوچی بوو. کێنیچی چووچیا بەڕێوەبەری ئەنیمەیشن بوو، و بەرپرسی دیزایینی کەسایەتی بوو، لەکاتێکدا ھیرۆشی تاکیگووچی بەڕێوەبەری ھونەری بوو. پلاندانان بۆ فیلمەکە لە بەھاری ٢٠١٢ دەستی پێ کرد و لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ھەمان ساڵ ڕاگەیەندرا. لەسەرەتادا کاتی وەشانە ژاپۆنییەکە بۆ نیوەی یەکەمی ٢٠١٣ دیاری کرابوو. بەرھەمھێنان تەنیا شەش مانگی خایاند، کە بە گەڕانی شینکای بەدوای شوێنێک لە نزیک شینجوکو دەستی پێ کرد. بەفەرمی بەرھەمھێنان دوای ئەوەی شینکای ستۆریبۆردەکانی بەپێی ئەو وێنانەی کە گرتبوونی دروست کردبوو، دەستی پێ کرد.

شینکای لەسەرەتای ٢٠١٣ لە سازدانی کەرەستەکە بۆ مانگایەک نزیک بووەوە، کە دواتر لەلایەن میدۆری مۆتۆھاشی کرا. لە نیسان، شینکای وتی کە ئەو بەشداریی لە سازکردنەکە نەکردبوو، و بەتەواوی کارەکە بۆ ھونەرمەندی مانگاکە بەجێ دەھێڵێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڕوونی وتی حەزی لە بینینی بەرھەمی کۆتایییە.

ئیلھامەکان، بیرۆکەکان و خوازەکان

بەپێی ڕاگەیاندنی شینکای، لەسەرەتای ماوەی بەرھەمھێنانی فیلمەکەدا، باخچەی وشەکان یەکەم ھەوڵی بوو لە دروستکردنی چیرۆکێکی خۆشەویستی بە بەکارھێنانی مانا کۆنە ژاپۆنییەکە بۆ «خۆشەویستی». لە سەردەمی مان یۆشوو، وشە ژاپۆنییە خۆماڵییەکان کە ئەمڕۆ بە یاماتۆ کۆتۆبا (大和言葉، وەرگێڕانی وشە بە وشە: «وشە ژاپۆنییەکان») ناسراوە، دەستیان بەوە کرد کە بە بەکارھێنانی کانجی بنووسرێن، و وشەکەش بۆ «love»، کۆی (کە ئەمڕۆ بە 恋 دەنووسرێت) بە 孤悲، یان «lonely sadness» (بە کوردیی سۆرانی: دڵتەنگیی تەنیایی‎) بنووسرێت. وەک شینکای ئاماژەی پێ دا، چەمکێکی نوێتری «romance»، کە بە ren'ai (恋愛) نوێندراوە، بە کاریگەریی ڕۆژاواوە دەرکەوت. باخچەی وشەکان جەخت لە مانا ڕەسەنەکەی کۆی— «چاوەڕێکردنی کەسێک لە تەنیاییدا»—بەڵام لە بارێکی نوێدا دەکاتەوە. بە وتەی شینکای، تەنیایی توخمی سەرەکیی فیلمەکەیە. لە چاوپێکەوتنێکدا، وتی کە فیلمەکەی بە ھیوای دڵخۆشکردنی ئەو کەسانەی کە ھەست بە تەنیایی یان ناتەواوی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیاندا دەکەن دروست کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژەی بەوە دا کە «ئەم فیلمە وەک شتێک مامەڵە لەگەڵ تەنیایی ناکات کە دەبێت چارەسەر بکرێت.»

باخچەی وشەکان 
وێنە فۆتۆگرافییەکان (خوارەوە) وەک بناغەیەک لەگەڵ ھونەرە نیگارکێشییەکە (سەرەوە) کە لەسەریان کێشرابوون بەکارھاتبوون.

گەرچی بابەتی سەرەکیی فیلمەکە تەنیایییە، فیلمەکە باران و پێڵاوەکان وەک بیرۆکەی سەرەکی، لەپاڵ شیعرەکانی مان یۆشوو و باخچە ژاپۆنییەکە کە تێیدایە بەکاردەھێنێت. گەرچی باران ئاسایییانە بە خەم و خەفەت دەبیندرێت، بەڵام لە باخچەی وشەکان جیھان زیندووتر دەکات و دوو کەسایەتییە سەرەکییەکە لە حەقیقەتی ژیانیان و ئەو سنوورانەی کۆمەڵگا دەیسەپێنن دەپارێزێت. شینکای ئاماژەشی بە یەکسانیی نێوان خۆشەویستی و باران کرد—کە نە دەتواندرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن نە بوەستێندرێن.

بە وتەی شینکای، پێڵاوەکان خوازەیەک بوون بۆ ژیان چونکە یوکاری فێر بوو سەرلەنوێ ڕێ بکات، لەکاتێکدا پێڵاودروستکردنەکەی تاکاوۆ پەیوەندییەکەیانی نواند. بە ھەمان شێوە، ھەڵبژاردەی خواردن و خواردنەوەکانی یوکاری—سەرەتا بیرە و چوکلێت، بەھۆی فشاری دەروونی کە بووە ھۆی تێکچوونی ھەستی تامکردن—خوازەیەک بوو بۆ تەندروستیی سۆزداریی یوکاری.

کۆتایییە خەمناکەکانی زۆربەی فیلمەکانی شینکای کە باون، بۆ ھەستەکانی بەھەڵەتێگەیشتن و خۆشەویستیی یەکلایەنە دەگەڕێتەوە. بە وتەی شینکای، مەبەست لە چیرۆکەکانی ھاندانی ھەرزەکاران بووە چونکە ئەوان فێر دەبن کە مامەڵە لەگەڵ ئەزموونی ئەم شتە ئاسایییانە بکەن. لە چاوپێکەوتنێکدا، دانی بەوەدا نا کە ئەو ڕاھاتووە لەسەر ڕەتکردنەوەی لەلایەن ژنانەوە، پێیشی وا بوو کە چیرۆکەکانی ھاندەر بوونە چونکە کەسایەتییەکانی بەردەوام ھەوڵ دەدەن، سەرەڕای ئەوەی لە خۆشەویستی سەرکەوتوو نەبوون. باخچەی وشەکان ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە چۆن خەڵک پێناگەن کەچی بەڕێکی یان بەجوانپۆشی پۆشاک لەبەر دەکەن وەک زۆرجار ئێمە وا دەکەین. لەوانەیە شینکای خۆی لە ھەست نەکردن بە زیرەکی یان پێگەیشتوویی لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا، و بە وتنی، «ئێمە ھەموومان ھێشتا ھەر منداڵین لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا،» پەیوەندیی بە یوکارییەوە ھەبێت، کە قسەکەی خاڵێکە کە خانمەکتەری دەنگی، کانا ھەنازاوایش لەگەڵی ھاوڕا بوو.

بیرۆکە ڕەسەنەکەی باخچەی وشەکان لە حەزی شینکای بۆ وێنەگرتنی جوانیی دیمەنی ڕۆژانە لە تۆکیۆی ھاوچەرخ و پێشاندانی لە فیلمێکدا ھاتووە. شینکای بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە شینجوکو ژیاوە، و وەک شوێنی فیلمەکە ھەڵی بژارد و نزیکەی ھەزاران وێنەی لەوێ گرت، و لەسەر ئەو وێنانە ستۆریبۆردەکانی دروست کرد. شینکای دەیویست ئارامی و تەباییی شوێنە دڵخوازەکانی خۆی لە ژاپۆن بەش بکات بەو ھیوایەی ھانی خەڵک بدات تا سەردانی بکەن، بۆیە ئەو باخچەیەی لە فیلمەکەدا وەک باخچەی نیشتیمانیی شینجوکو گیۆئینی تۆکیۆ دروست کرد. دوای بوومەلەرزەکەی ١١ی ئازار، نیگەران بوو لەوەی کە ڕەنگە وێران ببێت بۆیە، ویستی لە فیلمێکی ئەنیمەیشندا بیپارێزێت.

ئەنیمەیشن

باخچەی وشەکان 
لەکاتی بەرھەمھێناندا، شێوازێکی نوێی ڕەنگکردن بەکارھات تا لاساییی شکانەوەی ڕووناکی لەسەر پێستی کەسایەتییەکان بکاتەوە.

باخچەی وشەکان وەک ئەنیمێ ژاپۆنییەکانی تر، بە بەکارھێنانی تێکەڵەیەک لە ئەنیمەیشنی بەدەست کێشراو، ڕۆتۆسکۆپینگ و ئەنیمەیشنی کۆمپیوتەر (CGI)، دواتر لەگەڵ کاراسانیی دیمەنە ڕاستەقینەکەی بارانە یەک لە دوای یەکەکانی فیلمەکە دروست کراوە. شینکای نیوەی باکگراوندەکانی فیلمەکەی بە بەکارھێنانی وێنە فۆتۆگرافییەکانی وەک بناغەیەک دروست کرد و پاشان بە ئەدۆبی فۆتۆشۆپ لەسەرەوە بەسەریدا ھاتەوە، لەکاتێکدا نیوەکەی تر دیمەنە خەیاڵییەکان بوون کە بە ئەنیمەیشنی سوننەتی و گرافیکەکانی کۆمپیوتەر دروست کرابوون. وەک فیلمەکانی تری، باکگراوندەکان ڕۆشنن و دیمەنەکان بەوردی کێشراون لەکاتێکدا کەسایەتییەکان بەوردەکاریی کەمتر کێشراون، بەڵام ھێشتا قایلکەر و ڕاستەقینەن.

بۆ دیمەنە باراناوییەکانی پارکەکە، ڕەنگی تەختەی ڕەنگەکە کەم کرایەوە، و سەوزێکی کەمڕەنگ بۆ گونجاندن لەگەڵ کەشە تاریک و باراناوییەکە بەکارھات، بەوەش وردەکاری و ناساندنی کەسایەتییەکان زیاد دەکات. گونجاندنی ڕەنگەکانی باکگراوندەکە و ڕێکوپێککردنی ڕووناکییەکە یارمەتیی بەرچاوکردنی ڕوخساری کەسایەتییەکانی دا. بە وتەی شینکای، دوای تاقیکردنەوەیەکی ورد شێوازێکی نوێی ڕەنگکردنی جیا لە شێوازەکانی تر ھەڵبژێردرا. شێوازەکە ڕەنگکردنی ھەر کەسایەتییەک لەگەڵ باکگراوندەکە یەک دەخات، «داھێنانێکی نوێ» کە لاساییی شکانەوەی ڕووناکی لەسەر پێست دەکاتەوە وەک لە سروشتدا دەبینرێت. ئەمە بە ڕەنگکردنی دیمەنی کەسایەتییەکە، وەک ئەو ھێڵانەی بۆ جیاکردنەوەی ڕووە ڕووناک و سێبەرکراوەکان کێشرابوون، و پاشان یەکگرتنی ڕەنگی باکگراوندەکە لەسەر ڕووەکە تەواو کرا. شینکای پێی وا بوو کە ئەم شێوازی ڕەنگکردنە وای لە ئەنیمێیەکە کردووە لەوانی تر جیاواز بێت.

دیزایین و داڕشتنی کەسایەتی

شینکای لە بنەڕەتدا تاکاوۆی وەک کوڕێک ھێنایە بەرچاوی خۆی کە دەیەوێت یارمەتیی خەڵک بدات، بەڵام پێیشی وا بوو کە پێویستە تامەزرۆییی بۆ کردنی شتێک ھەبێت، چونکە کاری ئافرێنەرانە شیاوی ھێنانەدی و خەڵاتکردنە. شینکای لە لیستێکی کاری دەستیی شاراوە کە خۆی دروستی کردبوو، وشەی «shoes»ی ھەڵبژارد. دوای تاقیکردنەوە بە پلانە سەرەتایییەکانی بۆ چیرۆکەکە، بۆی دەرکەوت کە کاری کرد، و دوای بیرکردنەوە، تێگەیشت کە پێڵاوسازەکانیش بە ڕۆیشتن یارمەتیی خەڵک دەدەن.

لەکاتی یەکەم پێشکەشکردنی چیرۆکە ڕەسەنەکە بۆ باقیی تیمەکەی، تیمەکە زانییان کە یوکاری بەڕێکەوت و بەبێ مەبەست وەک خۆپەرست تووش بووە. بۆ چارەسەرکردنی ئەمە، شینکای خاسییەتەکانی کەسایەتیی شڵەژاو و کەمیی کەسێتیی پێی دا، وەک ڕێگەدان بە ڕشتنی ھەستەکانی بەنەرمی لەکاتی ڕووداوە ناخۆشەکان. دواتر شینکای زانیی کە ھەندێک لەم خواری و خێچیی کەسایەتییانە و ڕووبەڕووبوونەوە پیشەیییە کاتییانە کە لە یوکاری بینراوە، لە کچەھاوڕێیەکی پێشووی ھەبوون، کە کورتەفیلمی ئەو و پشیلەکەیی بۆ ئەو نووسیبوو. سەرەڕای ئەوەی پێویستی دەکرد کەسایەتیی یوکاری قایلکەر بێت، بەڵام ھاوکات ئەو کێشانەی لە کەسایەتییەکەی ھەبوون ئەمەیان قورستر کردبوو، چونکە دەبوایە یوکاری کێشەی ھەبێت و لە ھەمان کاتدا سەرنجڕاکێشیش بێت. لایەنێکی کەسایەتیی یوکاری کە شینکای سەرنجی خستبووە سەر، دەرکەوتنی بوو. شینکای پێی وا بوو کە یوکاری دەبێت جلوبەرگی جوان، و بەتایبەتی پێڵاوی جوان لەبەر بکات. شینکای بۆ ھاوسەنگکردنی ڕیالیزم بە مۆدە، توێژینەوەی لەسەر پێڵاودروستکردن کرد، کاری لەگەڵ داڕێژەر و ڕێکخەرێکی جلوبەرگ کرد، و ھەفتانە لەگەڵ ستافەکەی چاوپێکەوتنی مۆدەی ئەنجام دەدا.

یەک لە «توخمە ڕاستەقینە ئاڵۆزەکان»ی کەسایەتیی یوکاری ھەستی پاکی بوو کە تەنیا دەنگی دەیتوانی بیگوێزێتەوە. ھەرچەندە گوێگرتن لە شریتی دەنگەکان چەند ڕۆژێکی خایاند، بەڵام لەکۆتاییدا شینکای کانا ھەنازاوای ھەڵبژارد، کە دەنگێکی سروشتیی زۆر نزمی ھەبوو، گەرچی ئاسایییانە ڕۆڵی کچانی گەنجتری دەنگ گەورەی دەگێڕا. یەک لەو شتانەی کە دەنگی ھەنازاوا کاری لە شینکای کرد توانای ئەو بوو بۆ جێبەجێکردنی وەھا مەودایەکی فراوانی دەربڕین.

کۆتا دیمەنی فیلمەکە بوو شینکایی خۆشحاڵ کرد کە ھەنازاوای ھەڵبژاردووە. شینکای دەیزانی کە کاتێک یوکاری گریا، دەبێت شتێکی کاریگەر بێت تا جەخت لەسەر ئازادییەکی ئێجگار زۆر لە ھەست و سۆز بکات. بە وتەی شینکای، مۆسیقا بەتەنیا نەیتوانی کاریگەریی پێویست بەرھەم بھێنێت، ھەنازاواش بەتەواوی و بەبێ ڕێنمایی جێبەجێی کرد. شینکای لە چاوپێکەوتنێکدا وتی، «باوەڕم بەوەیە کە بەتەنیا نواندنەکەی خاتوو ھەنازاوا لەو دیمەنە گریاناوییە فیلمەکە تەواو دەکات.» ئەم دیمەنەی کۆتایی، کە بەتەواوی و بە یەکەم جاری تۆمار کرابوو، ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگی لە بڕیاری ھەڵبژاردنی کەسایەتیی تاکاوۆ گێڕا. ھەرچەندە زۆرینەی ئەکتەرە دەنگییە ژاپۆنییەکان دەیانتوانی وێنەی کوڕێکی خۆشباوەڕی ١٥ ساڵە بکێشن، بەڵام شینکای یەکسەر زانیی کە تەنیا مییوو ئیرینۆ دەتوانێت ئەو ھەستە گەرموگوڕەی کە بۆ دیمەنەکەی کۆتایی پێویستە بەرھەم بھێنێت. ھەروەھا ئیرینۆ ڕۆڵی شون و شینی لە ئەو منداڵانەی کە دوای دەنگە ونبووەکان دەکەون کە فیلمێکی تری شینکایە گێڕاوە.

سەبارەت بە دۆبلاژە ئینگلیزییەکە، شینکای پێی وا نەبوو کە بتوانێت حوکم لەسەر جۆرێتیی نواندنە دەنگییەکە بدات چونکە نەیدەتوانی بە ئینگلیزیی خۆماڵی قسە بکات. بەھۆی ئەو کاردانەوانەی کە پێی گەیشتبوو، و لەبەرئەوەی دەیتوانی ھەست بە ھەست و سۆزی دەنگیی کەسایەتییەکان بکات، پێی وا بوو کە باش بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، وتی کە ئەزموونەکە بۆ بینەر جیاواز دەبێت و بڕیاری کۆتایی تەنیا لەلایەن بینەرانی ئینگلیزی–زمانەوە دەدرێت.

ماوە

باخچەی وشەکان کورتە، و ماوەکەی نزیکەی ٤٦ خولەکە، کە ئەم ڕەوتەش لە کارەکانی پێشتری شینکایدا بینراوە. ھەرچەندە لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ھێڵی ھەواڵی ئەنیمێ وتبووی کە حەزی لە دروستکردنی کورتەفیلمەکانە، و وتی کە لە بنەڕەتدا پلانی دانەنابوو تا فیلمەکە لە سینەماکان نمایش بکرێت. بەڵکوو، مەبەستی ئەوە بووە کە خەڵک ھەر وا لەسەر تابلێت، کۆمپیوتەر، و سینەمای ماڵەوە فیلمەکە ببینن. ھەرگیز ماوە لەسەرەتاوە دیاری نەکراوە، لەبری ئەوە جەخت لە پەیوەندییەکەی نێوان تاکاوۆ و یوکاری کراوە. ھەرچەندە پێشوەختە لە بەرھەمھێنانەکەدا زانرابوو کە فیلمەکە کورت دەبێت.

شینکای دانی بەوەدا نا کە ئەستەمە فیلمێکی ٤٦ خولەکی لە سینەماکان بفرۆشیت؛ لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر کەسی بوارەکە داوای کردبوو کە فیلمەکە لە سینەماکان و کۆبوونەوەکان نمایش بکرێت. لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لە ئەنیمێ ئێکسپۆ لە ٢٠١٣، نوێنەرێکی تۆھۆ، کە کۆمپانیای دابەشکار و بڵاوکەرەوەی فیلمەکە بوو، جەختی لەوە کردەوە کە باشیی چیرۆکەکە و ناوبانگی دەرھێنەرەکەی ڕۆڵی سەرەکییان لە بڕیاری ھێنانی بۆ سینەماکان ھەبوو.

مۆسیقا

لە فیلمەکانی پێشووی شینکای، مۆسیقاکە لەلایەن تێنمۆن بەرھەم ھێندراوە؛ بەڵام، مۆسیقای باخچەی وشەکان لەلایەن دایسوکێ کاشیوا بەرھەم ھێندرا. کاشیوا ھەواداری ٥ سانتیمەتر لە چرکەیەکدای شینکای بووبوو، و چەندین ئەلبوومی خۆیی بۆی ناردبوو. شینکای لەکاتی نووسینی سیناریۆکە گوێی لە ئەلبوومەکان گرت و دواتر ئەلبوومی ٨٨ی گۆرانییەکانی کاشیوای ھەڵبژارد تا بیکاتە بناغەی مۆسیقای فیلمەکە. شینکای لە چاوپێکەوتنێکدا وتی کە «جیاواز لە ئەنیمێیەکانی تر» مۆسیقاکە بەرپرسی سەرەکیی دروستکردنی فیلمەکە بوو.

ئاوازی گۆرانییەکە، «باران (Rain)»، لەلایەن سێنری ئۆی نووسرا و ئاوازی بۆ دانرا، و لە بنەڕەتدا گۆرانییەکی ژاپۆنیی ١٩٨٨ بوو. شینکای لەکاتی ئامادەبوونی لە زانکۆ، بەبەردەوامی چێژی لە گوێگرتن بۆ گۆرانییەکەی ئۆی وەرگرت، و لەبەرئەوەی یەک لە خاڵە سەرەکییەکانی فیلمەکە باران بوو، یەکەم گۆرانی بوو کە بە بیریدا ھات کاتێک کاری لەسەر بەرھەمھێنانەکە کرد. شینکای بەتایبەتی گۆرانییەکەی بەدڵ بوو چونکە ھۆنراوەکانی گۆرانییەکە وەک فیلمەکە ڕەنگدانەوەی ژیانی ڕۆژانە بوو. لە ٢٠١٣ گۆرانییەکە بۆ فیلمەکە نوێ کرایەوە، و لەلایەن مۆتۆھیرۆ ھەتا وترا. شینکای لە چەندین بۆنە چاوی بە ھەتا کەوت و تێبینی پێکچوونێکی لەنێوان جۆش و گوڕی ھەتا وەک پیشەورێک و کەسایەتیی تاکاوۆ کرد. پێیشی وا بوو کە دەنگی ھەتا گونجاو بوو چونکە بۆ ئەو «تەنیایییەکی بنچینەیی» لەخۆ گرتبوو، ھەروەھا «لە دەنگی کوڕێکی گەنجی نیگەران» دەچوو.

بابەتەکان

دڵتەنگیی تەنیایی حاڵەتێکی تەنیایییە کە خەڵک لە سەرەکیترین پێویستی بۆ ھاوڕێیەتی بێبەش دەکات. ناوبردنی باخچەی وشەکان بە چیرۆکێکی سادەی ڕۆمانسی بۆ لاوازکردنی تەواوی بابەتەکە، لابردنی گرنگیی پەیامەکە، و بچووککردنەوەی ئازاری ئەوانەیە کە وێنا کراون.

کازێ، بینیت دە تەینجڵس

دوو بابەتی باوی نێو فیلمەکانی شینکای، لەوانەش باخچەی وشەکان، ئەوینیی ناسک و ھەست و سۆزە درێژخایەنەکانن. سەرەڕای ئەوەش، سەرنجی ئەم فیلمە لەسەر «دڵتەنگیی تەنیایی» (کۆی) بە چەند شێوەیەک لێک درایەوە. بەپێی قسەی سینتیا وێب لە دە جاکارتا پۆست، تەنیایی لەکۆتاییی فیلمەکە دەبیندرێت، کاتێک تاکاوۆ فێر دەبێت کە مامەڵە لەگەڵ ڕۆیشتنەکەی یوکاری بۆ شیکۆکو بکات. لوک کاڕۆڵ لە ھێڵی ھەواڵی ئەنیمێ پێی وا بوو کۆتاییی وەرزی بارانبارین و ئەنجامی دابڕانەکە واتای «کۆی»یان دروست کرد.

کازێ لە بینیت دە تەینجڵس، ھەرچۆنێک بێت، لەگەڵ ئەم لێکدانەوانانەی کۆی و ئەو بۆچوونەی کە چیرۆکەکە «ئەوینیی تاڵ و شیرین» یان «چیرۆکێکی تری خۆشەویستی» بوو ڕازی نەبوو، و بەجێی ئەوە پێی وا بوو کە بابەتەکە نەناسراو بوو. بەجێی ئەوە، سەرنجی خستە سەر پێویستیی مرۆڤ بۆ یاوەری و لە یەک تێگەیشتن. کازێ ئاماژەی بەوە دا کە تاکاوۆ و یوکاری ھیچکامیان پەیوەندیی ماناداریان لەگەڵ ھاوتەمەن و ھاوڕێکانیان نەبوو، کە ئەمە ڕوانگەیەکە لەلایەن ڕەخنەگر برادلی ھێلستۆرم لە ھاردکۆر گەیمەر ھاوبەشیی پێ کراوە. پێکەوە بەھۆی گفتوگۆکانیان—لە «باخچەی وشەکان»یان—یاوەرێتییان دۆزییەوە: تاکاوۆ کەسێکی دۆزییەوە کە بتوانێت سۆز و خۆشەویستیی لەگەڵ بەش بکات، و یوکاری کەسێکی دۆزییەوە کە وەک کەسێک مامەڵەی لەگەڵ بکات. بەڵام، بەھۆی جیاوازیی تەمەنەوە، ئەم دۆزینەوە لەنێوان کەسایەتییەکاندا جیاوازیی ھەبوو. بۆ یوکاری، کەسێکی بەتەمەنتر و بەئەزموونتر، ھەستە بێھیوایییەکانی دڵتەنگیی تەنیاییی نەمان کە زانیی دەتوانێت پەیوەندی بە تاکاوۆوە بکات، کە وەک ئیلھامێکی ڕزگارکەری خۆیی بینی. بۆ تاکاوۆ، کوڕێک کە خێزان و ھاوڕێی بێپاڵپشتی ھەیە کە زیاتر لە ناسیاو دەچوون، ھەستی بە نەبوونی یاوەریی خۆی نەکرد تا ئەوکاتەی بەھۆی یوکارییەوە بۆی دەرکەوت، ھەستێکی نوێ کە بە ھەڵە بۆ خۆشەویستیی ڕۆمانتیک دەری بڕی بەڵام تەنیا دوای ئەوەی یوکینۆ ڕۆیشت، ھەستی بە سروشتی ڕاستەقینەی خۆی کرد. بە وتەی کازێ، «لەوانەیە خۆشەویستیی ڕۆمانتیک لە وەھا ھەستگەلێکەوە بێتە دی و خونچە بکات، بەڵام چیرۆکەکە دەربارەی ئەوە نییە». بەجێی ئەوە، ئەو خۆشەویستییەی ئەوان بەشیان کرد زیاتر بنەڕەتی بوو، کە بووە ھۆی بێبایەخکردنی جیاوازیی تەمەن. لەکۆتاییی فیلمەکەدا، ھەردوو کەسایەتییەکە لەڕێگەی نامەوە درێژەیان بە ھاوڕێیەتییەکەیان دا، بەڵام بەپێچەوانەوە و وەک خەڵک درێژەیان بە ژیانیان دا و ئەگەری دۆزینەوەی پەیوەندیی نوێشیان لەگەڵ خەڵکی تردا ھەیە. ئاواتەکە ئەوە بوو کە ڕۆژێک بتوانن یەک بگرنەوە و ھاوڕێیەتییەکەیان نوێ بکەنەوە «بەبێ ئەوەی پێویستییان بە گرتنە باوەشی یەکتر ھەبێت». ھەرچۆنێک بێت، ئەگەر بڕیاریان دابایە خۆیان لە باقیی جیھان داببڕن و پێکەوە لە باخچەکەی شینجوکو گیۆئین مابانایەتەوە، ئەوا «توانای ڕۆیشتنیان لەدەست دەدا.»

یەکێکی تر لەو بابەتانەی کە لەلایەن ھەڵسەنگێنەرانی فیلمەکە باسی لێوە کرا، باران یان ئاو بوو. بە وتەی سینتیا وێب، باران «ئاواتێکی وەدی نەھاتوو» دەنوێنێت لەکاتێکدا برادلی ھێلستۆرم ئاوی وەک سێیەم کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆکەکە بینی، کە تاکاوۆ و یوکاری ھەردووکیان پێکەوە کۆدەکاتەوە و ھێما بۆ نوێکردنەوەی ژیان دەکات. کازێ پێی وا بوو کە باران ھێمای بۆ حاڵەتە تەنیایییەکەیان کردووە، ھەرچەندە دانیشی بە وتەکەی شینکای نا کە باران خۆشەویستییەکی دەستبەسەردانەگیراو دەنوێنێت. دوای ئەو باسەی کە باران ھێمای بۆ حاڵەتە تەنیایییەکەیان کردووە، کازێ ئاماژەی بەوە دا کە تانکاکە تەنیا مەبەستێکی ڕۆمانسی نەبوو، بەڵکوو «پاڕانەوەیەکی سادە»ی یوکاریش بوو بۆ کەسێک تا لەگەڵی بمێنێتەوە، تەنانەت گەر ھەستیش بەتەنیایی نەکات، نەک تەنیا لە بەزەیی پێداھاتنەوە بێت.

برەوپێدان و بڵاوکردنەوە

یەکەم بڵاوکردنەوە

ئەنیمێکە لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ لە ژاپۆن کە بۆ نیوەی یەکەمی ٢٠١٣ خرایە بەرنامەوە، و نوێکردنەوەی ھەواڵەکانیش لە پەڕەی فەیسبووکی خۆی بەردەستن ڕاگەیەندرا. لە ٢٠ی شوباتی ٢٠١٣، کۆمپانیای بەرھەرمھێنانی فیلمەکە، کۆمیکس وەیڤ فیلمز، تڕەیلەرێکی لە یووتیووب کە بە چەند زمانێکیش ژێرنووس کرابوو بڵاو کردەوە و ڕایشی گەیاند کە فیلمەکە لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٣ لە ژاپۆن بڵاو دەکرێتەوە.

لە سەرەتای نیساندا، ئەوە ڕاگەیەندرا کە یەکەم بڵاوکردنەوەی جیھانیی فیلمەکە لە فێستیڤاڵی گۆڵد کۆست فیلم (GCFF) لە برۆدبیچ، کووینزلاند، ئوسترالیا بەڕێوە دەچێت. فیلمەکە بۆ کۆتاییی فێستیڤاڵەکە و کاتژمێر ٤:٠٠ی ئێوارە لە ٢٨ی نیسانی ٢٠١٣، کە فیلمەکە بەشێک بوو لە بەرەی 'کوول ژاپۆن' گۆڵد کۆست و بە میوانداریکردن و گفتوگۆکردن لەگەڵ شینکای خرایە بەرنامەوە. یەکەم بڵاوکردنەوەی فیلمەکە لە ئوسترالیا وەک ھۆیەک بۆ پێشاندانی قەدرزانینی ئوسترالیایییەکان بۆ پشتگیرییەکانیان میوانداری کرا. بە وتەی دەرھێنەری فێستیڤاڵی گۆڵد کۆست فیلم، فیلمەکە پێشەکی فرۆشراوە، و بۆ سینەمایەکی گەورەتر ڕاگوێزرا. سەرەڕای ئەوەی شینکای سەبارەت بە یەکەم بڵاوکردنەوەی جیھانی ھەستی بە نیگەرانی دەکرد، گفتوگۆیەکی لەسەر فیلمەکە کرد و داوای لە ھەمووان کرد کە تا دوای بڵاوکردنەوە ژاپۆنییەکەی مانگی داھاتوو چیرۆکەکە ھاوبەشی پێ نەکەن. بڕیار بوو شینکای بۆ ماوەی سەعاتێک پۆستەری فیلمەکە واژوو بکات، بەڵام بۆ ڕازیکردنی ڕێژەیەکی بەرزی ژمارەی ئامادەبووان دوو سەعات و نیو مایەوە.

دوای یەکەم بڵاوکردنەوە جیھانییەکە، بەڵام پێش یەکەم بڵاوکردنەوە ژاپۆنییەکە، پێنج خولەکی دەستپێکی فیلمەکە لە تیڤی تۆکیۆ و ئێن تیڤی لە ١٢ی ئایار پێشان درا. لە ٢٢ی ئایار، لە ھەژماری فەرمیی توویتەری شینکای ڕاگەیەندرا کە فیلمەکە لە ژاپۆن، ھۆنگ کۆنگ و تایوان لە ھەمان کاتدا پەخش دەکرێت و لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەکە لەسەر ئایتیوونسیش بەردەست دەبێت. سەرباری ئەوەش، بڵاوکردنەوە ژاپۆنییەکە نمایشکردنی کورتەفیلمێکی شینکای، دارێکا نۆ مانازاشیشی تێدایە، کە پێشتر لە ھەمان ساڵدا بڵاوکرابوویەوە. تا تشرینی یەکەم، ھەواڵی ئەوە بڵاوبوویەوە کە زۆرینەی سینەماکانی ژاپۆن نمایشکردنی فیلمەکەیان درێژ کردووەتەوە.

یەکەم بڵاوکردنەوەی فەرمیی باخچەی وشەکان بە زمانی ئینگلیزی لە سەنتەری کۆبوونەوەی لۆس ئانجلەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ٦ و ٧ی تەممووز وەک بەشێک لە ئەنیمێ ئێکسپۆ ٢٠١٣ نمایش کرا. سێنتای فیلمۆرکز میوانداریی فیلمەکەی کرد، و شینکای میوانە ڕێزدارە تایبەتەکەی پێشانگاکە بوو. بڵاوکردنەوە کەنەدییەکە لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەییی فیلمی فانتازیای ٢٠١٣ی مۆنتریال بەڕێوە چوو، کە فیلمەکە لە ٢٢ و ٢٥ی تەممووز نمایش کرا. دواتر فیلمەکە گەڕایەوە ئوسترالیا و شان بە شانی گۆست ئین دە شێڵ: ئاریس لە ڕیڵ ئەنیمێ ٢٠١٣ی مادمان ئینتەرتەینمنت نمایش کرا.

باخچەی وشەکان لە مۆسکۆ لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٣ نمایش کرا، و دوای ئەوە شینکای بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان دەرکەوت. شینکای لە یەکەم بڵاوکردنەوەی شانشینی یەکگرتووش ئامادە بوو، کە لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەم لەکاتی سکۆتلاند ڵەڤز ئەنیمێ ٢٠١٣ بەڕێوە چوو، کە پێکەوە لەگەڵ کارێکی پێشووی شینکای، ئەو شوێنەی لە ڕۆژانی سەرەتاماندا بەڵێنی پێ داین نمایش کرا. تا کۆتایییەکانی شوباتی ٢٠١٤، فیلمەکە لە ١١ وڵات نمایش کرا. لە ٢٠١٤، لە فێسیڤاڵی فیلمی ئیماجنی ئەمستەردام لە ناوەڕاستی نیسان، لە فێستیڤاڵی شتووتگارتی فیلمی ئەنیمەیشن لە کۆتایییەکانی نیسان، لە سینەماکانی ئیتاڵیا وەک بەشێک لە پڕۆژەی نیکسۆ ئەنیمێ لەگەڵ دارێکا نۆ مانازاشی لە ٢١ی ئایار، و لە فێستیڤاڵی فیلمی ژاپۆن لە سان فرانسیسکۆ (JFFSF) لە کۆتایییەکانی تەممووز نمایش کرا.

سینەما و میدیای ماڵەوە

فیلمەکە لە ھەمان ڕۆژی بڵاوکردنەوە سینەمایییەکەی، بە دیجیتاڵی لەسەر ئایتیوونس بڵاو کرایەوە، کە بۆ فیلمێک زۆر نائاسایی بوو. بێجگە لەوەش، دی ڤی دی و بلوڕەیەکە بەردەست خران لەکاتێکدا فیلمەکە ھێشتا لە سینەماکان بوو. لەگەڵ یەکەم بڵاوکردنەوە ژاپۆنییەکەی ٣١ی ئایار، بە دوای کەمتر لە مانگێک چاپەکانی دی ڤی دی و بلوڕەیەکەش لە ٢١ی حوزەیران لە ژاپۆن بڵاو کرانەوە. دی ڤی دییەکە لەگەڵ نامیلکەیەکی ١٦ پەڕی و نزیکەی ٣٠ خولەک تایبەتمەندیی زیادەی وەک خەڵات، کە وەشانێکی کورتی ھەندێک لە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ شینکای و دەستەی ئەکتەرانیشی تێدا بوو ھات. بلوڕەیەکەش ھەمان تایبەتمەندیی ھەبوو، بەڵام ئەم ٩٠ خولەکی لە تایبەتمەندییە زیادەکەی وەک خەڵات تێدا بوو، کە وەشانێکی درێژی چاوپێکەوتنەکانی لەخۆ گرتبوو.

لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٣، کۆمپانیای دابەش و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە، کۆمپانیای سێکشن ٢٣ و کۆمپانیای مۆڵەتدانەکە، کۆمپانیای سێنتای فیلمۆرکز وەرگرتنی مۆڵەتەکەیان و پلانی بڵاوکردنەوەی وەشانێکی دیجیتاڵی و دی ڤی دی و بلوڕەیەکەیان بە دوو زمان لە ئەمریکای باکوور لە کۆتاییی ئەو ساڵەدا ڕاگەیاند. دی ڤی دی و بلوڕەیەکە ھەردووکیان لە ٦ی ئابی ٢٠١٣ بڵاوکرانەوە. بلوڕەیەکە ١٠٨٠پیی ئەی ڤی سی(کۆدینگی ڤیدیۆی پێشکەوتوو)ی بە ڕێژەی دیمەنی ١٫٧٨:١ لە شاشەی فراوان و دەنگیی بەکۆدکراوی بە کۆدێکی بەفیڕۆنەدەری دی تی ئێس-ئەیچ دی ماستەر ئۆدیۆ بەکارھێنا. پێچانەوەی بلوڕەیەکە نە سندووقی تێدا بوو نە بەرگی دووڕوو.

بڵاوکردنەوەی دی ڤی دی و بلوڕەیەکان بۆ شانشینی یەکگرتوو لەلایەن ئەنیمێ لیمیتدەوە مۆڵەتیان پێ درابوو، کە لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ ڕاگەیەندرابوو. لەکاتی کۆبوونەوەکەی لوکا کۆمیکس و گەیمز لە ٢٠١٣، بڵاوکەرەوەی ئیتاڵی، داینت ڕای گەیاند کە مافی دابەش و بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی وەرگرتووە. بڵاوکەرەوەی ئوسترالیایی، مادمان ئینتەرتەینمنت دی ڤی دییەکەی لە ١٩ی شوباتی ٢٠١٤ بڵاو کردەوە. کۆمپانیا بڵاوکەرەوە فەڕەنسییەکە، کازێ دی ڤی دییەکی ئەڵمانی و ژاپۆنیی دۆبلاژکراوی لە ٢٨ی ئازاری ٢٠١٤ بڵاو کردەوە، کە کورتەفیلمی دارێکا نۆ مانازاشیشی تێدا بوو.

میدیا پەیوەندیدارەکان

مانگا و ڕۆمان

گونجاندنی مانگای چیرۆکەکە بە نیگارکێشی لەلایەن میدۆری مۆتۆھاشی لە گۆڤاری مانگانەی ئافتەنوونی سێینن مانگای کۆدانشا لە ٢٥ی نیسان بۆ ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ کرایە زنجیرە. بە گورزەیەکی یەک بەرگی لەلایەن کۆدانشا لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ بڵاو کرایەوە. لە شوباتی ٢٠١٤، کۆمپانیای بڵاوکەرەوەی ئەمریکای باکوور، کۆمپانیای ڤێرتیکاڵ لە کۆنگرەی ئەنیمێی کاتسوکۆن ڕای گەیاند کە مۆڵەتی مانگاکەی مۆتۆھاشیی پێ دراوە؛ وەرگێڕانە ئینگلیزییەکە لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ بڵاو کرایەوە.

لەگەڵ ئەوەی میدیا فاکتۆری دەستکاریکردنەکەی کردووە، شینکای خۆی چیرۆکەکەی بەڕۆمان کردووە، کە لە توویتەر چەندین وەڵامی بەدوای خۆیدا ڕاکێشا. بە شێوەی مانگانە لە ژمارەکانی ئەیلوولی ٢٠١٣ تا نیسانی ٢٠١٤ لە گۆڤاری داڤینچی بڵاو کرایەوە. تەواوی ڕۆمانەکە، کە دیمەنی نوێی لەخۆگرتبوو لە فیلمەکە یان بەشەکانی زنجیرەڕۆمانەکە نییە، کە لەلایەن کادۆکاوا شۆتن لە ١١ی نیسانی ٢٠١٤ بڵاو کرایەوە. لە ٦ی ئازاری ٢٠٢٠، یەن پرێس ڕای گەیاند کە مۆڵەتی بە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە لە ئەمریکای باکوور داوە، کە لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٠ بڵاو کرایەوە.

نواندنی سەر شانۆ

لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، ئەوە ڕاگەیەندرا کە کۆمپانیای شانۆییی ھوڵ ھاگ تێتەری بەریتانی سازدانی نواندنێکی سەر شانۆ بۆ فیلمەکە بەرھەم دەھێنێت. دوای پیشاندانی پێشەکییەک لە ١٥–١٦ی تەممووز، نواندنەکە لە پارک تێتەر لە فێنسبێری پارکی لەندەن لە ١٥ی تەممووز تا ١٥ی ئابی ٢٠٢٠ بەڕێوە چوو. نواندنەکە لە تۆکیۆ بە بەشداریی کۆمپانیای نێلکە پلانینگ لە بەرھەمھێنانەکەدا بەڕێوە چوو. نواندنەکە بە ئینگلیزی (و جارجاریش ژاپۆنی) و بە دەرکەوتنی «بووکڵەجووڵێن، جووڵە و ھونەری ڕووناکیخستنەسەر» جێبەجێ کرا. ئەلێکساندرا ڕاتەر دەرھێنەری نواندنەکە بوو، کە دەرھێنەری نواندنی سەر شانۆی شازادە مۆنۆنۆکێی ستۆدیۆکانی گێبڵیش بوو بۆ ھوڵ ھاگ تێتەر.

پێشوازیکردن

وەک زۆربەی فیلمەکانی تری شینکای، باخچەی وشەکان بەھۆی ئەو بارە دەروونی و زۆر سەختە کەسییەی، بۆ زۆربەی بینەرە ھەرزەکار و باڵغەکان بە شیاو دانرابوو. فیلمەکە لەگەڵ پێشکەشکردنی چەندین نمایشی درێژخایەنی سەر شاشە، بەسەرکەوتوویی بۆکس ئۆفیسی بڕی. لەبەر سەرکەوتنە سینەمایییەکەی، فیلمەکە بە یەکێک لە گەورەترین فیلمە زۆر سەرکەوتووەکانی شینکای دانرا. شینکای بە یەکێک لە باشترین فیلمەکانی خۆی دانا، و پێداچوونەوەکانی چیرۆکەکە بۆ ھەر جۆرە میدیایەک بەیەکسانی باش بوون. وەشانە دیجیتاڵییەکە تا کۆتایییەکانی ٢٠١٣، لە کۆگای ئایتیوونس بۆ فیلمە ڕۆژاوایی و ژاپۆنییەکان پلەی حەوتەمی گرت. لە ساڵی دوای بڵاوکردنەوە سەرەتایییەکەی، فیلمەکە لە بۆنە ناوخۆیی و جیھانییەکاندا بە ناسراوی مایەوە. سایتی ھەواڵ و پێداچوونەوەی ICv2، دی ڤی دییەکەی لەژێر «باشترینی ٢٠١٣: ئەنیمێ» پێڕست کرد.

ھەڵسەنگاندنەکان

لە ھێڵی ھەوڵی ئەنیمێ، لوک کاڕۆڵ ستایشی فیلمەکەی کرد و بە «چارەسەری بینایی» ناوی برد، بەڵام لە کورتیی ماوەی فیلمەکە دڵسارد بوو، و شێوازە نوێیەکەی ڕەنگکردنی شینکایی بە سەرلێشێوێن زانی. جۆن ھەیوارد بە جۆرێتیی دیمەنە جوانەکەی «ئەو وێنانەی کە وەک ڕاستی بوون»، بەتایبەتی ئەوانەی ناو شینجوکو گیۆئین سەرسام بوو. بەڕێوەبەری بەڕێوەبردن، بامبوو دۆنگ، فیلمەکەی بە «دیزایینکراوێکی جوان و بەئەنیمەیشنکراوێکی ورد، کە لە باشترین دیمەنە دڵڕفێنەکانی سروشتە» وەسف کرد. سەرەڕای کورتیی ماوەی فیلمەکە، کەچی بامبوو دۆنگ بە لەسەرخۆییی تەواوی چیرۆکەکە سەرسام بوو و ستایشی مۆسیقا و نیگارکێشییەکەشی کرد. بەتایبەتی، تێبینیی جوانیی تیشکدانەوەی ڕووناکییەکان، دیمەنی بارانەکان و گۆشەی کامێراکان کرد.

لە یوو کەی ئەنیمێ نێتوێرک، ئاندی ھانڵی ١٠/١٠ی دایە فیلمەکە، و بە «دیمەنی جوان و دڵڕفێن بە ھاوتاکردن لەگەڵ چیرۆکێکی کاریگەر» ناوی ھێنا. ئاندی سەرەڕای جیاوازیی تەمەن، ستایشی چوونەپێشی سروشتیی پەیوەندییەکەیانی کرد، و چێژی لە سۆزی خاڵی وەرچەرخانی چیرۆکی فیلمەکە بینی. ھانڵی پێی وا بوو کە باخچەی وشەکان «سەرنجدانێکی پتەوتر»ی لە ئەو منداڵانەی کە دوای دەنگە ونبووەکان دەکەون و کۆتایییەکی باشتری لە ٥ سانتیمەتر لە چرکەیەکدا ھەبوو، بەو ئەنجامەی کە تا ئێستا باشترین کاری شینکای بوو. دان ڕۆدس فیلمەکەی بە «گەڕانەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ دروستکردنی ماکۆتۆ شینکای» دوای ئەو منداڵانەی کە دوای دەنگە ونبووەکان دەکەون ناو برد، کە پێی وا بوو ھەوڵێکی شینکای بووە تا بە دڵسۆزی بۆ چاوەڕوانیی ئەگەری بوونە «ھایاو میازاکیی داھاتوو» بژیت. دان ستایشی فیلمەکەی بە جوانییەکەی، ڕۆمانسییەتەکەی، ھەنگاونانەکەی، و وردییەکەی کرد. ھەرچەندە پێی وا بوو کە کۆتاییی فیلمەکە درێژەپێدەری کۆتاییی ٥ سانتیمەتر لە چرکەیەکدا بوو، و بە سۆزێکی ئێجگار زۆر و پەلەپەل وەسفی کرد. سەرەڕای ئەوەش، ڕەخنەیەکی زۆری لە دۆبلاژە ئینگلیزییەکە گرت، کە پێی وا بوو کاریگەریی خراپی لەسەر ناوەڕۆک و دۆخە دەروونییەکەش ھەبوو.

ھەر دیمەنێکی شاکارە نوێیەکەی شینکای، باخچەی وشەکان دەکرێت بکرێتە چوارچێوەوە و لە پێشانگایەکی ھونەریدا ھەڵواسرێت … ئەگەر پێشتر ھیچ فیلمێکی ئەنیمێت نەبینیوە، ئەوا ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ تۆ تا خۆت نقووم بکەیتە ناو تەواوی ئەزموونی فیلمێکی نوێوە.

سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی گۆڵد کۆست فیلم، کەیسی مارشاڵ سیمەر

برادلی ھێلستۆرم لە ھاردکۆر گەیمەر ٤٫٥ لە ٥ی دایە فیلمەکە، و بە «ھەستێکی بەئازار و ھەستبزوێن» و «تاکە جوانترین فیلمی ئەنیمەیشن کە تا ئێستا دروست کرابێت» وەسفی کرد. سەرەڕای ماوەی فیلمەکە، ھێلستۆرم بەوە سەرسام بوو کە شینکای لە توانایدا بوو کە بینەرەکانی بە شێوەیەکی خێراتر و کاریگەرتر لە فیلمە درێژماوەکان بە کەسایەتییەکانییەوە گرێ بدات. ھێلستۆرم لەوە نیگەران بوو کە لەوانەیە ھەندێک لە بینەران پەیامە وردەکەی فیلمەکە لەدەست بدەن و وەک «چیرۆکێکی خۆشەویستی لەڕووی یاسایییەوە کە دەشێت ھەست بە کڵیشە یان تەنانەت بێنرخیش بکات» سەیری فیلمەکە بکەن. کۆرتیس ستۆون لە گیکنستاین ٥ لە ٥ی دایە فیلمەکە و پلەی یەکەمی لە پێڕستی خۆی بۆ پێنج باشترین فیلمی ئەنیمێی ٢٠١٣ پێ دا. کۆرتیس نەک تەنیا ستایشی نیگارکێشی و مۆسیقاکەی کرد، بەڵکوو بەتایبەتی ستایشی نواندنە دەنگییەکەی کرد، کە پێی وا بوو بۆ دیمەنی کۆتایی نموونەیی بوو. لیندای نێڵسن لە میدنایت ئای، فیلمەکەی لە ڕووی بەکارھێنانە شیعرییەکەی «لە شوێنە بە ڕواڵەت نەرم و سەرنجڕاکێشەکان» بە چرپەی دڵی ستۆدیۆکانی گێبڵی بەراورد کرد. لیندای بە دەنگ و نیگارکێشییەکە، بەتایبەتی دیمەنە فراوانەکەی بورجی دۆکۆمۆ لەگەڵ دیمەنە خۆراوابوونەکەی پشتەوە سەرسام بوو. سەرەڕای ئەوەش، ڕەخنەی لە «زیادەڕەویکردن لە دیمەنە فرمێسکاوییەکەی خاڵی وەرچەرخانی چیرۆکەکە»، ئاوازە بەسۆزەکەی گۆرانییە پۆپەکە، و نەبوونی ڕەنگدانەوەی بێدەنگی گرت.

ئەندروو ھامڵین لە ڕۆژنامەی ھەفتانەی ئاسیای ڕۆژھەڵاتی ناوین لە ٤ ئەستێرە ٣٫٥ی پێی دا، و چەپڵەی بۆ بەکارھێنانە شاعیرانەکەی سروشت لێ دا لەکاتێکدا ڕەخنەی لە کورتیی فیلمەکەش گرت. تروونگ ڕوویش لە تویچ فیلم ستایشی کارە ھونەرییەکەی کرد و پێی وا بوو فیلمەکە «ھەست و سۆزی پاک و ڕاستگۆ»ی نیشان دا. تروونگ بەھۆی کۆتایییە یەکجار بەسۆزەکەی، فیلمەکەی بە «پاک و دڵڕفێن، و کەمێکیش خراپ» وەسف کرد. سام لە ئۆتاکووئس ستەدی، نێگەتیڤ ئەی(A-)ی دایە فیلمەکە، و بە «چیرۆکێکی خۆشەویستیی زیندوو» وەسفی کرد و ستایشی نواندنە دەنگییە ژاپۆنییەکە و مۆسیقاکەشی کرد. ئاڵن موودی لە تی.ئێچ.ئی.ئێم. ئەنیمێ ڕیڤیووس ستایشی کارە ھونەرییەکەی کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە عەیبەکانی فیلمەکەی داپۆشیوە، کە ئەو پێی وا بوو کورتیی ماوەکە و چیرۆکە پەرەنەسەندووەکە بوون. کریس بێڤریج لە دە فاندم پۆوست ستایشی کارە ھونەرییەکەی کرد، بەڵام پێی وا بوو کە چیرۆکەکە لاواز بوو، و ئاماژەی بە سادەییی چیرۆکەکە، کۆتایییە کتوپڕەکە، و شەرمەزاریی جیاوازیی تەمەنی نێوان دوو کەسایەتییە سەرەکییەکە کرد. ئامی وۆنگ، نووسەری یام، فیلمەکەی بە «چیرۆکی تەنیایی و دڵتەنگییەک کە پێش خۆشەویستی دێت» ناو ھێنا. ئامی بە باشترین تایبەتمەندیی خۆی ستایشی ئەنیمەیشنەکەی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا چێژیشی لە خێرایییەکەی بینی، ھەرچەندە خاڵی وەرچەرخانی چیرۆکەکەی بە زیادەڕەوی بینی. ئاکومیتسوو لە ئەنیمێ ئی مانگا پێی وا بوو کە دەکرا فیلمەکە ببێتە شاکارێک، بەڵام پێی وا بوو چیرۆکەکە زۆر سادە بوو، فیلمەکە زۆر کورت بوو، و دەرەنجامەکەش بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو ئاشکرا بوو.

کریس بێڤریج لە دە فاندم پۆوست بلوڕەیەکەی ھەڵسەنگاند، و ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆکە لە سەرتاپای تەواوی پلەیباکەکە «ڕوون و ئاشکرا» بوو، و ڤیدیۆ ئێچ دییەکەی وەک شتێک کە شایەنی پیشاندانە وەسف کرد. پێیشی وا بوو سیدییەکە ژمارەیەک شتی زیادەی دادی لە بڵاوکردنەوە خێراکە لەخۆگرتبوو. مات ھنریکس لە دی ڤی دی تۆک پێی وا بوو ڤیدیۆکە گواستنەوەیەکی بێخەوشی لە دیجیتاڵییەوە بۆ بلوڕەیەکە کردووە، کاریگەرییە دەنگییە ئەتمۆسفێرییەکان «بەوردی و وەستایانە» دروست کرابوون، و پێی وا بوو کە گفتوگۆکەی کەناڵە ناوەڕاستەکە ڕوون بوو. دان ڕۆدس لە یوو کەی ئەنیمێ نێتوێرک، ٩ لە ١٠ی دایە دی ڤی دییەکەی ئەنیمێ لیمیتد، و بە «بڵاوکردنەوەی سەرەکی» ناوی ھێنا، سەرەڕای ئەوەش ستایشی ئەوەی کرد کە بە ھەردوو دێو کار دەکات.

سەردار یێگولالپ لە ئباوت.کام ڕیڤیوس، وتی: «کورتەفیلمێکی سەرنجڕاکێشە کە بۆ ڕاکێشانی ھەست و سۆزەکان تا چاوەکان پڕ دەکات دروست کراوە.»

خەڵات و پێزانینەکانی تر

ستافی کۆگای ئایتیوونس نەک تەنیا باخچەی وشەکانیان پێشنیار کرد، بەڵکوو وەک باشترین ئەنیمەیشنی ساڵ لە باشترینی ٢٠١٣ی ئایتیوونسیش ھەڵبژێردرا. باخچەی وشەکان سەرەڕای ستایشە یەکجار زۆرەکەی ئایتیوونس، خەڵاتی فیلمی سینەماییی کۆبیی ساڵی ٢٠١٣شی بردەوە. لە فێستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەییی فانتازیای ٢٠١٣، خەڵاتی ساتۆشی کۆنی بۆ دەستکەوتی ئەنیمەیشن لەگەڵ برزرک: سەردەمی زێڕینی ئارک – داخزان لەکاتی بردنەوەی خەڵاتی بینەر بۆ باشترین ئەنیمەیشنی ھەڵبژێردراو بەش کرد. لە فێستیڤاڵی شتووتگارتی فیلمی ئەنیمەیشنی ٢٠١٤، خەڵاتی ئەنیمووڤیی بۆ فیلمی تایبەتمەند بردەوە.

ستۆریبۆردەکان، نیگارکێشییە ڕەسەنەکە، و کەرەستەکانی تری باخچەی وشەکان لەنێوان ٢٨ی حوزەیران بۆ ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لە مۆزەخانەی ئووکا ماکۆتۆ کۆتۆبا لە ویلایەتی میشیما، شیزوئۆکا نمایش کران. مۆزەخانەکە لەلایەن کۆمپانیای زی-کای بەڕێوە دەبرا، ھەروەھا کرۆس ڕۆد (کە کورتەفیلمێکی بازرگانیی شینکایە و بۆ کۆمپانیای زی-کای دروست کرابوو)، لەپاڵ ئەو و پشیلەکەی و ٥ سانتیمەتر لە چرکەیەکدا نمایش کرا. بێجگە لە نمایشکردنی کەرەستە و دیمەنەکانی فیلمەکە بۆ ھەریەک لەو کارانە، نموونەیەکی ئەو پێڵاوانەشی کە تاکاوۆ دیزایینی کردبوون لە نمایشکردنەکەدا بوو.

تێبینییەکان

سەرچاوەکان

میدیا ئاماژەپێکراوەکان

بەستەرە دەرەکییەکان

This article uses material from the Wikipedia Soranî / کوردی article باخچەی وشەکان, which is released under the Creative Commons Attribution-ShareAlike 3.0 license ("CC BY-SA 3.0"); additional terms may apply (view authors). ناوەرۆک لەبەردەستە لەژێر CC BY-SA 4.0دا، مەگەر پێچەوانەی وترابێ. Images, videos and audio are available under their respective licenses.
®Wikipedia is a registered trademark of the Wiki Foundation, Inc. Wiki Soranî / کوردی (DUHOCTRUNGQUOC.VN) is an independent company and has no affiliation with Wiki Foundation.

Tags:

باخچەی وشەکان چیرۆکباخچەی وشەکان کەسایەتییەکانباخچەی وشەکان بەرھەمھێنانباخچەی وشەکان بابەتەکانباخچەی وشەکان برەوپێدان و بڵاوکردنەوەباخچەی وشەکان میدیا پەیوەندیدارەکانباخچەی وشەکان پێشوازیکردنباخچەی وشەکان تێبینییەکانباخچەی وشەکان سەرچاوەکانباخچەی وشەکان بەستەرە دەرەکییەکانباخچەی وشەکان

🔥 Trending searches on Wiki Soranî / کوردی:

مافەکانی مرۆڤمەلا عەبدولکەریم مودەریسئەحمەد جۆڵاسۆسیالیزمڕۆژنامەی ژینسخعەرەبدەستپێکزارەکانی زمانی کوردیخولی پلەیەکی کوردستانپۆرن ھابشێخ سەعیدمەسروور بارزانیدەوڵەتی ئەمەویقەندیلمەم و زینشێرپەنجەی خوێنسمکۆمۆرپێنجوێنکانزاقەزای کەرکووکلەیلا قاسمخولی پاڵەوانەکانی ئەورووپادەریاڕۆمانئەنجام شەوالیپێکەنینکاردانەوەی کیمیاییشەووالقەزای شارباژێڕکارڵ مارکسستیڤن ھۆکینگشۆڕشەکانی ١٨٤٨خولی نایابی فەرەنسیئەڵمانیاگوندەروونناسیکۆئەندامی زاوزێی نێرینەمووساپەپوولەچاکەدەشتیڕەواندزشیعروزەکێرئازادیی دەربڕینھەورامانکامەران موکریکار (ڕێزمان)لویس سوارێزمێژووگەشبینیقەڵای سارتکەمیا خەلیفەنەجمەدین مەلایۆنانکۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانئیمپراتۆریەتیی ساسانیکتێبە پیرۆزەکان لە ئیسلامداسیکس ناینتاڤگەی گەلیی عەلی بەگماوسمەسعوود محەممەدجامی کیشوەرەکانی فیفانزار قەبانیپیانۆپیسبوونی ژینگەئیبن تەیمیەکۆنفیدراڵینۆیەمین کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانئاشتیفەرموودەی سەحیحخاک🡆 More